قەندیل پرێس- هەولێر
ئەمرۆ ڕۆژی یەكشەممە 8ـی شوباتی 2026 لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لە نێوان مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و تۆم باراك نوێنەری سەرۆكی ئەمریکا بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا گفتۆگۆ دەربارەی دۆخی سوریا و رۆژئاوای کوردستان کرا.
دەقی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی:
ناوەڕۆكی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆك بارزانی و نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا
ڕۆژی یەكشەممە 8ـی شوباتی 2026 پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و بەڕێز تۆم باراك نوێنەری سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا ئەنجام درا.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە بە گشتی و دوایین پەرەسەندن و گۆڕانكارییەكانی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا. هەردوولا هاوڕا بوون لە پێویستی بەردەوامی گرتنەبەری هەموو هەنگاوێك بۆ ئەوەی ڕێگە لە پشێوی و ئاڵۆزی و شەڕ بگیرێت و ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە جێگیر ببێت.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا هەردوولا دەستخۆشیان لەیەكتری كرد بۆ ئەو ڕۆڵە كاریگەرەی كە لە بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا گێڕاویانە. هەروەها سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ ڕۆڵی ئەمەریكا، جەختی لە بەردەوامیی هاوپەیمانێتی نێوان گەلی كوردستان و ئەمەریكا كردەوە.
قەندیل پرێس