فەرماندەی گشتیی هێزەکانی قەسەدە ڕایگەیاند، ماوەی چوار ڕۆژە دەوڵەتی تورک بە دڕندانە هێرشمان دەکاتە سەر، گەر کۆتاییان پێنەیەت، ئەوا ئاستی چالاکییە وەڵامدانەوەکانمان بەرزتر دەکەینەوە، دەشڵێت: هیچ پەیوەندییەکمان بە چالاکییەکەی ئەنقەرەوە نییە.
لە بارەی هێرشە چڕەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات-قەسەدە، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە سەرەتا پەیامەکەدا مەزڵوم عەبدی دەڵێت: گەلی بەڕێز و دۆستانی هێژامان ماوەی چوار ڕۆژە دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە و ناڕەوا، هێرش دەکاتە سەر ناوەندە خزمەتگوزارییەکان و پەیوەندییدارەکانی سەربە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و هاوڵاتییانی مەدەنی، لەو هێرشانەدا تا ئستا ١٧ کەس شەهیدبوون کە تەنها دوو دانەیان سەربازن، هەروەها ٤٩ کەس بریندار بوون کە نۆیان سەربازن وەک تر هەموویان هاوڵاتیی مەدەنین، سەرەخۆشی ئاراستەی کەسووکاری شەهیدان دەکەین و هیوای باشترین تەندرووستی بۆ بریندارەکان دەخوازین.
ئەوەشی خستەڕوو، ماوەی پێنج ساڵە دەوڵەتی تورک دەیەوێت هاوشێوەی هەندێک ناوچەی دیکە هەرێمەکانمان داگیربکات، تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوو و ناشبێت، بۆ ئەوەی ئارامیی و ئاسایشی هەرێمەکانمان تێکبدات بەو شێوەیە هێرش ئەنجام دەدات، ئامانجی لەو هێرشانەش ئەوەیە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی نەهێڵێت و پێگەکەمان لاواز بکات و گەلەکەمان ناچاری کۆچبەربوون بکات.
باسی لەوەشكرد، ئەم هێرشانەی کە دەکرێتە سەر هەرێمەکانمان پەیوەندی بە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕووسیایشەوە هەیە، ئەو هەڵوێستانەی کە تا ئێستا نیشاندراون بەس نییە، بەڵکو پێویستە ئەرکی خۆیان پێکبهێنن و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بووەستێنن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا فەرماندەی گشتیی قەسەدە دووپاتیکردەوە، دەوڵەتی تورک هێرشەکانی بە چالاکییەکەی ئەنقەرەوە گرێدەدات و دەڵێت ئەوانەی چالاکییەکەیان کردووە لە خاکی سووریاوە دەربازی تورکیا بوونە، دڵنیایی دەدەم کە هێزەکانی ئێمە هیچ پەیوەندییەکیان بەو چالاکییەوە نییە و هیچ چالاکوانێک لە سووریاوە دەربازی خاکی تورکیا نەبووە، تورکیاش ناتوانێت ئەوە بسەلمێنێت.
وتیشی: وەک فەرماندەیی قەسەدە بڕیارمان ئەوەیە کە لەسەر خاکی تورکیا هیچ چالاکییەک ئەنجام نادەین، گۆرەپانی سەربازییمان تەنیا خاکی سووریایە، زۆرجار دووپاتمان کردووەتەوە کە کێشەکانمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە و بە تایبەتتر تورکیا بەڕێگەی دانووستاندن و گفتوگۆ چارەسەر بکەین، بەڵام ئەم هێرشانە و درێژە پێدانی دەبێتە مەترسیی لەسەر هەوڵدانەکانی ئێمە بۆ دانووستاندن و گفتوگۆ.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەگەر ئەم هێرشانە بەو شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا ئێمەش ئاستی چالاکییە وەڵامدانەوەکانمان بەرزتر دەکەینەوە.
پەیامیشی بۆ گەل دا و وتی: بە گەلەکەمان دەڵێم گوێ بە پڕوپاگەندەی ڕەش نەدەن کە ڕەوایەتی بەم هێرشانە دەدەن، ئەوانە پڕوپاگەندەی دوژمنە، گەلەکەمان با تێکۆشانی خۆی زیاتر بکات و هەڵوێستی مڕۆڤایەتییەکانی خۆیان بۆ ئاشتیی بەهێزتر بکەن، دڵنیایش بە گەلەکەمان دەدەم وەک هێزەکانی سووریای دیموکراتیش بۆ ئەوەی ئەم هێرشانە کۆتاییان پێ بێت و گەلەکەمان بپارێزین چی لەدەستمان بێت دەیکەین.
قەندیل پرێس