عه‌مار گوڵی: من پێم وایە هێشتا وتووێژەکان لە ئاستی پێویستدا نین و لایەنی کوردی لە نیەت و پرۆژەی دەوڵەت دڵنیا نییە

عه‌مار گوڵی ده‌ڵێت: ” لایەنی کوردی ئێستا مەسەلەی کورد لە چوارچێوەی تورکیا ناخوێنێتەوە، پرسی کورد پرسێکی هەرێمییە و هەر لایەنێک کە نییەتی چارەسەر کردنی هەیە دەبێ ئەم پرسە لەسەر ئاستی هەرێمەکە بگرێتە دەست و پرۆژەکەی پێش بخات، بۆیە پەکەکەش چاوەڕێیە بزانێ ئاخۆ دۆکتۆرینی تورکیا بۆ کۆی گشتی پرسەکە چییە.”

قه‌ندیل پرێس: بەپێی ئەو زانیاریانەی کە هەتا ئێستا بڵاو کراونەتەوە، گفتۆگۆیەک لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و عەبدوڵا ئۆجالان ڕوویداوە ، باسیش لەوە دەکرێت کە ئۆجالان لەگەڵ سەرکردایەتیی پەکەکەیش گفتۆگۆی کردووەو هەروەها دیدارێک لە ئێمراڵی ڕوویداو ئۆجالان پەیامێکی کورتی بۆ ڕای گشتیی هەنارد، ئایا بەڕێزتان وەک ڕۆژنامەنووسێک زانیاریی زیاترتان لەم بارەوە هەیە و گفتۆگۆکان لە چ قۆناغێکدان؟

عه‌مار گوڵی: سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەرجۆرە وتووێژێک زانیاریەکی زیاتر یان تایبەتم پێ نییە، بەڵام وتووێژێ لەو چەشنە نامۆ نین و تەنانەت بەدرێژایی دووساڵی ڕابردوو چەندین جار ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ وتووێژی لە نێوان لایەنی کوردی و دەوڵەتی ئاک پارتیدا بووە. بەتایبەت پێش هەڵبژاردنی پارلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار لە ساڵی ڕابردوودا. من پێم وایە هێشتا وتووێژەکان لە ئاستی پێویستدا نین و لایەنی کوردی لە نیەت و پرۆژەی دەوڵەت دڵنیا نییە بۆیە ئێمە کەشووهەوایەکی دڵخۆشکەر بەنیسبەت پارتی کرێکارانی کوردستان و تەنانەت خۆدی بەڕێز ئۆجەلان نابینین.

قه‌ندیل پرێس: بەڕای جەنابتان چ گۆڕانێک ڕوویداوە کە ئەم گفتۆگۆیانە لەم کاتەدا دەستیپێکرد و ئامانجی دەوڵەتی تورکیا چییە؟

عه‌مار گوڵی: گۆڕانکاری لەسەر ئاستی هەرێمی ڕۆژئاوای ئاسیا و ناوخۆی تورکیا زۆر هاتووەتە ئاراوە کە توانای گۆڕانکاری بنەڕەتییان هەیە. بەڵام هۆکاری سەرەکی دەستپێکردنەوەی وتووێژی ئاشتی بە بڕوای من هەم ناکۆکیە ناوخۆییەکانی تورکیایە و هەمیش پلانی ئاک پارتی بۆ گۆڕینی دەستووری بنەڕەتی. هەروەک ئاگادارن ئەردۆغان بۆ جاری سێهەم ئەیەوێت ڕێفراندۆمی گۆڕینی دەستووری بنەڕەتی بەڕێوە ببات. ئەگەر هەلوومەرجی ئێستای تورکیا بگرینە بەرچاو ئاک پارتی و هاوپەیمانەکەی بەتەنیایی توانای بردنەوەی ئەم یاریە نین و بەبێ یارمەتی لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆن پرۆژەکەیان شکست ئەهێنێت. بۆیە دیسان ڕوویان لە کورد کردووەتەوە تا یارمەتیدەریان بن لە گۆڕینی دەستوور و زەمینە خۆش کردن بۆ ئەردۆغان تا دەورێکیتریش بتوانێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار هەڵبژێرێتەوە.
هەندێ هۆکاریتریش هەن کە ناکرێت باسیان نەکەین، بۆ نموونە هۆکاری هەرێمی. ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە و بەهێزتر بوونی ڕەکابەرەکانی تورکیا لە ڕۆژئاوای ئاسیا دەتوانێت هاندەرێک بێ بۆ ئانکارا تا ئەم خاڵە لاوازەی بە ئاڕاستەیکدا ببات کە نەبێتە سەرئێشەیەکی گەورەتر. تورکیا و ناتۆ لەڕووی هەرێمیەوە پێگەیان بەنیسبەت بەرەی ئێران و ڕووسیا لاوازتر بووە جا بۆیە بەردەوامی بوونی قەیرانی پرسی کورد لە تورکیا و دۆکتۆرینی ئانکارا بەگشتی دەتوانێت یاریەکە دژ بەوان بکاتەوە، لەو سونگەیەوە کە سیاسەتی لایەنی کوردی لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان هێشتا خۆی بەتەواوەتی یەکلا نەکردووەتەوە دەکرێ وای بۆ بچین کە دەستپێکردنەوەی ئەم وتووێژانە هەوڵێکە بۆ ڕاکێشانی لایەنی کوردی بۆ بەرەی ناتۆ لە ناوچەکە.
خاڵێکیتریش کە باس ئەکرێت و من زۆر بە واقعیانەی نازانام ئەوەیە کە ئەردۆغان ئەیەوێت پێش خانەنشین بوونی بە چارەسەر کردنی پرسی کورد بەوجۆرەی کە پێش هاتنە سەر دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٠٢ وەعدی دابوو کارنامەی خۆی سپی بکاتەوە و خۆی وەک ڕزگاریکەرێک لەقەڵەم بدات.

قه‌ندیل پرێس: دەوڵەتی تورکیا لە لایەک دەستپێشخەریی گفتۆگۆکانی کردووە لە لایەکی دیکە سیاسەتی قەیۆم و بۆردوومانی ڕۆژئاوا و باشوور پەیڕەو دەکات، چ خوێندنەوەیەکتان بۆ ئەمە هەیە؟

عه‌مار گوڵی: وەک پێشتریش ئاماژەم پێ کرد وتووێژەکان هێشتا نەگەیشتوونەتە ئاستێک کە دوو لایەنەکە بەکارهێنانی ئامرازی سەربازی دژی یەکتر ڕاوەستێنن. وەک بینیمان هەپەگە سەرەڕای هەبوونی کەشووهەوایەکی دڵخۆشکەر هێرشی کردە سەر ناوەندی پیشەسازی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئانکارا. بەڕێز ئۆجەلانیش هەر هەمان ڕۆژ لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا وتووێژەکان لە ئاستی پێویستدا نین و دەبێ دەرفەتی زیاتریان بۆ بڕەخسێت. جا بۆیە لەکاتی وەهادا هەردوو لایەن بۆ سەپاندنی خواستەکانیان زیاتر لە هەرکاتێک گوشار دەخەنە سەر لایەنی بەرانبەر، بۆیە تورکیاش دیسان گوشارەکانی زیاتر کردەوە تا لایەنی کوردی قایل بە مەرجەکانیان بێت. سیاسەتی قەیووم و چڕ بوونەوەی کاتی هێرشەکانیش لەو چوارچێوەیەدا دەبینم.

قه‌ندیل پرێس: هەڵوێست و کاردانەوەی پەکەکە لە بەرانبەر ئەم گفتۆگۆیانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
عه‌مار گوڵی: پەکەکە بەنیسبەت ئەم وتووێژانەوە زۆر خوشبین نییە، ئەمە دەکرێت لە دووتۆی ئەو زمانەوە کە سەرکردایەتی ئەو حزبە بەکاری دێنێت بخوێنرێتەوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە تا ئێستا چەندین جار هەنگاوی هاوشێوە هەڵێنراوە. لە ساڵانی سەرەتای دەسبەکاربوونی ئاک پارتی، دەوڵەت وەڵامی بۆ نیەت پاکی پەکەکە لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاک لایەنە و کراوە بووةی بۆ وتووێژ دەرکردنی قانوونی “پەشیمانی” بوو. دواتر لە ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١ سەرەڕای کەشووهەوای لەبار و ڕێکەوتن و وتووێژ لە ئۆسلۆ، دەوڵەت لەترسی دۆڕانی هەڵبژاردن و ناکۆکی لەگەڵ گولەنیستەکان وتووێژەکانی هەڵپەسارد و شەڕ دەستیپێکردەوە. لە ٢٠١٥ بەهامن شێوە سەرەڕای بیانووی ناڕاست ئەردۆغان لەبەر دۆڕانی لە هەڵبژاردن و ڕێکەوتنی دۆڵمە باخچە شەڕێکی هەمەلایەنەی ڕاگەیاند. بە درێژەی ساڵانی دوای ٢٠١٥ەش سیاسەتی قڕ کردن لە هەموو لایەکەوە دژی کورد پەیڕەو کراوە و کورد وەکوو بوونێکی مەترسیدار دەبینرێت کە دەبێ لە هەموو شوێنێک بەرەنگاری ببنەوە چ لە باکوور و ساحەی سیاسەتی فەرمی و قانوونی، چ لە رۆژئاوا و باشوور وەکوو مەترسیەکی دەرەکی. بۆیە بە ڕەچاو کردنی ئەم ڕاستیانە لایەنی کوردی لە نیەتپاکی ئانکارا دڵنیا نییە. وەک بەڕێز قارایلانیش ئاماژەی پێ داوە وا دەر ئەکەوێت کە تورکیە بەنیازی زیندوو کردنەوەی ڕێچکەی سیاسی تورکە گەنجەکانە لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوو و سیاسەتی ئێستا زۆر لەگەڵ بانگەشەی گەڕانەوە بۆ میساقی ملی تەبا نییە.
لایەنی کوردی ئێستا مەسەلەی کورد لە چوارچێوەی تورکیا ناخوێنێتەوە، پرسی کورد پرسێکی هەرێمییە و هەر لایەنێک کە نییەتی چارەسەر کردنی هەیە دەبێ ئەم پرسە لەسەر ئاستی هەرێمەکە بگرێتە دەست و پرۆژەکەی پێش بخات، بۆیە پەکەکەش چاوەڕێیە بزانێ ئاخۆ دۆکتۆرینی تورکیا بۆ کۆی گشتی پرسەکە چییە.

قه‌ندیل پرێس: شکست یان سەرکەوتنی ئەم گفتۆگۆیانە چ کاریگەریەکیی لەسەر دۆزی کورد بە گشتیی و لەسەر باکوور بە تایبەتی دەبێت؟

عه‌مار گوڵی: وەڵامدانەوە بەم پرسیارە ڕاستیەکەی زۆر زەحمەتە. من پێم وایە پرسی کورد لە پرسێکی ناوخۆیی پەلی هاوێشتووە و بووەتە پرسێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی کە چەندی زلهێزی ناوچەیی و جیهانی بەخۆیەوە مەشغووڵ کردووە. بەجۆرێک هەر هەنگاوێکی ئەرێنی و نەرێنی بەنیسبەت پرسی کوردەوە بۆ نموونە لە باکوور یان باشوور بەشێوەیکی ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر رۆژئاوا و رۆژهەڵات و هاوکات سیاسەتی دەرەکی و ناوخۆیی ئەو وڵاتانە و هەروەها چۆنیەتی هاوئاهەنگییان لەگەڵ زلهێزەکانی دیکە. هەر بۆیە ئەم پرسە بەنیسبەت ساڵانی پێش شەڕی عراق لە ٢٠٠٣ زۆر زۆر ئاڵۆزتر بووە کە ناکرێت تەنیا بە ڕێگەی چەند پەیمانێکی هەرێمی وەک سەدەی ڕابردوو سەرکوت یان بێدەنگ بکرێت. کەواتە شکست یان سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەپۆلێکیتری سیاسی کە دەتوانێت ئاڵۆزیەکان لە هەرێمەکە زیاتر یان کەمتر بکاتەوە، یان تەنانەت بەنیسبەت ناوچەیەکەوە زیاتری بکات و لە ناوچەیەکدا کەمتر. بە ڕەستەیەک ئەگەر کۆتایی پێ بێنم من پێم وایە ئاڵووگۆڕەکان بەندە بەوەوە کە کورد چۆن لە نێو دوو بەرەی سەرەکی لە ناوچەکەدا سیاسەت ئەکات و خۆی لە کوێ ئەبینێتەوە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

د. هاشم زێباری: کلیلەکانی ئابووری عێراق لە دەستی هەرێمی کوردستاندایە

وتووێژی “قەندیل پرێس” لەگەڵ دکتۆر هاشم زێباری، مامۆستای زانکۆی جیهان و سیاسەتمەداری کورد، لەبارەی کاریگەری …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *