شەوى ڕابردوو لە سلێمانی چی ڕوویدا؟

دواى ئەوەى هێزە ئەمنییەکانى سلێمانى فەرمانى دەستگیرکردنى لاهور شێخ جەنگی و چەند کەسێکی دیکەیان لە لالەزار پێگەیشت، دەستیان کرد بە گرتنەبەرى ڕێکارى ئەمنى توند، سەرەتا سەرجەم بازگەکانى سلێمانییان کۆنترۆڵ کرد و هێزێکى زۆرى ئەمنی گەمارۆی لالەزار درا، دەرئەنجام پاش سێ کاتژمێر ڕووبەڕووبوونەوە و پێکدادانی توند لاهور شێخ جەنگی و دوو برای دەستگیر کران.

پانۆڕامای دەستگیرکردنەکە چۆن بوو؟
ئێوارەی دوێنێ، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هەریەک لە بازگەکانی (کەڵەوانان، تاسلوجە، مێرگەپان، سیتەک و عەربەت)ـیان داخست، بەهۆیەوە هەزاران ئۆتۆمبێل گیریان خوارد، لە هەمان کاتدا هێزە ئەمنیییەکان گەمارۆی هۆتێل لالەزار و گردی سەرچناریاندا، کە لە دوای ڕووداوەکانی ٨ـی تەمووزی ٢٠٢١، هۆتێل و گردەکە بووە شوێنی مانەوەی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و براکانی.
دوای گەمارۆدانی لالەزار، هێزە ئەمنییەکان داوایان لە لاهور شێخ جەنگی کرد کە خۆی ڕادەستبکات، بەڵام لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە لاهور ڕایگەیاند، فەرمانی دادوەرمان پێ نەگەیشتووە، بۆیە هەر هێزێک نزیکی ماڵەکەم ببێتەوە خۆی بەرپرسیار دەبێت.
بارودۆخ تا دەهات ئاڵۆزتر دەبوو و هێزی زیاتر لە دەوروبەری لالەزار کۆدەکرایەوە، لەلای دانیشتوانی سلێمانی بە تەواوی هەست بە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە و پێکدادان دەکرا، بەشێک لە حزبە سیاسییەکانی عێراق هۆشدارییان دا و داوایان کرد دۆخی ئارامیی سلێمانی بپارێزرێت، بەڵام هەوڵەکان زۆر سنووردار مانەوە و فیشەک لە چەکەکانەوە تەقێندرا.
درەنگانێکی شەو، حاکم سەڵاح حەسەن، وتەبێژی دادگای سلێمانی بە میدیاکانی ڕاگەیاند: لە دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی بەپێی مادەی ٥٦ فەرمانی دەستگیركردن بۆ لاهور شێخ جەنگی دەرچووە، كە ماددەکە تایبەتە بەوەى (كۆمەڵێك كەس یەكبگرن بۆ تێكدانی ئەمن و ئاسایشى وڵات).
کات گەیشتە نزیکی کاتژمێر سێی بەرەبەیان دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بوو، هەردوولا ڕووی چەکەکانیان لە یەکتر کرد، هێزە ئەمنییەکانى بە چەکى قورس و زرێپۆش و تانکەوە خۆیان بۆ هێرشکردن ئامادە کردبوو، تەنیا چاوەڕوانی فەرمانێک بوون، لاهور شێخ جەنگیش چووە سەربانى هۆتێلەکەی و پەیامێکى ڤیدیۆی بڵاو کردەوە و وتى: “دەورى ماڵەکەمیان داوە و دەیانەوێت هێرش بکەن”، کاتژمێر بوو بە ٣:٣٢  خولەکى بەیانى فەرمانى هێرش هات و پێکدادانی توند دەستی پێکرد.
شەڕەکە شەڕێک بوو، کە هەموو باشوورى کوردستان بەتایبەتى سلێمانى و بەتایبەتی تر گەڕەکەکانى نزیک لالەزار خەویان لێنەکەوت، بەهۆى تەقە و دەنگى تۆپ و تێکچوونى دۆخى شارەکە بەگشتى و ترس و دڵەڕاوکێی لەلای هاوڵاتییان دروستکرد، هەردوولا زۆر بەسەختى و چڕی ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە و وەک دوژمن کەوتبوونە گیانى یەکتر، ئاگر لە چەند بەشێکی گردی لالەزار کەوتەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ دووکەڵ بە ئاسمانەوە بوو.
هاوکات لە کاتی پێکدادانەکەدا بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر دەباشان، کە شوێنی مانەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەنەکەیە، بەڵام نەزاندرا لەلایەن کێوە درۆنەکان ئاراستە کراون.

دەستگیرکردنی لاهور و براکانی و ئاماری قوربانییان
دوای سێ کاتژمێر لە پێکدادان و ڕووبەڕووبوونەوەی توند، دەرئەنجام هەریەک لە لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی، ئاسۆ شێخ جەنگی دەستگیرکران و هێزە ئەمنییەکان بە تەواوی هۆتێل لالەزاریان کۆنتڕۆڵ کرد، هەروەها هێزەکەی لاهوریشیان قۆڵبەست کرد.
بەپێی زانیارییەکان بەهۆی پێکدادانەکەوە سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستدا و ١٥ کەسی دیکە بریندار بوون، تا ئێستاش قوربانییەکانی هێزەکەی لالەزار کە گرێدراوی لاهور شێخ جەنگییەوە نەزاندراوە.
لە ئێستادا شاری سلێمانی ئارامە و دەنگی تەقە نابیسترێت، بەڵام هێشتا ناوەندی شار تەندراوە بە هێزی سەربازیی و بازگەکان بە داخراوی ماونەتەوە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

Featured Video Play Icon

هێرشی دڕۆنیی نوێی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ١٥ی خاکەلێوە، کاتژمێر ٧، کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نزیک …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *