ساڵح موسلیم، رایگەیاند، بانگەوازەکەی ئۆجەلان کاریگەریی لەسەر تێڕوانینی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان دەبێت و دەشڵێت، کورد پابەندی بانگەوازەکە دەبێت.
ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات “پەیەدە” لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی مێزۆپۆتامیا رایگەیاند، بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، کاریگەریی لەسەر پێشهاتەکانی ناوچەکە دەبێت و بەو جۆرەش سەرەتای پرۆسەیەکی نوێ دەستپێدەکات.
گوتیشی، چاو و گوێی کورد لەسەر ئەو وشانەیە لە دەمی ئۆجەلان دێنە دەرەوە، چونکە ملیۆنان کورد رێز لە ئۆجەلان دەگرن. ئێمە نازانین ئۆجەلان چی دەڵێت، بەڵام دڵنیاین شتێک دەڵێت لە سوودی گەلانی ناوچەکە بێت و کوردیش پابەندی بانگەوازەکە دەبێت.
موسلیم لەبارەی کاریگەریی ئۆجەلان لەسەر رۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، “تاوەکو ئێستا هەرچییەکمان کردبێت لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکانی ئۆجەلان کردوومانە و ئەنجاممان بەدەستهێناوە، لەمەودواش بەهەمان شێوە بەردەوامدەبین.”
باسی لەوەشکرد، “بانگەوازەکەی ئۆجەلان کاریگەریی لەسەر تێڕوانینی تورکیا بەرامبەر ئێمە دەبێت، بەهیوام بانگەوازەکە دەستوەردانەکانی تورکیا لە کاروباری ناوخۆی سووریا کەمبکاتەوە.”
موسلیم لەبارەی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریاش گوتی، “ئێمە بانگێشت نەکراوین، ئەوانەی بانگێشت کراون و رۆشتوون، بەشێکیان پاشماوەی ئەو گرووپانەن، کە لەگەڵ ئێمەدا شەڕیان کردووە. نوێنەری ئەو پارتانە بانگێشت نەکراون، کە نوێنەرایەتیی گەلانی سووریا دەکەن.”
گوتیشی، پەراوێزخستنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کارێکی دروست نییە، ئەگەریش هەستیارییەک بەرامبەر کورد هەیە، ئەی بۆچی عەرەب و کریستیانەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بانگێشت نەکراون؟
موسلیم لەبارەی هەناردەکردنی نەوتیش بۆ ئیدارەی نوێی سووریا گوتی، “لەگەڵ رژێمی پێشوودا گفتوگۆمان هەبوو، بەتایبەت لە پرسی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان، بەڵام بەم دواییانە هەناردەکردن راوەستا. ئێستا جارێکی دیکە رێککەوتن کراوەتەوە و هەناردەکردنی نەوت بەردەوامە.”
موسلیم گوتیشی، هەناردەکردنی نەوت بۆ سووریا بابەتێکی نوێ نییە، بەڵام پێشهاتێکی ئەرێنییە، چونکە نەوت هی هەموو خەڵکی سووریایە.
موسلیم هیوای خواست تورکیا و ئیسرائیل دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سووریا نەکەن و گوتی، “ئەگەر ئەنقەرە و تەلئەڤیڤ دەستوەردان نەکەن، سوورییەکان دەتوانن لە دەوری یەکتر کۆببنەوە و رێکبکەون.”
ساڵح موسلیم کە هاوسەرۆکی پێشووتری پەیەدەیە دەشڵێت، ئەو سیستمەی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دروستکراوە و نوێنەرایەتیی هەموو گەل و پێکهاتە جیاوازەکان دەکات، بە دڵی بەشێک لە دەوڵەتە نەتەوەییەکان نییە. رژێمی سووریاش دژی ئەو سیستمە وەستایەوە و بوونی کوردی قبوڵ نەدەکرد، بەڵام لە کۆتاییدا رووخا.
لەبارەی دەسەڵاتی نوێی دیمەشقیش دەڵێت، “ئەو رژێمە نوێیەی دروستبووە لە جیهادییەکان پێکهاتووە و پاشماوەی ئەلنووسرە و داعشن کە پێشتر لەگەڵ ئێمەدا شەڕیان کردووە. ”
موسلیم باسی لە بەردەوامیی هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان کرد و گوتی، لەلایەکەوە سەرقاڵی بەرگرییکردن و شەڕن و لەلایەکی دیکەوە بەردەوامن لە بەکارهێنانی رێگەکانی گفتوگۆ. لە 2011ـەوە بەرگریی لە خۆیان دەکەن و هەمیشە گوتوویانە کێ لە دیمەشق بێت، ئامادەن لەگەڵیدا رێکبکەون.
قەندیل پرێس