رۆژە مامەند: پرۆسەی ئاشتی لە کورتخایەندا دەسکەوتی بەدواوە دەبێت بەڵام لە درێژخاتەندا بۆ کورد وەیشوومە دەخوڵقێنێت

رۆژە مامەند، شرۆڤەکاری ستراتیژیک، ده‌ڵێت: “ئیستا جیهان باس لە راڕەوی داود دەکەن کە گوایە بەسەر ناوچەی دورزییەکان لە سنووری ئیسرائیلەوە خەتێک دەگاتە ناوچەی دورزییەکانی سوەیدا و لەوێشەوە دەگاتە بنکەی تەنەف و لەوێشەوە دەبێ بگاتە رۆژئاڤای کوردستان و پاشان دێتەوە ناو هەرێمی کوردستان.دواپەیامی نەتانیاهوو بەئاشکرا ئەمەی لێدەخوێنرێتەوە.ئەگەر جەنگێک نەبێتە هۆکاری دارووخانی رۆژئاڤای کوردستان، ئەوە لە ماوەی دە ساڵی ئایندەدا رۆژئاڤا دەبێتە ناوەندی کوردستان و کاریگەری لەسەر هەموو بەشەکانی کوردستان دەکات. ئەنکەرە ئەمە دەخوێنێتەوە و دەیەوێ لەرێی ئەم دەسپێشخەرییەوە هێزی کورد ئیحتیوا بکات و بیخاتە ژێر نفووزی خۆیەوە و کۆتایی بە نفووزی هاوپەیمانان و تەنانەت ئیسرائیلیش بهێنێت. ئەوان دەیانەوێ مەترسی کورد بڕێننەوە. ئامانجی ئەنکەرە ئەمەیە.”

قه‌ندیل پرێس: بەگشتیی شرۆڤەی بەڕێزتان لەبارەی پەیامەکەی بەڕێز ئۆجالان چییە؟ ئایا ئەم پەیامە لەم کاتەدا بە درووست دەزانن یان ڕەخنەتان لێ هەیە؟

رۆژە مامەند: وەڵامدانەوە بەم پرسە بێگومان بە رستەیەکی سادە و ساکار ناکرێ کە لە ئەرێنی یاخود نەرێنیدا کورت بکرێتەوە. حوکمدانیش بە وەڵامی رەها و موتڵەق زاستی نییە و دەچێتە خانەی نرخاندنێکی ساکاری کۆمەڵایەتی. ئەویش بۆ سەرکردەیەکی وەکوو ئۆجەلان کە بزاڤێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی گەورەی رێکخستووە. هەن زۆرێک کە بە خیانەت لە قەڵەمی دەدەن. گەلێکیش پێیانوایە ئەمە دەرفەتێکی گەورەیە.
راستییەکەی ئەمەیە کە ئەم بانگەوازە تازە نییە. لەوەتی پرۆسەی ئیمرالی دەستی پێکردووە، ئەمە سێیەم خولی ئەم بانگەوازەیە. خولی یەکەم لە ساڵی ١٩٩٩ هەتاوەکوو ٢٠٠٤ی خایاند. خولی دووەم لە ٢٠١١ هەتاوەکوو ٢٠١٥ درێژەی خایاند. ئەوەتا لە شوباتی ٢٠٢٥یشەوە خولی سێیەمی ئەم پرۆسەیە دەستی پێکردووەتەوە.
بەگشتی دەتوانم بڵێم: ئۆجەلان کاتێک دووچاری زوڵمێکی گەورە بووەوە و خۆی لە زیندانی ئیمرالیدا بینییەوە، لەنێوان دوو گوتاردا مایەوە: یان دیسکۆرسی نەتەوەیی واتە سەربەخۆیی یاخود دیسکۆرسی چەپی نوێ کە مەیلی پتر بەلای تیۆریسیەنەکانی چەپی ئانارشیستی ئەمریکایییدا هەبوو وەکوو مۆرای بووکچین و ئەوانی دیکە. ئۆجەلان دیسکۆرسی چەپی هەڵبژارد و واددیارە لە دوای گەلەکۆمەکە، قەناعەتی بەوە هێنا کە چی روویداوە لەبەر دیسکۆرسی سەربەخۆییی بووە.
بۆ ئێمە کە باوەڕمان بە دیسکۆرسی نەتەوەیی هەیە، سەختە قەناعەت بە دیسکۆرسی چەپ بهێنین. نەخاسمە کە پێش ٢٥ ساڵ تاقە هێزی سەرەکی کە گوتاری سەربەخۆیی جاڕدەدا، هێزی سەرەکی کە ئالا رەنگینی دەپاراست، هێزی سەرەکی کە لە هەموو بەشەکانی کوردستان تێکۆشانی نەتەوەیی پەرەپێدەدا، ئەو رەوتە بوو. ئۆجەلان کاتێک لە رۆما بوو، واتە تەنها مانگێک پێش رووداوی شوومی ئیمرالی، ئەم دروشمەی هێنایەگۆڕێ: کاتێک لە تورکیا گەڕاینەوە کوردستان بووین بە پارتی. کاتێک هاتینە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووین بە ئارتەش. ئێستاش کە هاتووینەتە ئەورووپا دەبین بە دەوڵەت. گەلۆ چی قەناعەتی ئۆجەلانی گۆڕی کە لەدوای سێ مانگ، دەست لە گوتاری سەربەخۆیی هەڵبگرێت؟ لەو ماوەیەدا چی روویدا؟ کاریگەری رووداوەکان و خوێندنەوەی خودی ئۆجەلان چی بوو؟
ئەگەر لە منیش بپرسن کە ئەنجامی ئەم پرۆسەیە چییە، ئەمە وەڵامەکەمە: لە کورتخایەندا پرۆسەی ئاشتی بۆ کورد دەسکەوتی بەدواوە دەبێت. هێزی نەرمی کورد گەشەدەستێنی، سەرمایە دەگەڕێتەوە باکووری کوردستان و دۆخی ئابووری دەبووژێتەوە، زمانی کوردی گەشەدەکات، ماسمیدیای کوردی پەرەدەستێنی و کوردبوون دەبێتە مۆدە. خەباتی نەرم لەرووی دەسەڵاتی خۆجێی ووکوو شارەوانییەکان، و تێکۆشانی پەرلەمانی برەودەسێنێت.
بەڵام لە درێژخاتەندا: بۆ کورد وەیشوومە دەخوڵقێنێت. چۆن؟ دەولەتی تورک خەونی ئیمپریالی نوێی هەیە و دەیەوێ سەردەمی پاکس – ئۆسمانی نوێ یاخود پاکس – تورکۆ بەدیبهێنێت. تورک دەیانەوێ لەم ناوچەیە ببنەوە برا گەورەی هەموولایەک. بۆیە کاتێک پێماندەڵێن ئێمە براین، مەبەستیان ئەوەیە ئەوان براگەورەن و ئێمەی کوردیش دەبێ ببینە نۆکەر و دەرگاوانی ئەوان. بۆیە پاکس – تورکۆ بۆ ئێمە کارەساتە و تەنها سەربەخۆیی و سەروەری کامڵ چارەی پرسی کوردستان دەکات.

قه‌ندیل پرێس: بەڕێز ئۆجالان بۆ لە هەنگاوی یەکەمدا، ئاخر داواکاریی دەوڵەتی تورکیا یانی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی داواکرد؟

رۆژە مامەند: مەسەلەی چەکدانان یاخود هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە تازە نییە. لە کۆنگرەی هەفتەمدا لەسەر بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان، پەکەکە وەکوو ناو هەڵوەشایەوە و ناوەی پەکەکە گٶڕا بۆ کۆنگرەی ئازادی و دیموکراسی کوردستان واتە کادەک و دواتر لە کۆنگرەی دوای ئەوەش کرا بە کۆما جڤاکێن کوردستان – کجک. هەروەها ناوی “ئەنیا رزگارییا نەتەوا کوردستان”یش گۆڕا.

ناوی “ئارتەشی رزگاری گەلی کوردستان” گۆڕا بۆ هێزەکانی پاراستنی گەل. بۆ دەرخستنی نیازپاکیش لەسەر بانگەوازی ئۆجەلان دوو شاندی ئاشتی لە چییا گەڕانەوە تورکیا کە دەسگیرکران و حوکمدران. ئەمەی ئیستاش بەردەوامی هەمان پرۆسەی پێشووترە. رەنگە بۆ پاراستنی دەسکەوت و دەزگاکانی رۆژئاڤای کوردستان ئەم دەسپێشخەرییە تازەیە لەرووی تاکتیکییەوە بقۆزرێتەوە، چونکە رۆژئاڤای کوردستان لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی تورکیادایە.

قه‌ندیل پرێس: بە ڕای بەڕێزتان لەم پەیامەدا پێشمەرجێک بۆ چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەلایەن بەڕێز ئۆجالانەوە دیاریی کراوە کە ئەگەر ئەو پێشمەرجە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە جێبەجێ نەکرێ، پەکەکەیش داواکاریەکەی بەڕێز ئۆجالان جێبەجێ نەکات؟

رۆژە مامەند: وەک پێشمەرج لە بەیاننامەکەدا دەلێ ئەگەر هەلومەرجی قانوونی گٶڕا، ئەوسا ئەمە بکەن. هەم ئۆجەلان، هەم قەندیل و هەم ئەنکەرەش دەزانن کەوا بەم دەمودەستە چەک دانانرێ و رێکخستەش هەڵناوەشێنرێتەوە. ئەگەریش هەیە رووداوی کتوپڕی محەلی یاخود ناوچەیی کۆی ئەم پرۆەسەیە بەراوەژوو بکاتەوە. راستییەکەشی ئەوەیە کە ئەنکەرە هێشتا ئامادەگی تەواوی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد نییە وجەخت لەسەر پاراستنی دەوڵەتی یۆنیتەر واتە ناوەندی چڕ دەکاتەوە. کە ئەمەش هەبێ هیچ مۆدێلێکی ناناوەندی واتە دیسانترال، یاخود فیدراڵ نایەتە کایەوە کە ئەویش خۆی لە دابەشکردنی دەسەڵاتدا دەبینێتەوە.

قه‌ندیل پرێس: بەشێک لە چاودێران پێیان وایە، چەک گەرەنتییەکە لەبەرامبەر دوژمنان، پێتان وانییە ئەگەر پەکەکە چەک دابنێت ئیتر ئەو گەرەنتییە بۆ گەلی کورد لە باکوور نامێنێت؟

رۆژە مامەند: چەک واتە هاردپاوەر یاخود هێزی سەخت. چەک واتە توانای بەرپەرچدانەوە و بەرگری لە خۆکردن. چەک واتە قۆستنەوەی ئامرازی توند بۆ خۆسەلماندن و تەنانەت خۆسەپاندن بەسەر ئەوی تردا. من پێموانییە مەبەست ئەوەیە بە یەکجاری چەک دابنرێت. ئەمە پرۆسەیەکە. بە کوێش دەگات دیار نییە. ئیستا شەڕ بەردەوامە سەرباری ئەوەی کە کجک ئاگربەست رادەگەیەنێت. بەڵام بەرای من کرۆکی بابەتەکە شتێکی ترە و پەیوەندی بە باکووری کوردستانەوە نییە. پەیوەندی بە رۆژئاڤای کوردستانەوە هەیە. چۆن؟ لەوێ دۆخێکی تازە هاتووەتەکایەوە. رۆژئاڤا نیوەدەوڵەتە. ئارتەشی هەیە، ئاسایشی هەیە، پۆلیسی هەیە، ئیدارەی هەیە، ئابووری هەیە، سیاسەت و دیپلۆماسی هەیە. بەڵام مەترسی گەورەی لەسەرە کەو ئەویش هەرەشەکانی دەوڵەتی تورکە.
رووداوەکانی دوای حەوتی ئۆکتۆبەر و بەتایبەتیش دوای هەشتی دیسەمبەر لە سوریا دۆخی جیۆسیاسەتی دینامیک کردووە. ئیستا جیهان باس لە راڕەوی داود دەکەن کە گوایە بەسەر ناوچەی دورزییەکان لە سنووری ئیسرائیلەوە خەتێک دەگاتە ناوچەی دورزییەکانی سوەیدا و لەوێشەوە دەگاتە بنکەی تەنەف و لەوێشەوە دەبێ بگاتە رۆژئاڤای کوردستان و پاشان دێتەوە ناو هەرێمی کوردستان.دواپەیامی نەتانیاهوو بەئاشکرا ئەمەی لێدەخوێنرێتەوە.ئەگەر جەنگێک نەبێتە هۆکاری دارووخانی رۆژئاڤای کوردستان، ئەوە لە ماوەی دە ساڵی ئایندەدا رۆژئاڤا دەبێتە ناوەندی کوردستان و کاریگەری لەسەر هەموو بەشەکانی کوردستان دەکات.
ئەنکەرە ئەمە دەخوێنێتەوە و دەیەوێ لەرێی ئەم دەسپێشخەرییەوە هێزی کورد ئیحتیوا بکات و بیخاتە ژێر نفووزی خۆیەوە و کۆتایی بە نفووزی هاوپەیمانان و تەنانەت ئیسرائیلیش بهێنێت. ئەوان دەیانەوێ مەترسی کورد بڕێننەوە. ئامانجی ئەنکەرە ئەمەیە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

د. هاشم زێباری: کلیلەکانی ئابووری عێراق لە دەستی هەرێمی کوردستاندایە

وتووێژی “قەندیل پرێس” لەگەڵ دکتۆر هاشم زێباری، مامۆستای زانکۆی جیهان و سیاسەتمەداری کورد، لەبارەی کاریگەری …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *