قەندیل پرێس – وتووێژ
وتووێژی تایبەتی دامەزراوەی میدیایی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەرێز حەمەنەزیف قادری، بەپرسی پەیوەندییەکانی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەبارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
قەندیل پرێس: خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە زۆربەی شارەکان دژ بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە، شرۆڤەی بەڕێزتان لەمبارەوە چییە؟ ئایا هەلومەرجەکە وا دەبینن ئەمجارە ڕژێم بڕۆخێت؟
حەمە نەزیف قادری: ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تەواویەتی خۆیدا لەگەڵ قەیرانێکی زۆر ڕووبەڕوو بووە، قەیرانی ئابووری، دابەزینی بایەخی دراوی ئێران بەشێوەیەکی سەرسورهێنەر، دۆخی سەختی بژێوی کۆمەڵانی خەڵک، تەریک کەوتنەوەی لە ئاستی دیپلۆماسی و سیاسەتی دەرەوەی، سەرکوت و گرتن و ئێعدامی فەعالانی سیاسی و نکۆڵی لە شوناسی نەتەوەکانی ئێران و گەندەڵی و بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی خەڵک لە لایەن باندە مافیاییەکانی سپای پاسداران و دامەزراوە ناشەرعیەکانی بەیتی ڕەهبەری خەڵکی بە تەواوی وە زاڵەهێناوە و هەر بۆیە ئەم جارە خەڵکی ئێران بە شێوەیەکی بەرین تر ڕژاونەتە شەقامەکان .
قەندیل پرێس: دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕاشکاوانەو ڕاستەوخۆ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی تەهدید کرد کە خۆپێشاندەران نەکوژێت و ئەگەر کاری وابکات ئەمریکا تەداخۆل دەکات، خوێندنەوەی جەنابتان لە بارەی ئەم پەیامەوە چییە؟
حەمە نەزیف قادری: لێدوانی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە باری سیاسیەوە دەنگدانەوەی ئەرێنی بووە و ئەوە جێی سەرنجە هەر دوای ئەو لێدوانە و دوو پات کردنەوەی، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بی بەزەییانەتر خەڵکی ڕاپەڕیوی گرتووە و شەهیدیانی کردووە و زۆر دڕندانە هێزەکانی کەوتوونەتە گیانی خەڵکی بێ تاوان و مافخواز و ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کەمترین هەڵوێستیان لەبەرانبەر ئەو تاوانانە گرتووە، لەڕاستیدا لێدوانی دۆناڵد ترامپ بووەتە بیانوو بۆ تاوانبارکردنی خەڵکی مافخواز لەلایەن ڕژیم و پیاوکوژەکانیەوە، هیوادارین کۆمەڵگەی جیهانی لەم بارەوە هەڵوێستی شیاو بگرن و سنوورێک بۆ کۆتایی هێنانی ئەم کوشتن و گرتن و گووشارە لەلایەن ئێرانەوە دابنێن.
قەندیل پرێس: هەروا کە ئاگادارن، میدیا بەرچاوە فارس زمانەکان، هەوڵێکی زۆر دەدەن ڕەزای پەهلەوی وەکوو ڕێبەری شۆڕش بەسەر خەڵکدا بسەپێنن، ئەمە لە کاتێکدایە ڕەزای پەهلەوی هیچکات ئامادە نەبووە مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات قەبووڵ بکات، بە ڕای بەڕێزتان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە بەرامبەر بە ڕەزای پەهلەوی لە ئاستی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات و هەروەها بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرای ئێرانی چ سیاسەتێک بگرنە بەر؟
حەمە نەزیف قادری: ڕەزا پەهڵەوی هەموو هەوڵی ئەوەیە دۆخەکە لە نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی دێموکراتیک و یەکگرتوو بە پشتیوانی لایەنی دەرەکی بقۆزێتەوە و خۆی بە زمان حاڵی ئەو ڕاپەڕینە بناسێنێت، بەڵام خەڵکی ئێران بەگشتی و پرۆسەی سیاسی ئێران هەمە چەشنە و لە بزوتنەوەی ژینا، ژن ژیان ئازادی نیشانی دا خەڵکی ئێران خەبات دژی هەرچەشنە دیکتاتۆرییەک دەکەن و بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکرات قوربانی دەدەن، ڕەزا پەهڵەویش تا ئێستا هیچ شتێکی ئەرێنی ڕانەگەیاندووە.
قەندیل پرێس: لە ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوودا خەڵکی ڕۆژهەڵات بەدەم داواکاری ناوەندی دیالۆگ هاتن و هەموو ڕۆژهەڵات مانگرتنی گشتی بەڕێوەبرد، خۆێندنەوەی بەڕێزتان لەو مانگرتنە گشتییە چییە؟ و هەنگاوی داهاتووی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و ناوەندی دیالۆگ چی دەبێت؟ ئایا ئەگەری خەباتی چەکداریش لە ئارادایە؟
حەمە نەزیف قادری: ڕۆژی ٥ شەممە لەسەر بانگەوازی ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گەلی کورد وەک هەمیشە مان گرتنێکی بەرین و مێژووییان گرت و پەیامی هاوخەباتی و هاوهەنگاوییان لەگەڵ جووڵانەوەی ئازادیخوازی گەلانی ئێران ڕاگەیاند و تاوانەکانی ڕژیمیان لە تەقەکردن و شەهید کردنی پۆلێک خەڵکی ڕاپەڕیوی لوڕستان و ئیلام و مەڵەکشاهی و کرماشان مەحکووم کرد و پشتیوانیان لەخەڵکی نیشتمان پەروەری ئەم دەڤەرە کرد و بە ئەم مانگرتنە گەلی کورد یەکگرتوویی خۆی بەڕای گشتی نیشاندا.
قەندیل پرێس: لە ناوچەکانی مەلەکشایی و ئاودانان و لۆرستانات، سەرکۆتی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی یەگجار زۆر بوو و چەندین لاوی کورد و لۆر شەهیدکران، ئەمە لە کاتێکدایە لە شارە ناوەندیەکانی ئێران، ڕێژەی سەرکۆت بەو ڕادەیە نییە، شرۆڤەی بەڕێزتان لەمبارەیەوە چییە؟ پیلانی حزبە کوردیەکان لە ناوەندی دیالۆگدا چیە بۆ ئەم قوناغە؟
حەمە نەزیف قادری: ئاماژەم پێ کرد سەرکوتی خەڵکی دەڤەری مەڵەکشا و ئیلام جینایەتێکی گەورەی ڕژیم بوو و دواتر لەشارەکانی تریش پۆل پۆل خەڵکی وەبەر گولەدا و بە سەدان کەسی شەهید و بریندار کرد و خەڵکێکی زۆریشی ڕاپێچی زیندانەکان کردووە .
حیزبەکان بێگومان پێویستە لەم هەلوومەرجە هەستیارەدا یەکگرتووبن و بتوانن هەم لە ئاستی ئێران و هەم لە ئاستی کوردستان ڕۆڵ بگێڕن و لە بونیادنانی ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی شوێندانەر بن.
قەندیل پرێس: دوای پەیامەکەی دۆناڵد ترامپ، ڕەزای پەهلەوی دەستبەجێ خۆی کردە نوێنەری خەڵکی ئێران و لە سۆشیاڵ میدیا وەڵامی ترامپی داوەو پێی ڕاگەیاند ئەو بۆ ئێران پلانی هەیەو ئامادەیە حکوومەتی داهاتوو بەڕێوەببات، پرسیاری ئێمە ئەوەیە: بۆ هیچکام لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەو شێوازە ڕوویان نەکردە ترامپ و بڵێن ئێمە هێزمان هەیە، پلانمان هەیەو ئامادەین وڵات بەڕێوە ببەین؟
حەمە نەزیف قادری: حیزبەکان و بەشێکی زۆر لە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە هەوڵی سیاسی و دیپلۆماسیدان و ئەوە زەروریەتێکی سیاسیە دەبێ بیکەن و چالاکتر بن، هێز و توانای خۆیان دەرخەن، حیزبی دێموکرات و هاوپەیمانەکانی لەم بارەوە بەردەوامن.
قەندیل پرێس: ئایا لە غیابی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی زلهێزەکان و بەتایبەتی ئەمریکا، ئایا دەکرێت لە ڕێگای هێزە ناوخۆییەکان و پێشهاتە ناوخۆییەکانەوە گۆڕانی ڕژێم لە ئێراندا بەدی بهێنرێت، یان بەربەستی پێکهاتەیی و سەرکوتی سیستماتیکی ئەم گۆڕانکارییە بەبێ فشاری دەرەکی مەحاڵ دەکات؟
حەمە نەزیف قادری: سروشتی ڕژیمە دیکتاتۆرەکان ئەو ئەزموونەی داوە کە هێزی خەڵک فاکتۆری بنەڕەتییە و پشتیوانی کۆمەڵگەی پێشکەوتوویش یارمەتیدەرە، کۆماری ئیسلامی ئێران بەداخەوە بەردەوام خەڵکی ئازادیخوازی سەرکوت کردووە و بەشێک لەو سیاسەتەی بێدەنگی وڵاتانی دەرەوە بووە، لە بزوتنەوەی ژینا بە سەدان کوڕ و کچی شەهید و بێ سەر و شوێن کرد.
بەخۆشیەوە ئێستا خەڵکی گشت گیرتر لە شەقامە و ئەم ڕەوتە گەڕانەوەی بۆ نییە و ڕژیمیش لە هەموو بوارێکەوە داماوتر بووە.
قەندیل پرێس