قەندیل پرێس- حەسەکە
پارێزگای حەسەکە بەرەو قۆناغێکی نوێی گۆڕانکاری هەنگاو دەنێت ئەمەش دوای زنجیرەیەک بڕیاری کارگێڕی و ئەمنی کە ڕاستەوخۆ کاردەکەنە سەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان. پارێزگاری حەسەکە نوورەدین ئەحمەد لە کۆمەڵێک لێدوانی نوێدا پەردەی لەسەر چەندین تەوەر لادا کە گرنگترینیان نووسینی دەستەواژەی کوردییە لەسەر تابلۆکانی ڕیکلام لەو ناوچانەی زۆرینەیان کوردن. ئەم هەنگاوە لە لایەن چاودێرانەوە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داخوازییە مێژووییەکانی کورد و چەسپاندنی ناسنامەی نەتەوەیی لە دامودەزگا گشتییەکاندا دەبینرێت.
لەم بارەیەوە شێرزاد عەلی کە هاووڵاتییەکی نیشتەجێی حەسەکەیە بۆ قەندیل پرێس ڕایگەیاند کە نووسینی زمانی دایک لەسەر جادە و تابلۆ گشتییەکان تەنها بڕیارێکی ئیداری نییە بەڵکو هەستێکی ئارامی و یەکسانی بە وەلاتییان دەبەخشێت و وایان لێدەکات هەست بکەن ناسنامەکەیان پارێزراوە.
لە لایەکی ترەوە بڕیارەکانی پەیوەست بە سیستەمی دادوەری و ئازادکردنی ٢٥٠ زیندانی لە ئەمڕۆدا وەک هەنگاوێکی مرۆیی و سیاسی بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە لێکدەدرێتەوە. نەجمەدین محەمەد کە هاووڵاتییەکی تری دەڤەری قامیشلۆیە دەڵێت ئازادکردنی زیندانییەکان هەنگاوێکی باشە بەڵام ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئەوەیە دادگاکان بە دادپەروەری کار بکەن و خزمەتگوزارییەکان بە یەکسانی بگەنە هەموو گەڕەک و کۆڵانەکان.
سەبارەت بە داهاتووی سیاسی ناوچەکەش ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و لیژنە ناوخۆییەکان ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ هەوڵەکان لەپێناو سەقامگیرییەکی درێژخایەن. ناردنی دادوەرەکان بۆ دیمەشق بە مەبەستی هەڵسەنگاندن لە لایەن لیژنەیەکی پسپۆڕەوە دەریدەخات کە دەسەڵاتی خۆجێی دەیەوێت کەسانی خاوەن توانا لە پۆستە هەستیارەکاندا دابمەزرێنێت.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین حەسەکە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی نوێدایە لە نێوان جێبەجێکردنی بەڵێنەکان و واقیعی سەر زەوی. ئەگەرچی بڕیاری بەکارهێنانی زمانی کوردی و ئازادکردنی زیندانییەکان دەنگدانەوەی ئەرێنی هەبووە بەڵام هاووڵاتیان چاوەڕێی ئەوەن ببینن ئایا ئەم گۆڕانکارییانە دەبنە هۆی باشترکردنی ئاستی بژێوی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان یان تەنها وەک بڕیاری سەر کاغەز دەمێننەوە.
قەندیل پرێس