لەیلا حوسێنزادە، چالاکی خوێندکاری، بە هۆی ئامادەبوونی بێحیجاب لە دانیشتنی بەرگریکردن لە نامەی ماستەرەکەی لە زانکۆی تاران، سزای ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێندرا. ئەم حوکمە لە دادگایەکدا دەرچووە کە حسێنزادە لە بەڕێوەچوونی ئاگادار نەبووە.
حوسێنزادە ڕۆژی هەینی ٢٢ی نۆڤەمبەر (٢ی سەرماوەز) بە بڵاوکردنەوەی وێنەی حوکمی دەرچوو دژی خۆی لە ئینستاگرام، ڕایگەیاند کە نە تۆمەتەکەی پێ ڕاگەیەندراوە و نە لە دانیشتنی دادگا ئاگادار بووە. ئەو زیادی کرد کە لە وردەکارییەکانی حوکمەکەش بە تەواوی بێ ئاگایە.
ئەو حوکمە کە لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تارانەوە، بە تۆمتەگەلی وەک “ئامادەبوون لە زانکۆی تاران بەبێ ڕەچاوکردنی حیجابی شەرعی” و “بانگەشە دژی نیزام” ناو بردووە. ئەم حوکمە لە کاتێکدا دەرچووە کە حوسێنزادە پێشتریش ڕووبەڕووی چەندین حوکمی زیندان بووەتەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکانی دانیشتنی بەرگریکردن لە نامەی ماستەری حوسێنزادە، هەندێک لە میدیاکانی لایەنگری حکوومەتی ئێران و ڕاستڕەوە ئێرانشارییەکان ئیدیعایان کرد کە ئەو لەم دانیشتنەدا جلی فۆرمی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پەژاکی لەبەر کردووە. ئەم ئیدیعایە بووە هۆی دروستبوونی دەنگۆی زۆر بۆ ئەو. بە دوای ئەم دەنگۆیانەدا، زانکۆی تاران ڕایگەیاند کە حوسێنزادە خوێندکاری ئەم زانکۆیە نییە و مەرجەکانی درێژەدان بە خوێندنی نەبووە.
لەیلا حوسێنزادە، چالاکی ناسراوی خوێندکاری، پێشتریش چەندین جار دەستگیر و مەحکووم کراوە. لە بەفرانباری ١٣٩٦، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباردا قۆڵبەست کرا و دوای ١٦ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
لە ڕەشەمەی هەمان ساڵدا، لە دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نەتەوەیی” بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری، و بە تۆمەتی “بانگەشە دژی نیزام” بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا. هەروەها ٢ ساڵ قەدەغەکردنی دەرچوون لە وڵاتیشی بۆ لەبەرچاو گیرا.
لە گەلاوێژی ١٣٩٨دا دووبارە دەستگیر کرا و بۆ زیندانی ئێڤین گوازرایەوە. لە سەرماوەزی ١٤٠٠دا، لە کاتی سەفەر بۆ شیراز دەستگیر کرا و دوای ٢٦ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. لە گەلاوێژی ١٤٠١یشدا بە لێدان و ئازار لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا دەستگیر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
حوسێنزادە هەروەها لە نەخۆشی خۆبەرگری (کرۆن) ڕەنج دەبات و لە ساڵی ١٣٩٩دا بە هۆی بارودۆخی تایبەتی نەخۆشییەکەیەوە، بە شێوەی کاتی بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی چارەسەر لە زیندان ئازاد کرابوو. ئەم مەحکوومییەتە نوێیە لە درێژەی گوشارە دادوەرییەکان لەسەر چالاکانی خوێندکاری و مەدەنی لە ئێران ئەنجام دەدرێت و نیشاندەری بەردەوامی مامەڵەکردن لەگەڵ چالاکانی مافی ژنان و نەیارانی حیجابی زۆرەملێیە.
قەندیل پرێس