قەندیل پرێس
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمڕالیەوە نامەیەکی تایبەتدا بۆ خەڵکی باشوری کوردستان دەنێرێت کە کوپیەکی دەست قەندیل پرێس کەوتووە تێیدا سەرباری سوپاسی خەڵک رایدەگەیێنێت؛ “خەڵکی بە شەرەفی باشووری کوردستان؛ ئەمڕۆ تێکۆشانی ئازادیمان بە قۆناغێکی گرنگ گەیشتووە. تێکۆشانی 52 ساڵەمان لە دۆزی ڕەوای کوردستاندا دەسکەوتی گەورەی هێناوەتە کایەوە”
هەر وەها لە نامەکەیدا وتیشی: “پێویستە گەلەکەمان باش بزانێت کە ئێمە بۆ تاکە ئان و ساتێکیش بە تەنیا و بێ پاراستنیان ناکەین. ڕێگە نادەین کە هیچ هێزێکی داگیرکەر و خیانەت کار هێرش بکاتە سەر گەلەکەمان و ئازادیەکانی بەر تەسک بکاتەوە”.
دەقی نامەکەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمڕالیەوە:
بۆ خەڵکی نیشتمان پەروەری باشووری کوردستان و دۆستانمان
سەرەتا بەڕێز و خۆشەویستی و بڕوام بە دیدارمان لە ڕۆژگاری ئازادیدا سڵاوی خۆم پێشکەشی ئێوە خەڵکی قەدرگرانمان دەکەم.
خەڵکی بەڕێزی باشووری کوردستان، مێژووی کوردستان لە واتایەکدا مێژووی تێکۆشانی هەبوون و ژیانی ئازادییدا. بە تایبەتیش گەلەکەمان لە باشووری کوردستان لە ناخییەوە ئەم تێکۆشانەی کردووە و بە باجی گەورە هەبوونی خۆی سەلماندووە. لەم ڕێگەدا باج و شەهیدی مەزنی بەخشیوە.
پەکەکە لە کاتێکدا کە لە باکووری کوردستاندا نکۆڵی لە هەبوونی کورد دەکرا لە دایک بووە هەبوونی کوردی بە هەموان سەلماندووە. پاشان بە هەر چوارپارچەی کوردستاندا بڵاوبووەوە و بوو بە تەڤگەرێکی ئازادی کە لە پێناوی ئازادی تەواوی کوردستان شەڕ دەکات.گەلەکەمان لە باشووری کوردستان بە هەموو سەمتمیەتێکەوە باوەشی بۆ پەکەکە کردەوە،شەڕڤانانی پەکەکەی لە ئامێز گرت و خاوەنماڵی لە تێکۆشانەکەمان کرد.لە ساڵی ١٩٨٢وە تا ئێستا گەلەکەمان لە هەرێمەکانی بە تایبەتی قەندیل و بە گشتی لە بادینان،برادۆست،سۆران و ئاسۆس باجی مەزن و بێ هاوتایان دا.گوندەکانیان بۆردومان کران،هەلومەرجی ژیانیان بەرتەسک کران،سەرەڕای ئەوەش گەلەکەمان بە خۆڕاگری وەڵامی هەموو هێرشەکانی دایەوە و دەرگای خۆی بۆ پەکەکە کردەوە و بە نرخترین ڕۆڵەی خۆی بە پەکەکە بەخشی.
گەلەکەمان لە باشووری کوردستان گەورە شەهیدانی وەک لەیلا قاسم،یونس دڵدار،شەهید ئارام،عەلی عەسکەری،حسێن سورچی،ڕەئوف ئاقرەیی و مامە ڕیشەیان بەخشیوە.هاوکات هاوڕێیانی وەک سادق عومەر،ڤیان جاف،د.سیروان،دیار غەریب،بەرفین ڕێباز و گەنجۆ و هەزاران ڕۆڵەی مەزن و خۆبەخشی باشووری کوردستان لە ڕیزەکانی پەکەکە دا بوون بە باجی سەرکەوتنەکان و نرخ و بەهای گەورەیان خوڵقاند.ئەم شەهیدانەمان بوون بە نموونە بۆ هەموو کوردستان و مرۆڤایەتی جیهان،هەروەها لە ئەنفال و ڕاپەڕینەکاندا بە دەیان هەزار شەهید دران.ئێمەش بە سایەی ئەم ڕەنجەی کە لە چوارپارچەی کوردستان داوە بەم ڕۆژە گەیشتووین.
خەڵکی بە شەرەفی باشووری کوردستان؛ئەمڕۆ تێکۆشانی ئازادیمان بە قۆناغێکی گرنگ گەیشتووە.تێکۆشانی ٥٢ ساڵەمان لە دۆزی ڕەوای کوردستاندا دەسکەوتی گەورەی هێناوەتە کایەوە.لە ئامانجی نەهێشتنی دۆخی پارچە بوونی کوردستان و کۆکردنەوەی هەموو پارچەکان لە چواردەوری گیانی هاوبەشی نەتەوەیی و جێ گرتن لە ڕیزی مرۆڤایەتی جیهاندا هەنگاوی گرنگی نا.هەبوونی کورد و کوردستانی دا بە گوێی هەموو جیهاندا.لە هەموو لایەکی جیهانەوە کوردان و دۆستانی بڕوایان بەم تێکۆشانە هێنا،بە دڵسۆزییەوە بەشداریان کرد،گیانی پێ بەخشی.هەموو ئەمانە تێکۆشانی ئازادیمانی گەورە و واتادار کرد و نیشانی داین کە ئیدی پێویستە بچینە ناو قۆناغێکی ترەوە.
وەکو دەزانرێت هەر لە ساڵی ١٩٩٣وە بە ئامانجی دەستکردن بە قۆناغی بەرەو پێشەوە چوون لە بوونیادنانی ئازادی و دیموکراتییانەی کوردستان دا،ئەزموونەکانی ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕمان بەرقەرار کرد.ئەم هەنگاوانەمان یان بێ وەڵام مانەوە،یان بە پیلانگێڕی مایەپووچ کران.لە دورگەی ئیمڕاڵیش کە بە گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی هێنرام،درێژەم بەم بەرخودان و داکۆکییەم دا.لەسەر ئەم بنەمایەش پاڕادایمی دیمووکراتی،ئیکۆلۆژی، ئازادی ژنم داهێنا.ئەمڕۆکە بە بڕیارین ئەم قۆناغەی کەوا تەڤگەرەکەمان بە بڕوا و خڕۆشێکی گەورەوە برەوی پێداوە بگەیەنین بە ڕەهەندێکی نوێ.لە بەرواری ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا و لەسەر بناغەی بانگەوازی کۆمەڵگەی ئاشتی و دیمووکراتی،بانگەوازییەکەم کرد.لەم پەراوێزەشدا پەکەکە دوازدەهەمین کۆنگرەی خۆی سازدا و بڕیاری هەڵوەشانەوە و کۆتایی هێنان بە ڕێبازی تێکۆشانی چەکداری وەرگرت.
خەڵک و دۆستە قەدرگرانەکانمان؛پارادایمی دیمووکراتی،ئیکۆلۆژی،ئازادیخوازی ژن،سیاسەتی دیموکراتیانە هەڵدەگرێت.ئێمەی کورد لە مێژە مافی بوون بە نەتەوەی دیموکراتیمان بە دەست هێناوە.بەڵام مەرجە بۆ ئەمەش سیاسەتمان دیموکراتیزە ببێت.هەر بۆیە ئێستاکە لە بەردەم ئەرکی دانان و بەهێزکردنی سیاسەتی دیموکراتی داین لە هەر چوارپارچەی کوردستان و ئێڕاق،تورکیا،سووریا و ئێران.
تێکۆشانی ٥٢ ساڵەمان هۆشمەندییەکی نەتەوەیی گرنگی خوڵقاند.ئێستاکە پێویستی بەوە هەیە کە ئەم هۆشمەندییە نەتەوەییە بە ڕێکخستنکردن لەسەر بناغەی سیاسەتی دیموکراتی و یەکێتی نەتەوەیی تاجیدار بکرێت.
لەبەر ئەوەی خۆشتان لە نزیکەوە چاودێری دەکەن و ڕاستەوخۆش لە نێودان،لێتان ئاشکرایە کە مێژووی وڵاتمان هاوئاست لەگەڵ بەرخودان و ڕاپەڕینەکان،بە خیانەت و داردەستەیی پۆشراوە.بۆیە دەمانەوێت بە بەرزکردنەوەی تێکۆشانمان،لە هەموو ئەو لایەنانە پاک بکەینەوە کە بوون بە زەمینەی هێڵی خیانەت و بە کرێگیراوی و وەکو نەتەوەی کورد گیانی هاوبەش و یەکێتی خۆمان لەسەر بنەمای کلتووری دیمووکراسی بونیاد بنیین.بڕیارەکانمان بەم ئامانجەیە.بڕیارەکانمان هەڵگری ئەو ئامانجەشە کە کورسیەکانی ژێر پێی لەیلا قاسم،قازی محمد،سەید ڕەزا،شێخ سەعید و فەرزاد کەمانگەر و هاوشێوەکانیان لە مێژووی کوردستان فڕێبدات و وڵاتێکی ئازادتر بۆ نەوەکانی ئایندەی بەجێ بهێڵێت.بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە تایبەتیش بۆ باشووری کوردستان کۆتایی و تەواوبوون نییە،ئێمە هەرگیز پشت لە گەلەکەمان ناکەین،هەرگیز گەلەکەمان بە تەنیا بە جێ ناهێڵین.هەنگاوەکەمان یەکەمین هەنگاوی سەرەتایەکی نوێیە.بڕیاری پتەوکردن،گەورەکردن،گەورەترکردن و خۆماڵیکردنی دەستکەوتەکانی تا ئێستای گەلەکەمانە.ئێمە سوێند و بەڵێنمانمان دا کە شایستە بین بە ڕەنج و فیداکارێکانی گەلەکەمان،بە هەزاران میلیتانیشمان ئەو بەڵێنەی دا و لەسەر بنچینەی بەجێهێنانی سوێند و بەڵێنەکانیشیان تا ئەمڕۆ تێکۆشان.پێویستە گەلەکەمان باش بزانێت کە ئێمە بۆ تاکە ئان و ساتێکیش بە تەنیا و بێ پاراستنیان ناکەین.ڕێگە نادەین کە هیچ هێزێکی داگیرکەر و خیانەت کار هێرش بکاتە سەر گەلەکەمان و ئازادیەکانی بەر تەسک بکاتەوە.پێویستە ئێوەش چاودێری هەمان ئەو قۆناغە بکەن و تاوتووێی بکەن.هاوکات وەکو بنەمای بوون بە گەلی ئازاد؛لەسەر بنچینەی سیاسەتی دیموکراتی خۆتان لە هەموو بوارێکدا ڕێکبخەن.پێویستە گەلەکەمان توانای سیاسەتی دیموکراتی هەبێت،پاراستنی جەوهەری خۆی دابمەزرێنێت.دەبێت باش بزانن کە میلیتانانی ڕێگەی ئازادیمان تا ئەمڕۆ ئەمەیان بە بنچینە وەرگرت و بە هەر باجێکیش بێت هەر ئەوە بە بنچینە وەردەگرن.
لێرەوە جارێکی تر سڵاو و خۆشەویستی خۆم پێشکەشی گەلەکەمان دەکەم و بە تایبەتی دۆستانمان لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا،قەندیل،بادینان،برادۆست،سۆران و ئاسۆس و بە گشتیش لە هەموو گوندەکان،قەزا و شارەکانی باشووری کوردستان دەکەم.هەموو ئەو باجانەی لە پێناوی بوون بە گەلێکی بە شەرەف دراون؛بە دڵ و بە گیان بەشداریکردنتان لە هەموو کار و خەباتێکی گەورەترکردنی ئەم بەرخودانە،خاوەنداریکردن لە مێژووی پیرۆزی شەهیدان و بەرخودان،سەرکەوتنی قۆناغی کۆمەڵگەی ئاشتی و دیمووکراتی و برەودان بە یەکێتی نەتەوەیی بە مەرج و پێویستی دادەنرێت.بوون بە مرۆڤی ئازاد لە وڵاتی ئازاد ئەم پێویستیانە دەسەپێنێت.لەسەر ئەم بنچینەیە جارێکیتر سڵاوی خۆم بۆ گەلەکەمان لە باشووری کوردستان دەنێرم و خۆشەویستی و پابەندی خۆمتان پێشکەش دەکەم.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان
قەندیل پرێس