به‌په‌له

چالاکی میلیتانی یانخود تەسلیمبوون!

✍ شەماڵ بەشیری

ئاگر لە ئەدەبیات و ترادیسیۆنی چالاکی و خەباتی سیاسیی-لەشکەریی پەکەکەدا، مێژوویەکی دورودرێژ و سیمبۆلیکی هەیە. ئەگەر کەڵک لە چەمکی مێژونووس و کۆمەڵناسی ئامریکی چالز تیلی وەربگرین، دەتوانین بڵێین، ئاگر یەکێکە لە بژاردەکانی کرداریی نارەزایەتی دەربڕین لەناو پەکەکەدا.

جگە لەوەیکە ئاگر وەک بەشێک لە سیمبۆلی ناو مێتۆلۆژیای کوردیی، وەک مێتۆلۆژیای نەورۆز بەرجەستەکراوە، بەهەمان شێوەش ئەمە لەناو ترادیسیۆنی چالاکی پەکەکەدا جەختی لەسەر کراوەتەوە و بەرجەستەکراوەتەوە. لە خەباتی چەکداری پەکەکە، بەرهەمی چالاکیی گیانبازیی مەزلوم* دۆغان* لە سەروبەندی نەورۆزدایە کە گوایا ناوبراو لە کونجی زینداندا ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و بەمەش یەکەمین ئاگری نەورۆزی ئازادی داگیرساندووە. دواتر ئۆجەلان ئەم چالاکییە وەک فەرمانێک بۆ خەباتی چەکداری پەکەکە پێناسە دەکات و ئەو فەرمانەش لە ١٥ی تەباخدا یەکەمین فیشەکی دەتەقنێندرێت و هەتا ئێستاکەش ئەم تەقەیە بەردەوامە.

دواتر لەناو گرتووخانەکانی تورکییەدا ئەندامان و چالاکڤانانی پەکەکە لە دژی ئەشکەنجە و سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکییەدا، بازنەیەکی ئاگرین ساز دەکەن و ئاگر لە جەستەیان بەردەدەن. ئەم جۆرە چالاکییانە بە ئاگر هەتا کاتی رفاندنی ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٩٩ بەردەوام دەبن و لەو قۆناخەدا وەک نارەزایەتی لەدژی رفاندنی ئۆجەلان بە دەیان دۆست و ئەندامی پە*کە*کە ئاگر لە جەستەیان بەردەدەن. چالاکیی بە ئاگر هەتا ساڵی ٢٠٠٦ و چالاکییەکەی ڤیان سۆران وەک فۆڕمێکی باو بەردەوام دەبێت. ئەم چالاکییانە هەم کارایی ناوخۆیی بۆ بزوتنەوەکە و کۆمەڵگای کوردیی و هەم لایەنی دەرەکیی هەبووە. خاڵی هاوبەشی ئەم چالاکییانە یەک شت بووە: پەیامی پەیوەستبوون، میلیتانبوون و ئامادەیی بۆ گیانبازی لە پێناو ئامانجێکی دەستنیشانکراوی سیاسیی- ئیدئۆلۆژیکدا.

کە دێتە سەر چەک، وەک هەموو بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕ، پەکەکە هەستیارییەکی فکری- کولتووریی بەرفراوانی لە چوار دەوری چەک لەناو ئەندامانیدا ساز کردوە. چەک کە هەمیشە دەگەڵ شەڕەف وشۆڕشگێرێتی پۆلێنکراوە، بۆتە هەڵگری دونیایەک لە میستیک. باشترین نموونە بۆ تێگەیشتن لەم دیاردەیە، فیلمی بێریتانە. فیلمی بێریتان کە گێڕانەوەی بەسەرهاتێکی زیندوویە، باس لە چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی ژنەگە*ریلای کورد بێریتان دەکات لە شەڕ لە دژی سوپای تورکییە کە شانبەشانی پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق، گەمارۆی چەند گەریلایەک دەدەن. لوتکەی دراماتۆرژی ئەو فیلمە کاتێکە کە بێریتان فیشەکی لێدەبڕدرێت و دەکەوێتە گەمارۆی پێشمەرگەکان. بێریتان، لە دۆخێکی هێستێریکدا دەست دەکات بە شکاندنی چەکەکەی. بە هەموو هێزی خۆی چەکەکەی لە زەوی و شکێرەکانی دەوروبەری دەدات بۆ ئەوەیکە چەکەکەی کە هێمای شەڕەفی شۆڕشگێرییەتی نەکەوێتە دەستی هێزەکانی پێشمەرگەی پدک. دوای ئەوەیکە بێریتان دڵنیا دەبێت لەوەی چەکەکەی شکاوە، خۆی لەسەر لوتکەی ئەو چیایەی کە تێیدا هەتا کۆتا فیشەک شەڕی مان و نەمانی کردبوو، هەڵدەداتە خوارەوە و نە خۆی و نە چەکەکەی تەسلیمی دوژمن ناکات. لێرەدا شکاندنی چەک، رۆڵی هەمان سوتاندن دەبینێت کە خۆی لە خۆیدا هەوڵێکە بۆ لەناوبردنی چەکەکە لە پێناو رادەستنەکردنی بە دوژمن.

لێرەدایە کە پێویستە رێوڕەسمی چەک سوتاندنی گروپێکی ٣٠ کەسی لە ئەندامانی پە*کە*کە لە رێکەوتی ١١ی مانگی حەوتدا، لە ژێر ئەو پێشینە مێژوویی و سۆسیۆلۆژیکەدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت. بە گەڕانەوە بۆ چالز تیلی، دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامە سۆسیۆلۆژیکە کە ئاگرتێبەردان و سوتاندن بەشێکە لە نەریتی بەرگری و نارەزایەتی نیشاندان کە خاوەن مێژوویەکی دوور و نزیکە. رێوڕەسمی سوتاندنی چەکەکان، جۆرێکە لە خۆپێشاندن و چالاکی نارەزایەتی میلیتانانە کە تێیدا ئەندامانی ئەم بزوتنەوەیە، مەزلوم دۆغان-ئاسا، بە چالاکییەکەیان پلاتفۆرمێکی بەرگری و نارەزایەتی دەربڕین ساز دەکەن و دامودەزگاکانی دەوڵەت و دەسەڵات رووبەڕووی ئالەنگاری دەکەنەوە. بەم چالاکی و هەڵوێستەیان هەم رۆژەڤێکی سیاسیی جیهانی و هەرێمی ساز دەکەن هەم گۆزارە لە گەشەسەندنێکی سۆسیۆلۆژیک لە شێوازی نارەزایەتی دەربڕینیان دەکەن. ئەگەر جاران جەستە دەبوو بە ئامراز و پلاتفۆرمێک بۆ چالاکی و لە رێگای سووتاندنی جەستە بەرەنگاری دەسەڵات و دامودەزگاکانی دەوڵەت دەبوونەوە، ئەوا ئێستاکە لە ئەنجامی ئەو گەشەسەندنە و بەپێی بارودۆخی نوێ و پێویستییەکانی سەردەم، ئەوە چەکەکانە کە دەسوتێندرێن نەک جەستەکان. بە واتایەکی تر ئەگەر پێشتر سوتاندنی جەستە وەکو بەرگریی تەماشا دەکرا ئەوا ئێستا سوتاندنی ئامێری بەرگریی کە خودی چەکە، وەکو میکانیزمی بەرگریی سەیردەکرێت.

ئەم رێورەسمە لەهەمانکاتدا گوزارە لە دەستپێکی قۆناخێکی نوێ و لە ئەنجامدا رێپۆرتوارێکی نوێی نارەزایەتیی (پلاتفۆرم و بژاردەی بەرگریی و نارەزایەتی نیشاندن) دەکات. ئەم قۆناخە، چەندە سەردەکەوێت یانخود شکست دێنێت، هیچ دیار نییە و دەرخستنی ئەنجامی کۆتایی لەم دۆخە نامومکینە. بەڵام ئەوەیکە گرینگە خودی چالاکیی و شێواز و پەیامەکانی پشت چالاکییەکەیە.

بەڕای من چەندە شەهامەت، جەسارەت، بوێریی و لەخۆبردوویی لە چالاکییەکەی مەزلوم* دۆغاندا بەرجەستەیە، بەهەمان شێوە و لەهەمان ئاستدا چالاکی سوتاندنی چەکەکان بۆ شۆڕشگێڕێک کە هەتا دۆینێ ئاواڵناوی شەڕەفی بۆ چەکەکەی بەکار دەهێنا، پڕە لە لەخۆبردوویی و نیشاندانی ئامادەیی بۆ چالاکیی میلیتانی پڕ لە فیداکاری بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لە تێکۆشان لە پێناو گەیشتن بە مافە دیموکراتیکە نەتەوەییەکانی کورد لە تورکییە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

دژایەتی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان لەپای چی؟

✍ عومەر باڵەکی ماوەیەکە شەپۆلێکی نوێی هێرشی ناڕەوا و بێ‌بنەما دەکرێتە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *