به‌په‌له

هیوا خۆشناو: ئێران پێیوایە، تا په‌که‌که بەدەستی تورکیا تەنگەتاو بکرێ، ئەوا زیاتر ناچاری تاران دەبێت و ئەوان دەتوانن لە سوریا سازشی پێ بکەن

هیوا خۆشناو ده‌ڵێت: “پارتی دەیهەوێ دوو ئامانج بپێکێنێ:
١- لە ڕێگای ئێران-حەشدی شیعە و بەرەی مقاوەمە، هەڵبژاردنێک بە پێی دیزاینی خۆی ئەنجام بدات یان پەکی بخات و هاوکات جێگای خۆی لە هەڵبژاردنی ئاییندەی عێراقدا قاییم بکات.
٢- لە رێگای تورکیاوە زەبرێک لە نەیارە کوردەکەی {یەکێتی نیشتیمانی کوردستان} بدات، لە ڕێگای پەلکێشکردنی لەشکری تورکیا بۆ ناو قولایی بادینان، زەمینەی هەڵبژاردن لەناو ببات.
لێرەدا پرسیاری ئەوەش دەکەوێتە سەری مرۆڤ کە ئایا پارتی جگە لەمانە، لەسەربنەمای ڕازیکردنی تورکیا بۆ ئەوەی ڕێگای ئاوریشمی ستراتیژی بەسرە – جەیهان بەجوگرافیای ئەودا تێپەڕێ سازشێکی گەورەی بۆ تورکیا نەکردوە؟ جارێ نازانین.”

هه‌روه‌ها هیوا خۆشناو پێیوایه: “پکک لە کوردستانی عێراقدا لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابووردودا بەتایبەتی، گەورەترین هەڵەی کردوە کە کوردستانی عێراقی بەتەنیا وەک مەیدانێکی لۆجستیکی، ئیستیخباراتی و حەسانەوە بۆ سەرکردەکانی بەکارهێناوە. ئێستا پکک دووکەس نادۆزێتەوە تاکو لە بەرانبەر حکومەتی هەرێم و تورکیادا یەک خۆپێشاندان سازبکەن. پکک لەو ماوەیەدا وەک حزبەکانی کوردستانی ئێران بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستانی عێراقی نەبینی و چاویان لە دیوەخانی کوردایەتی بوو تاکو ئەوانیش ببەنە ژوورەوە و لەتە کورسیەکیان بدەنێ. خیتابی پکک لە باشوور جیاوازتر نەبو لە خیتابی کوردایەتی و لە جیاتی پشتگیریکردن لە چینی مام ناوەندی، خەریکی گەرمکردنی حەمامی کۆنگرەی نەتەوەیی، عەشیرەت و حزبە سیاسیە تەقلیدیەکان بوو.”

قه‌ندیل پرێس: سڵاو و ڕێز کاک هیوا، سپاستان دەکەین ئەم وتووێژەتان لەگەڵ قەندیل پرێس قەبووڵ فەرموو، وەکوو پرسیاری یەکەم، هەروا کە ئاگادارن ماوەیەکە دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان و بە تایبەت پەکەکە چڕ کردووەتەوە، هەروەها هێزێکی زۆری لە ڕێگای وشکانیەوە هاتووەتە ناو خاکی هەرێم، ئامانجی تورکیا چییە؟

هیوا خۆشناو: سەرەتا سوپاس بۆ ئەو دەرفەتە و بەسەرکردنەوەتان. پێشتر زۆر قسە لەسەر ستراتیژیەکانی تورکیا لەناوچەکەدا کراوە. تورکیا بەتەنیا لە کوردستانی عێراقدا جموجۆڵی سەربازی نیە، بەڵکو لە باکووری ئەفریقا، سوریا، دەریای سپی ناوەڕاست و قەفقاسیا چالاکی سەربازی هەیە. لەدوای بەهاری عەرەبیدا بەتایبەتی دوای قەیرانەکانی سوریادا تورکیا لەو هەموو ناوچەو وڵاتانەدا هێزی جولاندوە. ئەگەرچی تورکیا لە ڕووی ستراتیژی لە زەرەر زیاتر قازانجی نەکردوە بۆ وڵاتەکەی و جموجۆڵە سەربازییەکان ئهنقەرەی گەیاندۆتە دوالوتکەی قەیرانی ئابووری، بەڵام لە ڕووی تەکتیکیەوە تورکیا کارێکی باشی بۆ خۆرئاوا، ناتۆ و ئەمریکا کردوە کە هەوڵ ئەدەم لە وەڵامی پرسیارەکانی دیکەدا باسیان بکەم.
تورکیا لەسەروبەندی قەیرانی سوریادا بەتایبەتی کاتێک ڕێکخراوی داعش لە کۆنترۆڵ دەرچو، بەخۆی نەیتوانی ببێتە پارتنەر-هاوکارێکی متمانەپێکراوی خۆرئاوا دژ بە داعش. کاتێک ئەمریکا لە ناچاری {یەپەگەی} وەک پارتنەری سەر زەوی لە سوریا هەڵبژارد، ئەمجارە دەوڵەتی تورکیا لە حکومەتەوە تا ئۆپۆزیسیۆن و دەوڵەتی قووڵ کەوتنە گومان و تا ئێستاش قەناعەتی تەواویان ئەوەیە کە ئەمریکا لە کۆتاییدا ستاتوتی دەوڵەت بۆ کوردەکان سازدەکات. کۆمەڵێک بابەتی دیکە هەن کە دەتوانین باسیان لێوە بکەین، بەڵام من هەموویان بە تەفەروعات دەزانم و پێموایە ئەوەی لە سەرەوە باسمکرد، نیگەرانی سەرەکی دەوڵەتی تورکیایە.
لەو سۆنگەیەوە تورکیا لە کوێوە بۆی بکرێ، هێرش دەکات. ئامانجی سەرەکی ئەنقەرە پکک و مەنزوومەی {کەجەکە}یە. بۆ ئەوە تا کۆتایی هاتن بە پکک لە کوردستانی عێراق و سوریادا، ئامادەیە هاوپەیمانی تەکتیکی لەگەڵ کوردەکانی دیکە سازبکات.

قه‌ندیل پرێس: دەوڵەتی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبەکان بەرامبەر بەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا تا ئێستا بێ‌دەنگییان هەڵبژاردووە، تەنانەت پارتی بەوە تۆمەتبارە کە خەریکی هاوکاری کردنی داگیرکاری تورکیایە، ئایا تەوافوقێک کراوە کە ئەوان بەم‌جۆرە بێدەنگن؟
هیوا خۆشناو: وە بڕگەی دوایی وەڵامی پرسیاری یەکەمدا باسم لەوەکرد، کە تورکیا بە پێویستی دەزانێ تا لەناوبردن و داگیرکردنی سەرجەم سەنگەرەکانی پکک، هاوپەیمان و هاوکاری تەکتیکی لەگەڵ لایەنە کوردی و ناکوردیەکان سازکات و سازشی کاتیان بۆ بکات. لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ حکومەتەکانی ئێران، سوریا و عێراق لەناو جموجۆڵێکی ئیستیخباراتی و دیبلۆماسی چڕ دایە. حکومەتی سودانی و خودی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆمەڵێک بەرژەوەندی حزبی و کەسیان هەیە. لە عێراقدا ساڵێک بۆ هەڵبژاردنی فێدراڵ ماوە و وەک نەریت لایەنەکان بەر لە ساڵێک هاوپەیمان بۆ هەڵبژاردن سازدەکەن. سەرۆک وەزیر محەممەد شیاع سوودانی ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە حکومەتی ئاییندەدا دووبارە هەڵبژێردرێتەوە، بەڵام کێشەی لەگەڵ بەشێک لە لایەنە شیعەکاندا هەیە. عێراق وەک ساڵانی ڕابووردودا لە بەرانبەر تورکیادا لاواز نیە، بەڵام تاقە لاوازییەک هەیبێ بریتیە لە کارتی ئاو کە تورکیا باش بەکاری دێنێ و عێراقیش لە ژێر هەڕەشەی ووشکبووندایە. خاڵی هاوبەش و ستراتیژی بەغدا و ئەنکەرەشمان هەیە کە دەتوانێ هەردولا لەسەر یەک مێز کۆبکاتەوە ئەویش رێگای ئاوریشمی بەسرە-جەیهانە کە بەپێی نەخشەی تورکیا، ئەو ڕێگایە بە هەرێمی کوردستاندا تێناپەرێت بەڵکو لە ڕێگای موسڵ دا دەچێتە ناو خاکی تورکیا.
پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ساڵی ١٩٩١ەوە تا ئێستا لە گەورەترین قەیراندا دەژی. جگە لە قەیرانی ململانێی ئامۆزاکان، بڕیارەکانی دادگای فێدراڵی پارتی وەک مەلێکی بێ پەڕوباڵ کردوە. گەورەترین ترس کە لە ئێستادا پارتی هەیەتی، بریتیە لە هەڵبژاردنێک کە خۆی نەتوانێ دیزاینی بکات. ماهییەتی پارتی دەزانین کە نەوەک دۆڕانی دیموکراسیانە، بەڵکو هاوبەشی یەکسانیش قەبووڵ ناکات، بەڵام ئەگەر بڕیارەکانی دادگای فێدراڵ بەتایبەتی دەربارەی هەڵبژاردن وەک خۆی جێبەجێ بکرێن و سەرچاوە داراییە نایاسایی و ناشەفافەکان لەدەستی پارتی دەربهێندرێن، ئەوا بردنەوەی بارزانی لە هەڵبژاردندا ئەستەمە.
پارتی کە تا چەند مانگێکیش خەڵکی دیکەی بە نۆکەری ئێران و بەغدا لەقەڵەم دەدا، ئێستا خەریکی نیکاحە لەگەڵ بەرەی مقاوەمەی ئێران، حەشدی شیعە، بەغدای {داگیرکەر} و عێراقی [موفلیس]. ئەوانە هەر هەموویان بەرهەمی شەوی شەکراوخواردنەوە و مارەیی سیاسی نێچیرڤانە کە دوای ڕیزێک لە دیبلۆماسیەتی {موشەکی بالیستیکی} ئێران بۆ هەولێر، گەیشتە تاران.
پێموانیە لەوە زیاتر پەلکێشکردنی سوپای تورکیا لە بەرژەوەندی پارتی دابێ، بەڵام کەرەکتەری پارتی وایە کە ڕووبەرووی لاوازبوون و بوون بە حزبی دووەم ببێتەوە، دەستناپارێزێ لە هاوکاریکردنی حکومەتانی ناوچەکە. پارتی دەیهەوێ دوو ئامانج بپێکێنێ:
١- لە ڕێگای ئێران-حەشدی شیعە و بەرەی مقاوەمە، هەڵبژاردنێک بە پێی دیزاینی خۆی ئەنجام بدات یان پەکی بخات و هاوکات جێگای خۆی لە هەڵبژاردنی ئاییندەی عێراقدا قاییم بکات.
٢- لە رێگای تورکیاوە زەبرێک لە نەیارە کوردەکەی {یەکێتی نیشتیمانی کوردستان} بدات، لە ڕێگای پەلکێشکردنی لەشکری تورکیا بۆ ناو قولایی بادینان، زەمینەی هەڵبژاردن لەناو ببات.
لێرەدا پرسیاری ئەوەش دەکەوێتە سەری مرۆڤ کە ئایا پارتی جگە لەمانە، لەسەربنەمای ڕازیکردنی تورکیا بۆ ئەوەی ڕێگای ئاوریشمی ستراتیژی بەسرە – جەیهان بەجوگرافیای ئەودا تێپەڕێ سازشێکی گەورەی بۆ تورکیا نەکردوە؟ جارێ نازانین.

قه‌ندیل پرێس: هەڵوێست و ڕۆڵی زلهێزەکان و دەوڵەتەکانی ناوچەکە لە بارەی هێرشەکای تورکیا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
هیوا خۆشناو: دەربارەی بابەتی لەشکرکێشی نوێی تورکیا بۆ سەر کوردستانی عێراق، پێموایە بەتەنیا ئێران و ئەمریکا دەتوانن ڕۆڵیان هەبێ لە ڕێگاگرتن و ڕێگاپێدان دا.
ئەگەر لە ئەمریکاوە دەستپێبکەین، دەتوانین بڵێین سەرباری هەموو ناکۆکیەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا، بەرێوەبەرایەتی ئەردۆغان زمەتێکی زۆر بە سیاسەتی ئەمریکا دەکات لە ناوچەکە کە ئەمانەن:
١-ئەردۆغان لە رێگای هەڕەشەکانی لە دەریای سپی ناوەڕاست دژ بە یۆنان، وایکرد کە یۆنان بەتەواوی تەسلیمی ناتۆ و ئەمریکا ببێت، جگە لە کڕینی چەکی زۆر پێشکەوتووی وەک فڕۆکەی ئێف ٣٥ هاوکات تەواوی وڵات بۆتە قەرەقۆڵێکی سەربازی ئەمریکا.
٢- تورکیا لە ڕێگای هاوکاریکردنی حکومەتی جەرابلوسی ئیخوانی و جەنگ دژ بە گروپی حەفتەر لە لیبیا ڕێگای لە پیلانەکانی ڕوسیاو هێزەکانی ڤاگنەر گرت.
٣-تورکیا لە ڕێگای هاوکارییەکانی ئەزەربایجان دژ بە ئەرمەنستان و قەرەباغدا، ئێریڤانی لە مۆسکۆ تۆراند تا گەیشتە ئەو ئاستەی کە ئەرمێنیا لە هاوپەیمانی ئاسایشی ڕوسیا کە بە {ناتۆی ڕوسیا}ناسراوە بێتە دەرەوە.
٤-تورکیا گەورەترین بۆڕی هەناسەدانی کانسێرەکەی ناتۆیە لە ناو دڵی سوریا و ڕوسیادا لە ئیدلیب. من چەندین جار بە ئارگیومێنت سەلماندومە کە جیهادیەکانی ئیدلیب و هەیئەی تەحریر الشام لەلایەن دەزگای ئیستیخباراتی بریتانی MI6 کە ڕیچارد مووری باڵیۆزی پێشووی بریتانیا لە تورکیا سەرۆکایەتی دەکات، بەرێوەدەچێت و تورکیا وەک بۆڕی ئۆکسجین وایە بۆ ئەو گروپە کە هەرکات دەتوانن هەڕەشە لە پێگەی سەربازی ڕوسیا لە لازقیە بکەن.
٥- تورکیا لە رێگای هێرش و هەڕەشەکانی بۆ سەر خۆسەری دیموکراتی و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هێزەکانی ئەوێ دەخاتە باوەشی ئەمریکا.
ئیتر ئەمریکا ناچارە لە شوێنێک پاداشتی تورکیا بداتەوە کە ئاسانترینیان عێراقە. ئەمریکا بۆ پاداشکردنەوەی ئەو چاکانەی تورکیا کە لە پێنج خاڵدا باسم کردن، لە جیاتی گۆرەپانی سوریا، گۆڕەپانی عێراق دژ بە پکک و ئێران بۆ تورکیا دەکاتەوە.
-لێرەدا پرسیارە سەرەکیەکە بەوە دەستپێدەکات ئەگەر ئەو ئانالیزە ڕاست بێ، کەواتە هێرشی دوایی تورکیا بۆ سەر کوردستانی عێراق لەلایەک و هاوپەیمانەکەی تاران {ی ن ک} هاوکات هێرش نیە دژ بە تارانیش؟ ئەگەر وایە، ئێران بۆ وا بێدەنگە؟
ئەگەر گریمانەکانی سەرەوە ڕاست بن، کەواتە بێدەنگی ئێران واتای رێککەوتن لەگەڵ تورکیادا ناگەیەنێ. لێرەدا دوو ئەگەر هەن کە یەکەمیان دوای دەستنیشانکردنی کابینەی نوێی حکومەتی ئێران و دەستبەکاربوونی، تاران هەڵمەتێکی پێچەوانە ئەنجام دەدات. دووەمیان تاران دەیهەوێ گۆڕەپانی هەرێم و عێراق بۆ تورکیا بکاتەوە و بیخاتە ناو قوڕوچڵپاوی ناوچەکە کە دەرکەوتنی دیارنیە. نابێ لەبیرمان بچێ، کە دوای هەڵمەتی دەزگای پاراستنی پارتی لە ڕێگای ئیستیخباراتی عێراقی بە تۆمەتبارانکردنی پکک و یەکێتی بە سوتاندنی دوکانی بازاڕەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکوک، لایەنگرانی ئێران و خودی تاران پارتیان ناچارکرد، لە ڕێگای نێچیرڤانەوە لە ڤێنای پایتەختی ئۆتریش لێدوانی پێچەوانە بدات بۆ دەرخستنی ی.ن.ک لەو لیستی ئەو تاوانبارییە و پاککردنەوەی. وادیارە ئێران پێیوایە، تا پکک بەدەستی تورکیا تەنگەتاو بکرێ، ئەوا زیاتر ناچاری تاران دەبێت و ئەوان دەتوانن لە سوریا سازشی پێ بکەن.

قه‌ندیل پرێس: شرۆڤەی بەڕێزتان لەسەر سیاسەتی پەکەکە لەم کاتەدا بەرامبەر بە تورکیا چییە و بە ڕای بەڕێزتان پەکەکە چ سیاسەتێک هەڵبژێرێت باشترە؟
هیوا خۆشناو: لەکاتێکدا کە شەڕەکە کەوتۆتە بەردەرگای تونێلەکانی پکک دا، رێکخراوەکە توانای سیاسەتێکی دیکەی نیە جگە لەخۆپاراستن کە لە ڕووی سەربازییەوە جیاوازییەکی نیە لە شەڕو تەکتیکی سەربازی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە. ئێمە پێشتر باسی ڕەوشی پکک ەمان کردبو کە لە ئەنجامی غیابی ئۆجالاندا ناتوانێ هەڵمەتی سیاسی و ستراتیژی بەرفراوان ئەنجام بدات. بەهۆی نابەرانبەری هێزی تەکنۆلۆژی و سەربازی پکک لەبەرانبەر تورکیادا، پێموایە سەرکردایەتی پکک هیچ کامێکیان لە خاکی عێراقدا نەماون. ئیتر ئالوگۆڕی و پەیوەندی نێوان ناوەند و ئۆرگانەکانی پکک لە ئاستێکی زۆر نزم دایە. ئەو ڕەوشە رێکخراوەکەی زۆر تەنگەتاو کردوە کە ناتوانێ کۆنفرانس، کۆنگرە، پەروەردەی مەرکەزی سازبکات. هەروەها بەهۆی دوورکەوتنەوەی سەرکردایەتیەکەی لە بنەکاکانی، وە بە هۆی ئەوەی زۆربەی زۆری کادیرە بەتواناکانی لە رێگای درۆنەکانەوە ژیانیان لەدەست دا، رێکخراوەکە توشی ئاڵۆزیەکی فکری سەیر بوە کە ناناسرێتەوە و لە ڕێکخراوی ئۆجالان ناچێ.
سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەت، وەڵامێکی تێروتەسەڵمان لانیە، ئێمە ڕەوشی ناوخۆیی پکک نازانین و ناتوانین بیبینین تا بزانین کام سیاسەت رێکخراوەکە لەو هەڕەشانە دەپارێزێ. بەڵام ئەوە دیارە کە پکک لە کوردستانی عێراقدا لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابووردودا بەتایبەتی، گەورەترین هەڵەی کردوە کە کوردستانی عێراقی بەتەنیا وەک مەیدانێکی لۆجستیکی، ئیستیخباراتی و حەسانەوە بۆ سەرکردەکانی بەکارهێناوە. ئێستا پکک دووکەس نادۆزێتەوە تاکو لە بەرانبەر حکومەتی هەرێم و تورکیادا یەک خۆپێشاندان سازبکەن. پکک لەو ماوەیەدا وەک حزبەکانی کوردستانی ئێران بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستانی عێراقی نەبینی و چاویان لە دیوەخانی کوردایەتی بوو تاکو ئەوانیش ببەنە ژوورەوە و لەتە کورسیەکیان بدەنێ. خیتابی پکک لە باشوور جیاوازتر نەبو لە خیتابی کوردایەتی و لە جیاتی پشتگیریکردن لە چینی مام ناوەندی، خەریکی گەرمکردنی حەمامی کۆنگرەی نەتەوەیی، عەشیرەت و حزبە سیاسیە تەقلیدیەکان بوو. ڕەخنەکانی پکک لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئێستاش ڕەخنەی مەبدەئی نین، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە پارتی بۆ یارمەتی ئەوان نادات و کارناکات بۆ وەستاندی تورکیا.

قه‌ندیل پرێس: وەکوو پرسیاری کۆتایی، لەم ماوەیەدا بینیمان کە پەکەکە دەستی گەییشتووە بە چەکی دژە فڕۆکەو هەروەها درۆنی خۆکووژ و ئەم چەکانەی دژ بە سوپای تورکیا بەکارهێنا، ئەمە لە ڕووی سەربازییەوە دەتوانێت خاڵێکی وەرچەرخان بێت دژ بە سوپای تورکیا؟

هیوا خۆشناو: منیش زانیاری مەیدانیم لەبەردەستە کە پکک جۆرێک چەکی دژ بە درۆنی تورکی بەدەست هێناوە. هەبوونی ئەو چەکانە شتی باشن، بەڵام ناکرێ زۆر گەورە بکرێ و زێدەڕۆیی بۆ بکەین. بۆ نمونە ئیسرائیل پەشکەوتوترین چەکی دژە فڕۆکەی هەیە {ئایرن دۆم} بەڵام سەرباری ئەوە ناتوانێ رێگا لە هەموو هێرشەکانی حەماس، حزب اللە و ئێران بگرێ. بەپێی بەدواچونەکانم، لە دوای بەدەستخستنی ژمارەیەک چەکی دژ بە درۆن، جموجۆڵەکانی درۆنی تورکیا تاڕادەیەک کەمیان کردوە، بەڵام تا ئێستاش بەردەوامە و ئەگەر بیانهەوێ دەتوانن ئامانجەکانیان بۆمباباران بکەن. وادیارە لەو هێرشەی ئێستادا ئامانج بەتەنیا دابڕانی پەیوەندی فزیکیە لە نێوان زاپ-مەتین و گارا کە سێ شاخی ستراتیژین بۆ پکک. تورکیا پێیوایە چیای گارە کە زیاتر لە ناوخۆی بادینانە و دووری سنورە، بۆتە بۆری هەناسەی ناوچەکانی دیکە و لەوێوە چەکوتەقەمەنی بۆ ناوچەکانی دیکەدا دابین دەکرێ.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

وتووێژی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەڕێز “فەرزین کەرباسی” شرۆڤەکاری سیاسی لە بارەی دوایین دۆخ و ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

پرسیاری یەکەم: لە ڕۆژانی ڕابردوودا فایلێکی دەنگی بەڕێز ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *