د. خالید خهیاتی دهڵێت: “دوکتور قاسملوو پێیوابوو کە بە پێیی سەختی و قورسی کێشەکان کۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێت و ناچارە بە پێی هەمان لۆژیکی دانووستاندن و ئاشتی لە کوردیش نیزیک بێتەوە. ئەو خوێندنەوەیە هەڵە بوو. بۆچی؟ چونکە ڕژیمی تۆتالیتەری دەرهاویشتەی شۆڕش تەنیا لە چوارچێوەی باڵانسی هێز و لە حاڵەتی دەسەڵاتی یەکسان یان لاوازتر مل بە دانووستاندن لە گەڵ لایانی بەرامبەر دەدات.”
د. خالید خهیاتی پێیوایه: “ئەوەی لێرەدا بۆ ئێمە گرینگە دۆخی ئێستای کوردە لە ڕۆژهەڵات و بارودۆخی حیزبە کوردییەکانە کە لە قۆناغی دوای شۆرشی ژینا دا دوچاری بوون. غیابی دیسکورسێکی سیاسی ڕوون و بەم پێیەش نەبوونی پڕاتیکی سیاسی گونجاو زۆربەی ئێمەی تووشی ئاڵۆزی فکری و سستی کردوە. ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات خاوەن پێناسەیەکی هاوبەش بۆ پرسی کورد نین. بۆ هێندێک بەرپرسی حیزبی پرسی کورد دەرهاویشتەی ڕەفتارەکانی کۆماری ئیسلامییە لە حاڵێک بەشێکی بەرچاو لە رەوشنبیر و ئاکادیمیسییەنی کورد (خۆشم یەک لەوان) کێشەی کورد لە بەستێنێکی قووڵتری مێژوویی، سیاسی و فەرهەنگی دا دەخوێننەوە و پێیان وایە کە کوردستان لە لایان ئێرانەوە کۆڵۆنیزە کراوە. کێشەیەکی سەرەکی دیکە کە لە ئاکامی نەبوونی گوتاری هاوبەش دا هاتۆتە ئاراوە ئەوەیە کە هەر لایەنەی ئاسۆیەکی جیاوازی بۆ چارەسەری لای خۆی بەرجەستە کردۆتەوە.”
قهندیل پرێس: سڵاو و ڕێز د. خالد، سپاستان دەکەین ئەم وتووێژەتان لەگەڵ قەندیل پرێس قەبووڵ فەرموو، هەر وەک ئاگادارن لە ساڵڕۆژی شەهیدکرانی د. قاسملوو بەدەست ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران نزیک دەبینەوە، وەکوو پرسیاری یەکەم، بابەتی دانوستانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو کاتەدا چی بوو کە لە کاتی دانوستانەکەدا د. قاسملوویان تیرۆر کرد؟
د. خالید خهیاتی: ئەوەی لێرەدا ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە لەو کاتە دا شتێک بە ناوی دانووستاندن لە ئارادا نەبووە. چونکە دانووستاندن پێناسەی خۆی هەیە و ئەوەیش بریتییە لەوەی کە دوو یان چەند لایەن لە سەر پرسیار و بابەتێکی جیگای ناکۆکی یان کێشەیەکی تایبەت لە پڕۆسەیەکی کورتخایان یان درێژخایان (بە پێی گرینگایەتی، هەستیاری و سروشتی کێشەکە)، بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی هاوبەش دەکەوەنە گوتوبێژ و ڕاگۆڕینەوە. ڕاستە کە مەبەستی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لەم دیدارە شوومەدا دۆزینەوەی چارەسەرییەک بۆ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات بوو، بەڵام کاتێک کە دەوڵەتی ئێران بە ئەرکداری کەسانی تیرۆریست و ئەمنییەتی و بە بەرنامەیەکی توکمەی تیرۆرەوە کە لە ئاستی هەرە باڵای سیستەمی دەستەڵاتداری وڵاتدا ئامادە کراوە هەنگاو دەنێت، ئیتر شتێک بە ناوی دانووستاندن واتەی نامێنێت.
قهندیل پرێس: بە ڕای جەنابتان ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو کاتەدا بە چ تەحلیل یان شیکردنەوەیەک لەسەر د. قاسملوو گەییشتبوو کە بڕیاری تیرۆر کردنیدا؟
د. خالید خهیاتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێی ئەوەی کە دەرهاویشتەی ڕاستەوخۆی شۆرشێکی جەماوەری و ئیسلامی گەورە بوو، سەرەڕای ئەوەی کە لە سەرەتای فۆڕمگرتنی خۆیدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیران و کێشەی نێوخۆیی و دەرەکی بە ڕواڵەت چارەسەرهەڵنەگردا ببووە، بەڵام دیسانیش بە هۆی ئەوەی خاوەن مەشرووعییەت و پێگەی جەماوەری بوو، توانی قۆناغ بە قۆناغ بەرەوە شێوازێک لە سەقامگیری (Consolidation) هەنگاو بنێت. بۆ نموونە، لە ئاستی دەرەکی ئەو ڕژیمە ئێرانییە هەر لە سەرەتاوە لە گەل هەموو جیهاندا بە تایبەت وڵاتانی رۆژئاوایی و لە سەرەوەی هەموویان ئەمریکا لە ململانیدا بوو. لە لایەکی دیکەوە شەڕێکی تاقەتپرۆکێن، پڕخەرج و ماڵوێرانکەری هەشت سالە لە گەڵ ئێڕاقی سەردەمی سەدام حوسێن بەربینگی گرتبوو. لە ئاستی نێوخۆییشدا ئەو ڕژێمە لە لایەک لە گەڵ دەیان ڕێکخراوی شۆڕشگێر و ڕادیکال وەکوو موجاهیدینی خەڵک و ژمارەیەک لە چەپەکان سەرقاڵی شەڕی چەکداری لە نێو شەقام و کۆلانان دابوو و لە لایەکی دیکەشەوە و لە هەمووی گرینگتر بە دژی کوردستان فەرمانی جیهادی دەرکردبوو و بە پێی ئەو فەرمانە دەیان و بگرە سەدان هەزار یەئجووج و مەئجووجی سەر بەو ڕژیمە بە ناوی پاسدار، ئەڕتەش و جاش وڵاتی کوردیان کردبوە گۆمی خوێن و ببوونە هۆکاری سەدان کاولکاری و دەیان کۆمەڵکوژی و مەرگی هەزاران کەسی بێتاوانی سیویل. هەڵبەتە خودا هەڵناگرێت پێشمەرگەی ئازای کوردستانیش لە ئاستیان بێدەنگ نەدەبوون و لە چوارچێوەی یاسای بەرگری ڕەوادا لە بەرامبەر هێزی دەرەکی و داگیرکەر، زەربەی کوشەندەیان لێدەدان. شایانی باسە کە ئەم قەیران و کێشە گەورانە ئابووری وڵاتی ئێرانی کەم و زۆر هێنابووە ئاستی ئیفلاس، هەربۆیەش سیستەمی دابینکردنی ژیان و بژێوی هاووڵاتیان لەو سەردەمەدا بە شێوەی ئابووری شەڕ و مۆدێلی جیرەی جەنگی بەڕیوە دەچوو. میعماری سەرکی ئەم مۆدێلەش میرحسێنی مووسەوی بوو کە دواتر لە کۆتاییەکانی دەیەی سێهەمی کۆماری ئێسلامی ئێراندا وەکوو بەربژێری موخالیف خۆی بۆ پۆستی سەرۆکۆماری وڵات کاندید کردبوو. بەهەرحال ئەو دۆخە دەوڵەتی ئێرانی ناچارکرد کە بە مەبەستی کۆتایهێنان بە شەڕی هەشت سالە دەستی ئاشتی بەرەوە سەدام حسێن درێژ بکات، ئاشتییەک کە ئایەتوڵلا خۆمەینی ڕێبەری ئەوکاتەی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە جامی ژەهری ناوزەدکرد. دوکتور قاسملوو پێیوابوو کە بە پێیی سەختی و قورسی کێشەکان کۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێت و ناچارە بە پێی هەمان لۆژیکی دانووستاندن و ئاشتی لە کوردیش نیزیک بێتەوە. ئەو خؤیندنەوەیە هەڵە بوو. بۆچی؟ چونکە ڕژیمی تۆتالیتەری دەرهاویشتەی شۆڕش تەنیا لە چوارچێوەی باڵانسی هێز و لە حاڵەتی دەسەڵاتی یەکسان یان لاوازتر مل بە دانووستاندن لە گەل لایانی بەرامبەر دەدات. کاتێک کە کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیارنامەی ٥٩٨ی نەتەوەیەکگرتوەکانی وەکوو بنەمای دانووستاندن لە گەل ئێڕاق قەبوول کرد، لەمێژ بوو دژبەرە چەپەکانی خۆی لە ئاستی نێوخۆییدا بێکاریگەر کردبوو. لە ساتەکانی کۆتایی شەڕدا موجاهیدینی خەڵک دواترین شەڕی چارەنووسسازی خۆی کرد و سەرکەوتنی بە دەست نەهێنا. پێش ئەوەش و دوای ئەوەش هەزاران زیندانی سیاسی قەتڵوعام کرابوون هەتا ئەم دەوڵەتە بۆ هەمیشە مەترسی ڕێکخراوی دژبەر لە سەر خۆی بڕەوێنێتەوە. دۆخی کوردستان باشتر نەبوو. شەڕی نێوخۆیی لە لایەک ببوە هۆکاری ماندوویی و بێهیوایەکی زۆر لە نێۆ کوردان و لایەکی دیکەش ئەو دەرفەتەی بۆ هێزەکانی ئێرانی ڕەخساندبوو کە پلە بە پلە پۆزیسیۆنی خۆیان فراوانتر بکەنەوە هەتا ڕادەیەک کە ئیدی هیچ گرد و دوندێکی وڵات نەمابوو کە ڕژێم پایەگای سەربازی لێ دروست نەکا. بەم پێیەش سەرانسەری کوردستان وەکوو سەربازخانەیەک میلیتاریزە کرا و دۆخی ترس و دڵەڕاوکێ باڵی بە سەر هەموو جێگایەک دا کێشا. من پێموایە ئەو دۆخە ناخۆشەی کوردستانیش لە حیساباتی قاسملوو دا لە گەڕان بە دوای مفاوازات و چارەسەریدا جێگەیەکی گرینگیان هەبووە.
بە هەرحاڵ، هەبوونی مەشڕووعییەت و پێگەی جەماوەری یارمەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی دا کە نە تەنیا زۆربەی ئەم کێشە و قەیرانانە تێپەڕ بکات، بەڵکوو لەوەش گرینگتر لە کوشتن و تێرۆری کەسایەتی بەرجەستەی موخالیفیش وەک هەمیشە بەردەوام بێت. ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی سیاسی وەکوو کازمی ڕەجەوی، فەرەیدوونی فەروخزاد، شاپووری بەختیار، غوڵامی کەشاورز، سەدیقی کەمانگەر، و …. بوونە قوربانی تیرۆری دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئیران. بەڵام تیرۆری ڕێبەرانی کورد لەوانە دوکتور قاسمڵوو لێکدانەوەیکی جیاوازتری پێویستە. لە لایەک دوکتور قاسملوو وەکوو یەک لە ئاخرین و بەرجەستەترین کەسایەتی موخالیفی ڕژیم هەم کورد بوو، هەم خاوەن سەواد و هزری سیاسی و هەم رێبەڕی یەک لە بەهێزترین حیزبی بەرهەڵستکار. لە لایەکی دیکەشەوە ئەو ترس و نفرەتە مێژووییەی کە لە ولاتی ئێران دا بەرامبەر بە کورد هەیە، خۆیلەخۆیدا دادەبێتە هۆکار کە لە نێو کاربەدستانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەستێکی بەهێزی تۆڵە شکڵ بگرێت. هەستێک کە لە ڕەوتی پڕاکتیزەبوونی خۆیدادەبێتە بەرنامەیەکی توکمەی تیرۆر کە باڵاترین کەس و ئۆڕگانەکانی ڕژیم بڕیاری لە سەر دەدەن و ئامادەی دەکەن. شایانی باسە کە بەرپرسانی رژێم لە پەیڕەوکردنی ئەم فەرهەنگە تۆڵەیە دا بە ڕاستی پێیان وایە کە مەزڵوومن و زوڵمیان لێکراوە. ئەو مۆدیلەی تۆڵە کە سەرچاوە کولتورییەکەی ئیدئۆلۆژی ئێرانی/شیعییە لە بەرامبەر کوردان دا مێژوویەکی کۆنی هەیە و دەگەڕێتەوە سەردەمی سەفەوییەکان.
قهندیل پرێس: تیرۆری د. قاسملوو چ کاریگەریەکی بەسەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بە جێ هێشت؟
د. خالید خهیاتی: بێگومان یەک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تێرۆری کەسانی وەکوو دوکتور قاسملوو و دوکتور سەعید کە کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاڕی لە سەر دەدات لە هەنگاوی یەکەم دا لاوازکردنی حیزبی دیمۆکڕاتە و لەوەش گرینگتر لاوازکردن یان سڕینەوەی گشتیی پرسی کوردە لە ئێران. من بە وردی نازانم ئەو رێبەرانە ئەگەر نەبووبانە قوربانی تیرۆری دەوڵەتی و لە ژیان دا مابان چ شتگەلێکی جیاوازیان دەکرد کە دۆخی کورد باشتر بوایە لەوەی کە ئێستا هەیە. بەڵام لانی کەم بە پێی ئەو زانست و ناسینەی کە لەم کاراکتەرە سیاسییانە بە تایبەت لە دوکتور قاسملوو لە بەر دەست دایە. ئەو کەسێک نەبوو کە بۆ قۆناغەکانی دوای شەڕی سارد، گەشەی سیاسەت و ئابووری و ڕەوتی کۆچبەری و بە گشتی کۆی ئەم گؤرانکارییە بەرچاوانە کە هەموو دونیا دەگرێتەوە و پەیوەندی بە هەموو لایەکەوە و لەوانە کوردیش هەیە، خوێندنەوەی نەبێت. بێگومان دیسکورس و فۆڕمێکی ڕێکخڕاوەیی تایبەتی دەهێنا ئاراوە. دیارە ئەوە بابەتێکە کە گرینگایەتی مێژوویی هەیە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەیە. بەڵام ئەوەی لێرەدا بۆ ئێمە گرینگە دۆخی ئێستای کوردە لە ڕۆژهەڵات و بارودۆخی حیزبە کوردییەکانە کە لە قۆناغی دوای شۆرشی ژینا دا دوچاری بوون. غیابی دیسکورسێکی سیاسی ڕوون و بەم پێیەش نەبوونی پڕاتیکی سیاسی گونجاو زۆربەی ئێمەی تووشی ئاڵۆزی فکری و سستی کردوە. ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات خاوەن پێناسەیەکی هاوبەش بۆ پرسی کورد نین. بۆ هێندێک بەرپرسی حیزبی پرسی کورد دەرهاویشتەی ڕەفتارەکانی کۆماری ئیسلامییە لە حاڵێک بەشێکی بەرچاو لە رەوشنبیر و ئاکادیمیسییەنی کورد (خۆشم یەک لەوان) کێشەی کورد لە بەستێنێکی قووڵتری مێژوویی، سیاسی و فەرهەنگی دا دەخوێننەوە و پێیان وایە کە کوردستان لە لایان ئێرانەوە کۆڵۆنیزە کراوە. کێشەیەکی سەرەکی دیکە کە لە ئاکامی نەبوونی گوتاری هاوبەش دا هاتۆتە ئاراوە ئەوەیە کە هەر لایەنەی ئاسۆیەکی جیاوازی بۆ چارەسەری لای خۆی بەرجەستە کردۆتەوە. لایەن هەیە پێی وایە لە ئێراندا پرۆسەیەک بە ناوی ڕیفؤڕم لە ئارادایە کە دەتوانێت بۆ کوردیش خێری هەبێت. هەیە پێی وایە کە نیزیکبوونە کە کەسایەتی و رێکخراوی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی زەمینەی لەبارتر بۆ کورد دەڕەخسێنێت. هەروەها هەیە کە پێێ وایە هەر یەک لەو هەڵوێستانە کات بە فیڕۆدانە کە کۆتاییەکی توانەوەی کورد و هوویەتی کوردی لیدەکەوێتەوە. ئەوەی کە لە ڕوانگەی منەوە لێرە دا بۆ ئیمەی کورد گرینگە حەولدانە بۆ نیزیکبوونەوە لە یەکتر و دەستەبەرکردنی گوتارێکی سیاسی/نەتەوەیی هاوبەش و بەم پێیش داڕژتنی پڕاتییکی سیاسی گونجاو و دەستنیشانکردنی ئاسۆی چارەسەری لانی کەم و ئەگەر بکرێت لە ئاستێکی مینماڵدا. من بەش بە حاڵی خۆم ئاگام لییە کە دەوڵەتی ئێران هەم بە ڕێگای ئامێری ڕەق و زەبر و زەنگ و هەم بە ڕێگای ئامێری نەرم و بەرنامەی جیاوازی فەرهەنگی خەریکە بە شێوەی سیستەماتیک لە سەر تواندنەوەی کورد یان لانی کەم بە فۆلکلۆریزەکردنی کورد کار دەکات.
ئەو گشتە جیاوازی بۆچوون و ڕێکخراوەیی کە ئێمە هەمانە، ئەم قەیرانە گوتاری و هوویەتییەی کە ئێمە تێیدا دەژین تەنانەت وڵاتانی سەقامگرتووی دیمۆکراتیکی وەکوو ئەمریکا و فەرانسەش بۆیان هەزم ناکرێت چ بگا بە ئێمەی کورد کە خاوەن هیچ موسەسەیەکی حقووقی و دەستەلاتداری نین کە تەعبیر لە خواست و ویستی ئێمە بکات.
قهندیل پرێس: بە ڕای بەڕێزتان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران لە باری یاساییەوە لەسەر تیرۆری د. قاسملوو بە پێچەوانەی تیرۆری د. شەرەفکەندی مەحکووم نەکرا؟
د. خالید خهیاتی: لە پەیوەندی لە گەڵ ئەم پرسیارە دا دەتوانم بڵێم کە کۆی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بە تایبەت دەوڵەتانی یەکێتی ئۆڕۆپا لە سەر بنەمای بەرژەوەندی خۆیان لە گەڵ ئێران هەڵسوکەوت دەکەن. دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ لێرەدا ڕۆڵی سەرەکی نابینیت. نموونەی ئوتریش، فەڕانسە، بلژیک، هولەند، ئاڵمان، و لەم کۆتاییانەدا سوئێد و دیاردەی حەمید نووری ئاماژەی ڕاستەوخۆیە بە مۆدێلی بەرژەوەندی دوولایانە، جا چ ئەو بەرژەوەندییە ئابووری یان سیاسی بێت یان پەیوەندی کە بە پرسی ئاسایش و پاراستنی کیانی وڵات یان گیانی هاووڵاتیان بێت. ئەگەر لە ولاتگەلێکی وەکوو ئارژانتین پرۆسەیەک بە دژی تیرۆریسمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرێتەوە، ئەوە پەیوەندی بە ههبوونی لۆبێکی بەهێزی جوو هەیە لەم وڵاتە. ئەوەی ئاڵمان کە حاڵەتێکی تایبەتیترە پەیوەندی بەو کەلێنە حقووقییەوە هەیە کە لە سیستەمی دادی ئەو وڵاتە دا هەیە. شایانی باسە، ئەمە چونکە بە دەگمەن ڕوو دەدات زیاتر وەکوو ئیستیسنا باس دەکرێت هەتا وەکوو ڕووتین، دیاردەیەک لە زانستی سیاسی دا پێی دەڵێن ئانۆمالی.
قەندیل پرێس