به‌په‌له

مەزڵوم عەبدی سیاسەتمەدارێکی ژیر و پراگماتییە، پێچەوانەی ئەوانەی پێیانوابوو عەبدی دەبێتە «مەهدی» بۆیان

✍ پێشرەو محەمەد

هەمیشە پێموابووە پەیوەندیی زۆر بنچینەیی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژاڤای کوردستاندا هەبووە و هەر لەبەرئەوەش، هەرگیز هەڵوەستەم لەسەر ئەو لێدوانانە نەکردووە، کە دەسەڵاتدارانی ئەم دوو بەشەی کوردستان بەرانبەر یەکتر دەریانبڕیوە و زۆرجاریش پێموابووە بۆ بەدوژمننەکردنی ناوچەکە (بەتایبەت تورکیا و ئێران) ئەم جۆرە لێدوان و هەندێکجار دژایەتییە کردارەکییانە پرسی تاکتیکین. ئەمەش بەپێچەوانەی ئەوانەی (چ ڕۆشنبیران، ئەکادیمیی و ڕۆژنامەنووسان) هەمیشە گرەویان لەسەر ئەوە دەکرد مەزڵوم عەبدی و هەسەدە ڕۆژێک هەرێمی کوردستانیان بۆ لە دەستی «دێوەزمەی بارزانیی/ و بڕێک جار تاڵەبانیی» ڕزگار دەکات و بۆیان دەخاتەوە سەر «عێڕاقی مەزن».

کەسانێک هەن تا ئاستی داتاشینی چەمکی فەلسەفییش بۆ ئەم پرسە ڕۆیشتوون و زۆر زۆر دوور ڕۆیشتوون، کە ڕەنگە ئێستا ئەم قسانەی مەزڵوم عەبدی تەواو دووچاری هەژانیان بکات. بڕیارە خێرا و پەلەپڕوزێ ئایدیۆلۆژییەکان بەردەوام گرفت بۆ ئامێری داهاتووبینانەی زەین/مێشک دروست دەکەن. بەگشتیی هەست و سۆز و پێداویستیی بۆ دڵنیاییەکی خێرا و هەنوکەیی دەبنە پاڵنەری ئەم بڕیارە ئایدیۆلۆژییە خێرایانە، ئەمەش لەنێو تاقانە حیکایەتێکی ڕەقدا زیندانییان دەکات، کە پێیانوایە بەقووڵیی حیکایەتێکی ڕاستەقینەیە و ئامادەن خۆیانی بۆ بە کوشت بدەن.

جیهان دابەشی سەر دوو بەرەی ڕەش/سپی دەکەن، چاکە/خراپە، فریشتە/شەیتان، مەهدی/دەجاڵ و هتد و قووڵ دەکەونە نێو ژینگەیەکی ئاخیرزەمانیانەی ئایینییەوە. لە گفتوگۆدا زوو هەڵدەچن، مۆرک لە بەرانبەریان دەدەن، بە دەنگی بەرز قسە دەکەن، بەڵام نزم بیردەکەنەوە. تەنها یەک گۆشەی ئێستا دەبینن، داهاتوو نابینن.

بەهیوام ئەم نزیکبوونەوانەی ڕۆژاڤا/باشوور ببێتە ڕێخۆشکەرییەک بۆ بەخۆداچوونەوەی فیکریی، ڕەخنەییانە سەیری گوتاری ڕابردوویان بکەنەوە. ئەوەی کورد ئێستا لە هەموو شتێک زیاتر پێویستییەتی، یەکگرتوویی و یەکگوتاریی نیشتمانییە نەک یەکگوتاریی ئایدیۆلۆژیی. دەکرێت جیاوازییە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەکان بپارێزرێن، بەڵام لەسەر ئاستی باڵا ڕێکبکەون. مەیجەر نۆیل و وینستن چەرچڵ لە کۆنفرانسی قاهیرە کە دەیانویست بڕیار لە چارەنووسی کورد بدەن، تووشی گێژاو ببوون نەیاندەزانی کورد چی دەوێت.

مەزڵوم عەبدی سیاسەتمەدارێکی ژیر و پراگماتییە، پێچەوانەی ئەوانەی پێیانوابوو عەبدی دەبێتە «مەهدی» بۆیان.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

دژایەتی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان لەپای چی؟

✍ عومەر باڵەکی ماوەیەکە شەپۆلێکی نوێی هێرشی ناڕەوا و بێ‌بنەما دەکرێتە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *