بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە پشتی بەپێنج سەرچاوەی ئاگادار بەستوە، بەرپرسانی تەلئەبیبو دیمەشق لەچەند هەفتەی ڕابردودا کۆبونەوەی ڕاستەوخۆیان ئەنجامداوە بەئامانجی هێورکردنەوەی گرژییەکانی سەر سنورو ڕێگریکردن لەپەرەسەندنی سەربازیی.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، ئەم پەیوەندیانە لەلایەنی سوریاوە لەلایەن عەمید ئەحمەد دالاتی سەرۆکایەتیدەکرێن کە ئێستا فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆیە لهپارێزگای سوەیدا.
ئاژانسەکە باسی لەوەشکردوە، ئەم کۆبونەوانە بەشێکن لەو دانوستانانەی کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدهوه لەکانونی دوەمی ساڵی ڕابردودا لەنێوان دیمەشقو تەلئەبیب دەستیانپێکردوه، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمریکا پشتیوانیی لەنزیکبونەوەی نێوان سوریاو ئیسرائیل دەکات.
لای خۆیەوە دالاتی لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی “ئەلئەخبارییە ئەلسورییە” ڕەتیکردوهتەوە بەشداریی لەهیچ دانوستانێکدا لەگەڵ لایەنی ئیسرائیلی کردبێتو جەختیکردوهتەوە، “هەڵوێستی سوریا جێگیرە” لەڕەتکردنەوەی دروستکردنی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیلو دڵنیاییداوە لەوەی ئەوەی بڵاودەکرێتەوە “بێبنەمایە”.
سەرچاوەکان ڕایانگەیاندوە، بەشێک لەکۆبونەوەکان لەناوچە سنورییەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل ئەنجامدراون، بەبێئەوەی ناوی بەشداربوانی لایهنى ئیسرائیلى ئاشکرابکەن.
هەروەک ئەحمەد شەرع سەرۆکی ئیدارەی کاتی سوریا ئاماژەی بەدانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بەئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان کردوه، هەروەک سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوا ئاماژەیان بەوەکردوە، دوای دیدارەکەی ترەمپو شەرع، سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بەدیمەشق گۆڕانکاریی بەسەرداهاتوە.
بەگوێرەی سەرچاوە ڕۆژئاواییەکان، لەئێستادا گفتوگۆکانی نێوان تەلئەبیبو دیمەشق لەسەر پرسە ئەمنییەکان کورت بوهتەوە، بەڵام ڕەنگە ئەمە ڕێگە خۆشبکات بۆ لێکتێگەیشتنی سیاسیی لەداهاتودا، بەبێئەوەی ڕاستەوخۆ پرسی ئاساییکردنەوە لەمکاتەدا بخاتەڕوو.
قەندیل پرێس