قەندیل پرێس
وەزیری دەرەوەی سوریا، لە پەکینی پایتەختی چین چاوی بە وەزیری دەرەوەی چین کەوت، بەپێ زانیاریەکان سوریا 400 چەكداری (ئیگۆر) رادەستی چین دەكاتەوە و سوریا رێگە بە هیچ قەوارەیەك نادات خاكەكەی بەكاربهێنێت بۆ زیانگەیاندن بە چین”.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا (سانا)، ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا، لە پەکینی پایتەختی چین چاوی بە وانگ یی، هاوتا چینییەکەی کەوت و پێکەوە گفتوگۆیان لەسەر پەیوەندییە دو قۆڵییەکان و ڕێگاکانی بەهێزکردنیان کرد، هەروەها ئاژانسی (فرانس پرێس) لەزاری سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی سوریاوە: سوریا لە ئایندەدا بەنیازە 400 چەكداری (ئیگۆر) رادەستی چین بكاتەوە.
حكومەتی چین جەختی لەسەر ڕێزگرتنی لە “هەڵبژاردەکانی گەلی سوریا” کردەوە و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لەو وڵاتەدا. ئەوەش لە میانەی سەردانێكی وەزیری دەرەوەی سوریادا هات بۆ پەكین.
لە سەردانەكەی ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریادا بۆ چین پرسی چەكدارانی (ئیگۆر) دەخرێتەڕوو.
لەسەر داوای چین، دیمەشق دەیەوێت بە چەند كاروانێك چەكدرانی (ئیگۆر) رادەستبكاتەوە.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی چین لە ڕاگەیەندراوێكدا جەختی لەوەکردەوە، ئەوان گفتوگۆ لەسەر بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی ئابوری سوریا دەكەن. هەروەها ڕێز لە هەڵبژاردەکانی گەلی سوریا دەگرێت و ئامادەن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریدا.
كورتەی راگەیەندراوی هاوبەشی سوریاو چین دوای سەردانی وەزیری دەرەوەی سوریا بۆ ئەو وڵاتە:
سوریا و چین جەخت لەسەر روبەڕووبونەوەی هەموو شێوەكانی تیرۆر دەكەنەوە.
سوریا بایەخی هەیە بۆ نیگەرانییە ئەمنییەكانی چین و نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆی.
سوریا رێگە بە هیچ قەوارەیەك نادات كە خاكەكەی بەكاربهێنێت بۆ زیانگەیاندن بە چین و سەروەرییەكەی.
سوریا جەخت لەسەر بنەمای (یەك چین) دەكاتەوەو تایوان بەشێكی جیانەكراوەیە لە چین.
سوریا دژی دەستوەردانی هەر هێزێكە لە كاروباری ناوخۆیی چین.
چین رێز لە سوریاو سەربەخۆیی و سەلامەتی خاكەكەی دەگرێت.
چین جەختدەكات لەسەر ئەوەی حكومەتی سوریا تاكە نوێنەری شەرعی گەلی سوریایە.
چین پشتیوانی پرۆسەی سیاسی سوریا دەكات بە سەرۆكایەتی حكومەت.
چین جەختدەكات كە (جۆلان) خاكی داگیركراوی سوریایە.
پێشتر چین شاندێکی ئابوری و دیپلۆماسی ناردوە کە چاویان بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی كاتی سوریا کەوتوە، یەکەمینیان بە سەرۆکایەتی شی هۆنگ، باڵوێزی چین لە دیمەشق لە مانگی (شوبات/2)ی ڕابردو بو. هەروەها شاندێکی دیکە لە مانگی (ئایار/5)ی ڕابردو سەردانی دیمەشقی کرد، کە سەرۆکایەتییەکەی لەلایەن چێن وەی چینگ، بەڕێوەبەری گشتی بەشی کاروباری ڕۆژئاوای ئاسیا و باکوری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی چینەوە كرا.


قەندیل پرێس