به‌په‌له

د. محه‌ممه‌د حسێن‌زاده: ئەسڵی بابەتەکە ئەوەیە کە تۆ نموونەی ڕاهێنان و پەروەردەی حیبزێکت لەبەردەستە کە سەرقاڵی خولقاندنی وێنایەکی ئەهریمەنی و شەیتانی لە باقی هێز و لایەنەکانە

دوکتور محه‌ممه‌د حسێن‌زاده، شرۆڤه‌کاری سیاسی، له وتوووێژ له‌گه‌ڵ قه‌ندیل پرێس‌دا ده‌ڵێت: “ئەگەر هەر لایەنێک لە ڕاهێنان و پەروەردەی خۆیدا بەو شێوازە ڕەفتار بکات، کورد بۆ پاکتاوکردن و لەنێوبردنی خۆی هیچ پێویستییەکی بە دوژمنی دەرەکی نییە. خۆی بەستێنی “شەڕی هەمووان دژی هەمووان” لە کوردستان فەراهەم دەکات. من پێموایە ئەوانەی بە هەر شێوازێک و بە تایبەت لەژێر ناوی ڕەوایی ڕەخنە، پاساو بۆ ئەم قسە و وانانە دێننەوە ئەگەر کەسێک یەک لە سەدی ئەو تۆمەتانە لە خۆیان وەک تاک بدات هیچ نەبێ لە مەحکەمەیەکدا سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەن. هەڵبەت من نامەوێت بەم باسە ڕەوایی بە هەندێ کاردانەوەی توند و نەشیاوی بەرامبەریش بدەم کە خۆیان دەچنە ئەو بەستێنەی کە ڕەخنەی لێ دەگرن. دەمەوێت بڵێم درووستکردنی وێنای ئەهریمنی و شەیتانی و دواجار شکستخواردوو لە ڕکابەرە سیاسییەکان و باقی حیزبەکان لە پەروەردەی هەر حیزب و لایەنێکدا بێت، بە گشتی بۆ کۆمەڵگەی کوردستان مەترسیدارە. دەبێ هەوڵی بنبڕکردنی ئەم ڕەوتە بدرێت.”

قه‌ندیل پرێس: لە ڕۆژانی ڕابردوودا فایلێکی دەنگی بەڕێز ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە، شرۆڤەی بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟

د. محه‌ممه‌د حسێن‌زاده: لەڕاستیدا ئەمە لەو حاڵەتانەیە کە مرۆڤ دۆش دادەمێنێت شرۆڤەی چی بکات؟ ئەمەی لەم ڕۆژانەدا دەبینرێ کارەساتی شانۆی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بە ڕوونی و ڕاشکاوی، بە بۆچوونی من هەر لە بنەڕەتدا خودی ناوەڕۆکی فایلەکە و قسەکانی هاوسەرۆکی ئێستای پژاک، دەرخەری سووکی و بێ نرخی ئاستی سیاسییە. لەڕاستیدا ئەوەی کە ئەو فایلە تایبەت بە چ قۆناغێکە و کێ و کام لایەن و بە چ مەبەستێک لە ئێستادا بڵاویان کردووەتەوە باسێکی لاوەکییە کە هەندێک بۆ پاساوهێنانەوە و هەڵبەت هەندێکیش بە قەست و نییەتی خێر و بۆ ئاو بە ئاگر کردندا خۆیان پێوە سەرقاڵ کردووە. ئەسڵی بابەتەکە کە هەر لایەنێک ئێستا و دواتریش بیکات نەشیاوە، ئەوەیە کە تۆ نموونەی ڕاهێنان و پەروەردەی حیبزێکت لەبەردەستە کە سەرقاڵی خولقاندنی وێنایەکی ئەهریمەنی و شەیتانی لە باقی هێز و لایەنەکانە. کاتێک لە پەروەردەی حیزبەکەت لە ماوەی ٨۲ خولەکدا کۆی حیزب و لایەنەکان بە پارچەگەرایی و هەرێمچێتی، پاوانخوازی، داڕێژەری سیاسەتی خراپتر لە دوژمن و کامڵکەری پلانەکانی داگیرکەر، هەوڵدان بۆ سڕینەوەی کوردی غەیرە سوننە، ناکارامەیی، شەڕە کورسی، کۆیلەیی و بندەستی، دووڕوویی، تەرکی گوڕەپانی خەبات، خزمەت بە بێگانە، فێڵبازی و فریودان و هەوڵدان بۆ داسەپاندنی ڕێبازی شکست بەسەر گەلدا تۆمەتبار بکەیت و پێشمەرگە و ئەندامانیان بە عارەقخۆر، مامەڵەچی و کاسب، دڵچەڕێن و عەیاش وەسف بکەیت و تەنانەت تۆمەتباریان بکەیت بە بێ ڕەوشتی و دەستدرێژی بۆ سەر ماڵ و منداڵی خەڵک و بەوەش نەوەستی ڕابەرانیان کە بەشێکیان شەهیدن بە بێ ئاگایی و نەناسینی کۆمەڵگەی کوردستان، خۆبەزلزان و بچووکبینینی خەڵک، تەکڕەوی، خۆبەدەستەوەدان، بازرگانیکردن بە پرسی کورد و حازرخۆری تۆمەتبار بکەیت، نەک هەر ئەوەی لێ دەکەوێتەوە کە لەم ڕۆژانەدا دەیبینین، بەڵکوو ئەمه بەستێن بۆ ڕووداوی تاڵتر و ناخۆشتر لە داهاتوودا درووست دەکات کە زیانی بۆ هەمووان دەبێت. دەزانم خستنەڕووی ئەم کورتەیە لەو فایلە لای هەندێک ناخۆش و تاڵە، بەڵام من بەئەنقەست و بەمەبەست ئەو کورتەیەم وت. بێگومان ئەو داهاتوویەی بەم پەروەردەوە دەنەخشێنرێت زۆر تاڵتر و ناخۆشتر دەبێت. ئەگەر هەر لایەنێک لە ڕاهێنان و پەروەردەی خۆیدا بەو شێوازە ڕەفتار بکات، کورد بۆ پاکتاوکردن و لەنێوبردنی خۆی هیچ پێویستییەکی بە دوژمنی دەرەکی نییە. خۆی بەستێنی “شەڕی هەمووان دژی هەمووان” لە کوردستان فەراهەم دەکات. من پێموایە ئەوانەی بە هەر شێوازێک و بە تایبەت لەژێر ناوی ڕەوایی ڕەخنە، پاساو بۆ ئەم قسە و وانانە دێننەوە ئەگەر کەسێک یەک لە سەدی ئەو تۆمەتانە لە خۆیان وەک تاک بدات هیچ نەبێ لە مەحکەمەیەکدا سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەن. هەڵبەت من نامەوێت بەم باسە ڕەوایی بە هەندێ کاردانەوەی توند و نەشیاوی بەرامبەریش بدەم کە خۆیان دەچنە ئەو بەستێنەی کە ڕەخنەی لێ دەگرن. دەمەوێت بڵێم درووستکردنی وێنای ئەهریمنی و شەیتانی و دواجار شکستخواردوو لە ڕکابەرە سیاسییەکان و باقی حیزبەکان لە پەروەردەی هەر حیزب و لایەنێکدا بێت، بە گشتی بۆ کۆمەڵگەی کوردستان مەترسیدارە. دەبێ هەوڵی بنبڕکردنی ئەم ڕەوتە بدرێت.

شانۆی سیاسەتی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر هەستیارە. هیچ پێناسەیەک لە بەرژوەندییە نیشتمانییەکان و بەرژەوەندییە گشتییەکانی ڕۆژهەڵات لە ئارادا نییە کە زۆرینەی حیزبەکان و ئەندامانیان لەسەری کۆک بن و وەک “قورئانێکی پیرۆز” لە دەور یەک کۆیان بکاتەوە و بەو بیانووەوە کێشە لاوەکییەکان چارەسەر بکرێن. بەپێچەوانەوە، لەبەر ئەوەی هەر حیزب و لایەنێک هەڵگری ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی جیاوازە و تەنانەت لەسەر شێواز و میتۆدەکانی خەباتی ڕزگاریخوازانە یان وەک خۆیان دەڵین ئازادیخوازانەش بیروبۆچوونی جیاوازیان هەیە و بگرە هیچ پێناسەیەکیان “لە باشترین جۆری ژیان”ی کۆمەڵگەی کوردستان لە داهاتوودا نییە، زۆر جار کێشە بچووکەکانیش دەبنە قەیران. ئەم دۆخە خوی لەخۆیدا بەستێنی کێبڕکێ و ململانێی و ناکۆکی و دابڕانی فەراهەم کردووە. بۆیە ئاساییە بڵاوبوونەوەی فایلی لەو جۆرە لە هەر لایەنێکەوە بێت ئەوەی ئێستای لێ دەکەوێتەوە کە تەنیا دوژمنان و داگیرکەران پێی دڵخۆشن. بۆیە لە جیاتی ئەوەی کە پاساو بهێنرێتەوە کە ئەو قسانە تایبەت بە چ کات و زەمەنێکن و کام لایەنی دەرەکی بە چ مەبەستێک دیسان بڵاوی کردوونەتەوە، پێویستە هەوڵی بنبڕکردنی ئەو عەقڵییەتە و گوڕانکاری جددی لە پەروەردەی ئەندامان و کۆتاییهێنان بەو بابەتانە بدرێت کە لە قازانجی هیچ تاک و حیزب و لایەنێکدا نین و تەنیا ڕق و کین و دووبەرەکی بەرامبەر یەکتر بەدی دەهێنن. دەنا ئەوە نەکرێت، هەر ئەو نووسراوە و بڵاوکراوانەی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی ئارشیڤ دەکرێن و دەبنە دەسمایەی شەڕێکی دەستەویەخەی دیکەی لەم جۆرە لە داهاتوودا!

🔹 قه‌ندیل پرێس: هەروا کە ئاگادارن ماوەیەکە حەوت حیزبی‌ ڕۆژهەڵات لە چوارچێوە پلاتفۆرمێک بە ناوی ناوەندی دیالۆگ پێکەوە گفتۆگۆیان هەیە، پێشتریش ناوەندی هاوکاری هەبوو بەڵام شکستی خوارد، ئەمجارەیش وادیارە ناکۆکی هەیەو داهاتووی ئەم هەوڵەیشە ڕوون نییە، بە گشتیی هۆکاری ئەوەیکە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ناتوانن پێکەوە هاوکاری بەردەوامیان هەبێت چییە؟

د. محه‌ممه‌د حسێن‌زاده: بە شێوەیەکی ڕیشەیی و بنەمایی دوو هۆکار دەتوانن ببنە هۆی هاوکاری سیاسی و ڕەنگە پێکهێنانی بەرەی یەکگرتوو یاخود هاوپەیمانێتی: یەکەم، هەستکردن بە مەترسی هاوبەشە و دووەم، بەرژەوەندی و ئامانجی هاوبەش و هاوشێوەیە. لەم گۆشەنیگاوە، هەرچەند ناکرێ حاشا لە هاوکارییە بڕگەیی و کاتییەکانی ڕابردووش بکرێت، من پێموایە ئەوەی ڕێگر بووە لە هاوکاری پایەدار و پاوەجێی نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکان و پێکهێنانی بەرە یان هاوپەیمانێتی یان هەر شتێک کە ناوی لێ دەنێن، ئەوەیە کە ئەوان پێناسەیەکی هاوشێوەیان بۆ مەترسییەکان نییە. چارەنووسی ناوەندی هاوکاری کە ئێوە لە پرسیارەکەدا وەک مینایەکی شکستخواردوو ناوتان هێناوە ڕەنگە باشترین نموونە بۆ ئەم باسەی من بێت. دەزانین جیا لەو کێشانەی دوای جیابوونەوەی دووبارەی کۆمەڵەکان بۆ بەردەوامی ناوەندی هاوکاری پێش هات، جیاوازی ڕوانگەی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە سەبارەت بە مەترسییەکانی داهاتوودا ڕۆڵی بەرچاویان لە ناکارامەیی ناوەند هەبوو. زۆر بە کورتی بڵێم لانیکەم لە کاتێکدا لایەنێک بیروبۆچوونی بەرەی خوازیارانی سیستەمی پاشایەتی لە داهاتووی ئێراندا وەک مەترسی و هەڕەشە بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵات دەبینی لایەنی دیکە هاوکاری لەگەڵ ئەوانی بە دەرفەت دەزانی. هەر ئەم هۆکارە بەس بوو بۆ کۆتاییهاتنی هەر جۆرە هاوکارییەک لەو قۆناغە زۆر هەستیاری سەردەمی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی.
هەروەها وەک پێشتریش وتم، هێز و لایەنە سیاسییەکان لە پێناسەی بەرژەوەندی و ئامانجەکانیشدا لێک جیاوازن. سەرنج بدەن هەندێجار تەنانەت لە نێوخۆی هەر یەک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا سەبارەت بە شێوازی خەبات، بۆ نموونە ئەوەی کە دەبێ یەکەمێتی بە خەباتی چەکدارانە بدرێت یاخود خەباتی سیاسی و وەک هەندێک دەڵێن مەدەنی یاخود بە شێوەی هاوکات گرینگی بە هەموو ڕەهەندەکان بدرێت، مشتومڕەکان دەگەنە ئاستی قەیران و دابڕان. جا وێنای بکە گەیشتن بە کۆدەنگییەک (نەک یەکدەنگی) لە نێوان حیزبەکاندا چەندە دژوار دەبێ. خۆزگە هەر ئەمە دەبوو، تەنانەت لەسەر مۆدیلێکی سیاسی بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی دوای قۆناغی ڕزگاری جیاوازی هەیە. لایەنێک بە ئاشکرا دەوڵەتی سەربەخۆی دەوێت، یەک یان دوو لایەن فیدرالیزم بە باشترین شێواز و مودێلی حوکمڕانی بۆ ئێران و ڕۆژهەڵاتی داهاتوو دەزانن، لایەنێک پێی وایە نەک هەر دەوڵەتخوازی بەڵکوو فیدرالیزم دەرکەوتەی ناسیونالیزمی توندئاژۆ و بگرە فاشیزمە و لایەنیش هەیە باسی مافی چارەی خۆنووسین بەبێ دیاریکردنی فورمێکی تایبەت دەکات! لەم حاڵەتەدا کە پێناسەیەکی هاوشێوە لە مەترسییەکان نەبێت و بەرژەوەندی و ئامانجی هاوبەشیش نەبێت، بێگومان هاوکاری سەخت و دژوار دەبێت. ئەمانە ئاستەنگ و لەمپەڕە بنچینەییەکانی هاوکارین.

سەرسووڕهێنەرە لەم ڕۆژانەدا کەسانێک باس لەوە دەکەن بۆ نموونە بڵاوبوونەوەی ئەو فایلە دەنگییەی باس کرا کۆتایی بە ڕەوتی هاوکاری و پێکهێنانی هاوپەیمانێتی هێناوە یان لانیکەم دەتوانێت ئەو ئاکامەی هەبێت. ئەگەر ئەوە ڕاست بێت، واتە هەر لە بنەمادا بزوێنەرەکانی هاوکاری لەق و ناپتەو بوون. کاتێک بنەمای هاوکاری سست و لەرزۆک بوو هەموو شتێک دەتوانێ ببێتە بیانووی دیسانەوە دابڕان و دوورکەوتنەوە!
هەموو ئەمانە بەو مانایە نین کە لە دیدی منەوە هاوکاری حیزبەکان نامومکین و نەلواوە و هەوڵدان بۆ ئەو مەبەستە بێهوودە و بێسوودە. بێگومان ئەو هەوڵانە پێویستن و دواجارهیچ سەرکەوتنێکیش بەبێ هاوکاری نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدی نایەت. لێرەدا بە گوێرەی پرسیارەکە باس لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی ئەو هەوڵانەم کردووە.

قه‌ندیل پرێس: ڕاوبۆچوونێک هەیە کە ئێستا کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە ڕێبەریی دەکرێت و حیزبەکان ڕۆڵی پێشەنگایەتی جارانیان نەماوە، ڕای بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟

د. محه‌ممه‌د حسێن‌زاده: ڕاستەوڕاست پێوەری بەراوردکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ من ڕوون نییە. ئەگەر بە نموونەوە بڵێم، من نازانم پێوەری بەراوردکردنی ڕێکخراوێکی ژینگەپارێزی کە دەکەوێتە خانەی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لەگەڵ حیزبەکان چییە؟ لە کاتێکدا بەستێن و هۆکاری سەرهەڵدان و فەلسەفەی بوونیان تا ڕادەیەکی زۆر جیاوازە. ئەگەر لە من پرسیار بکرێت ئایا حیزبەکانی ڕۆژهەڵات توانیویانە یان دەتوانن بانگەشەی پێشاهەنگی لە بواری ژینگەپارێزی بکەن؟ زۆر بە ئاسانی دەڵیم نا. هۆکارەکانی بۆ هەمووان ڕوونە و پێویست بە فرەوێژی ناکات.
بەڵام ئەگەر لە من پرسیار بکرێت لە دۆخی گریمانەیی ئانارشی نێوخۆییدا کە ئەگەری سەرهەڵدانی لە داهاتوودا هەیە و ئەگەری ئەوە هەیە ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردستان بە ڕێکخراوە مەدەنییەکانیشەوە بکەونە بەر مەترسی تەفروتوونابوون لە لایەن دەوڵەت یان باقی گەلانی ئێرانەوە، کێ دەتوانێ ڕۆڵی بەرجەستەتر بگێڕێت لە بەرگریکردن و هەوڵدان بۆ پاراستی ژی و مانەوەی نەتەوەیی؟ دەتوانم زۆر بە ئاسانی بڵێم حیزبەکان. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی پێکهاتەی سەربازی و ئەزموونی مێژوویی و کاری ڕێکخراوەیی و پلانی ئێستای ئەوان بۆ داهاتوو. بەم چەشنە، دەتوانم بڵێم لە ئێستای ڕۆژهەڵاتدا بەبەراورد لەگەڵ پێشووتر کە حیزبەکان تاقە گەمەکەری سیاسی بوون، کۆمەڵگەی مەدەنی بەهێزتر بووە و ڕێکخراوە مەدەنییەکان توانیوایە وەک ئەکتەر و گەمەکەری تا ڕادەیەک نوێ لە شانۆی سیاسی کوردستاندا دەرکەون و ڕەنگە لە نەبوونی جەستەیی حیزبەکان لە گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتدا هەست بە کاریگەری زۆروزەبەندیشیان بکرێت، بەڵام ئەوەی کە ئەو ڕێکخراوانە جێگای حیزبەکانیان گرتبێتەوە من لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نیم. ناشکرێت و پێویستیش ناکات. ئەگەر خەباتی ڕزگاریخوازانە وەک پەکەیجێک سەیر بکرێت نەک چالاکییەکی تاک رەهەندی هەر یەک لەوانە دەتوانن ئەرکی تایبەت بە خۆیان ڕاپەڕێنن. دەرئەنجام، بەبۆچوونی من حیزبەکانی ڕۆژهەڵات سەرباری هەموو کێشە و گرفت و لاوازییەکانیان هێشتا بەهێزترین ئەکتەری سیاسین و لە ڕووی گوتاری سیاسییەوە هەژمۆنن. ئەمە هەرگیز بەو مانایە نییە کە من ئیدیعا بکەم زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردستان خۆیان لە چوارچێوەی حیزبەکاندا یان وەک ئەندامی حیزبی دەبیننەوە!

قه‌ندیل پرێس: زۆرێک لە شرۆڤەکاران لەسەر ئەو باوڕەن کە خۆلێکی دیکەی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕوودەدات، بە ڕای بەڕێزتان ئەم شەڕە ڕوودەدات؟ لە ئەگەری ڕوودانیدا ئایا دەرفەتێک بۆ هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات دەرخسێت کە بتوانن کەڵکی لێ وەربگرن؟

د. محه‌ممه‌د حسێن‌زاده: باسی چۆنێتی و داهاتووی ململانێ یان شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەستراوەی چەندین “ئەگەر”ە، بۆیە ئەستەمە بە “دەکرێ” یان “ناکرێ” وڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە. ئیسرائیل لە ڕووداوەکانی دوای ٧ی ئوکتوبەری ٢٠٢٣وە تا ئێستا توانیویەتی لە چەندین بەرەی جیاوازدا گورزی کەمەرشکێن لە کۆماری ئیسلامی بدات و بە زۆرێک لە ئامانجە ستراتیژییەکانی بەرامبەر ئەو ڕکابەرە سەرەکییەی بگات. بە گشتی سیاسەتی چاوترسێنکردن deterrence یان بەرپەرچدانەوەی هەمەلایەنە کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا وەک بنەمای دکتۆرینی سەربازی بەرامبەر ئیسرائیل کاری پێ دەکرا بە ڕادەیەکی زۆر تووشی کزی و لاوازی بووە. ئەستوون و بنەمای ئەو ستراتیژییەی کۆماری ئیسلامی بریتی بوو لە نواندنی توانای بە ئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ناوچە، هەڕەشەی داخستنی ڕێگاکانی هەناردەکردنی وزە و لەوانە گەرووی هۆرمۆز، بەکارهێنانی گرووپ و میلشیاکان و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ناوچە بۆ گوشارخستنە سەر دوژمنان و ڕکابەران، تیرۆر یان ئۆپەراسیونی ئیستیشهادی و لە هەمووی گرینگتر پەرەپێدان بە توانای مووشەکی.

کۆماری ئیسلامی تا یەک دوو ساڵی ڕابردوو پێی وابوو خاوەندارێتی ئەم توانایانە ڕێگری لەوە دەکات هەر ئەکتەرێکی دەرەکی بیر لە هێرشێکی دەستپێشخەرانە بۆ نێو خاکی ئێران بکاتەوە. بەڵام ئیسرائیل زۆر بە خێرایی ئەو ستراتیژییە سست و لاواز کرد و نەک هەر بە ئاسانی هێرشی کردە سەر کۆماری ئیسلامی بەڵکوو ئاسمانی ئەو وڵاتەشی کۆنتڕۆڵ کرد. هاوکات بە یارمەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشێکی سەرکەوتووانە کرایە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە. بەم پێشەکییە دەمەوێت ئەمە بڵێم کە هەم ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە زیاتر مەبەستی لە نێوبردنی توانا ئەتۆمییەکانی ئێران بوو و هەم ئیسرائیل کە ئامانجی بەربڵاوتر و گەرەنتیکردنی ئاسایشی خۆی هەبوو توانییان لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی پێشوودا بەشێکی زۆر لە ئامانجە ستراتیژییەکانیان بپێکن. لەڕاستیدا ئامانجی سەرەکی ئەو هێرشە بۆ سەر ئێران گۆڕینی رژێمی کۆماری ئیسلامی نەبوو بەو شیوەی هەندێک باسی دەکەن. ئەگەرچی ئەوەش نابەدڵی ئەوان نەدەبوو. لە بنچینەدا هێرشێک بوو بۆ کەمکردنەوە و گۆڕینی هاوسەنگی لە ئاستی تواناکانی کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی ڕازیبوون و ملدانی ئەو ڕژێمە بە گۆڕینی ڕەفتار. ئێستاکە و دوای ئەو پەلامارە سەرکەوتووە، لە قۆناغێکداین کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ دەیانەوێت ئەوپەڕی گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی بەبێ درێژەدانی شەڕ مەرجەکانیان بە تایبەت سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە چالاکییە ئەتۆمییەکان و دەستهەڵگرتن لە یارمەتیدان و ڕێکخستنەوەی گرووپە میلیشیاکانی ناوچە و سنوردارکردنی چالاکییە مووشەکییەکان قەبووڵ بکەن.
بڕیاردەرانی واشنتۆن پێیان وایە لە ئێستادا کەڵکەڵەی کۆماری ئیسلامی مسۆگەرکردنی مانەوەی خۆیەتی، بۆیە دەکرێت لەم دۆخە کەڵک وەربگرن و لە پێگەی هێزەوە لەگەڵ ئەو ڕژێمە بگەن بە ڕێککەوتنێک. حاشاهەڵنەگرە لەولاشەوە هەم ئیسرائیل و هەم کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا ئامادەکاری دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی ئەگەری. بۆیە کەم نین ژمارەی ئەوانەی پێیان وایە خولێکی نوێی شەڕی نێوان تاران و تەلئەبیب رەنگە بەم زووانە و بەربڵاوتر لەوەی پێشوو هەڵگیرسێتەوە، ئەمە دوور نییە، بەڵام من پێموایە بە لەبەرچاوگرتنی باڵادەستی ئەمریکا و ئیسرائیل و هەرووەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە گرینگترین و سەرەکیترین ئامانج و کەڵکەڵەی هەر ئەکتەرێک لە ئاستی سیاسەتی نێونەتەوەییدا مسۆگەرکردنی مانەوەیە، ئەگەری سازان و ڕێککەوتنی کۆماری ئیسلامی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش دوور نییە. پێموایە سەرباری هەموو هەڕيشە و گوڕەشەکان هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەو ئاراستەی پێکهاتن لانیکەم بە شیوەی کاتی لەگەڵ ئەمریکادان.
هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پیویستە بەدیلیان بۆ هەردوو حاڵەتەکە هەبێت. ئەمە ڕەشبینی نییە بەڵام بەبۆچوونی من بەم دۆخەی ئیستاوە بە سەختی دەکرێت چ داڕمان و هەرەسهێنانی نێوخۆیی و چ شەڕێکی دەرەکی دژ بەو ڕژێمە وەک دەرفەتێکی مسۆگەر سەیر بکرێت. ئەگەر ئەم هەوڵانەی ئەم دواییانەی حیزبەکان بۆ هاوکاری و نزیکبوونەوەی ڕوانگەکانیان وەک هەوڵێک بۆ قۆستنەوەی دەرفەتەکان لە ئەگەری داڕووخانی کۆماری ئیسلامی خوێندنەوەیان بۆ بکرێت، هێشتا دەستکەوتێکی ئەوتۆیان نەبووە. هەڵویستی ڕاگەیەندراو و ئێعلامی هەر یەک لە حیزبەکانیش جیاوازە، هەست دەکرێت هەندێکیان هیوایان لەسەر دەستتێوەردانی دەرەکی هەڵچنیوە. وتەبێژی هەندێ لە حیزبەکانیش دەڵێن لە بنەڕەتدا ئێمە بەشێک لە هاوکێشەی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل نین. بەشێکیان بە ڕوونی هەر جۆرە دەستتێوەردانێکی دەرەکی دژی خواستی گەلانی و لە بەرژوەندی ئیمپریالیزم و وڵاتانی زلهێز و بۆ تێکدانی زیاتری ڕۆحی پێکەوەژیانی گەلان دەبینن و هەیشن هێشتا لە بازنەی شەڕی چینایەتی سەرمایەدار- کرێکارانی جیهان خوێندنەوەی بۆ دەکەن وەک چۆن بۆ شەڕی غەزە و ئیسرائیلیش هەمان خوێندنەوەیان هەبوو. لانیکەم بۆ من دیار نییە بەم روانینە جیاوازانە چۆناوچۆن دەکرێت گۆڕانکارییەکی ئەگەری بکرێتە دەرفەت لە ئاراستەی بەدیهێنانی ئامانجە نیشتمانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەربۆیە دیسان دەگەینەوە ئەو خاڵەی کە هاوکاری و نزیکبوونەوەی زیاتری حیزب و لایەنەکان پێشمەرجی قۆستنەوەی دەرفەتەکان و هەر جۆرە سەرکەوتنێکە لە داهاتوودا. هەرگیز هەڵویستی با بکەوێت بزانین چۆن دەبێت لە سیاسەتدا هاوەڵی سەرکەوتن نییە!

دووبارە هەوڵبدەرەوە

د. عادڵ ئەلیاسی: پەیوەست بوونی بازاڕیان بە ناڕەزایەتیەکان، تەرازووی هێز بە زەرەری کۆماری ئیسلامی دەشکێنێتەوە

د. عادڵ ئه‌لیاسی، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە وتووێژێکی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *