به‌په‌له

د. قادر وریا: زۆربەی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە لە بەرژەوەندەی دەسەڵاتی تازەی سوریادان

وتووێژیی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ “دوکتور قادر وریا” مامۆستای زانکۆ، سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان “هەسەدە” و “حکوومەتی نوێی سووریا”.

د. قادر وریا، مامۆستای زانکۆ، دەڵێت: “ئەگەر بتوانن ئەم ڕێککەوتن و ئەم دەسکەوتە، بۆ پاراستنی خاک و خەڵکی ڕۆژاوا و بەشێک لە دەسکەوتەکانی چەندین ساڵەی خەبات و خۆبەڕێوەبەریی خۆیان بەکار بێنن، بە شتێکی باشی دەزانم.”

قەندیل پرێس: بە ڕای بەڕێزتان بۆ لەم کاتەدا ئەم ڕێککەوتنەی نێوان بەڕێز مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع ئەنجامدرا؟ بە تایبەت ئاگادارین کە ڕێزدار ئۆجالان نامەیەکی ناردووە بۆ خۆسەریی و هەروەها مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاندووە کە مایکل کورێلا فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا هانیداوە بۆ ئەنجامدانی ئەم ڕێککەوتنە لە لایەکی تریشەوە دەبینین کە دەوڵەتی ئیسرائیل تا ئێستا دژ بە حکوومەتە نوێکەی سوریا هەنگاو هەڵدەگرێت، یانی پرسیارەکە ئەمەیە چ گۆڕانێک ڕوویداوە کە ئەم ڕێککەوتنە واژۆ کراو چ کاریگەریەکی لەسەر مەیدانی سیاسی سوریا دەبێت؟

د. قادر وریا: ئەوە کە بۆچی و لەم هەلومەرجەی ئێستادا ئەم ڕێککەوتننامەیە واژۆ کراوە، بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە. لەم بڕوایەدام هەر دوو لایەنی ڕێککەوتنەکە، لە ڕووی ناچارییەوە ملیان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ یەکتر داوە. پێشترهەر دوولا بە تایبەتی دەسەڵاتی نوێی سوریا، هەوڵیاندا بەو جۆرەی بۆخۆیان دەخوازن، کێشەی نێوان ڕۆژاوای کوردستان و دەسەڵاتی نوێ یەک لایی بکەنەوە، بەڵام هیچیان نەیتوانی ویستی خۆی بەسەر ئەویتردا بسەپێنێت.
دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژی یەکەمی هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی نوێی سوریا، بۆ یەک ساتیش لە دژایەتیکردنی دەسەڵاتی خۆسەری دیموکراتیک لە ڕۆژاوا و هێرشی هەوایی بۆسەر ئەو ناوچانە و هاندانی تاقمە بەکرێگیراوەکانی بۆ شەڕ پێفرۆشتن بەو دەسەڵاتە کوردییە، غافڵ نەبووە. هەروەک پێشتریش درێغی لە دژایەتیی دەسەڵاتی خۆسەری دیموکراتیک لە ڕۆژاواڤا نەکردووە. حکوومەتەکەی ئەحمەد شەرعیش هەوڵی دەدا بێ ڕێککەوتن و بێ بەرعۆدەبوونی جێبەجێکردنی خواستی کورد لە سوریا، کۆتایی بە دەسەڵاتی کوردی بێنێ و لە نێو دام و دەزگاکانی دەسەڵاتەکەی خۆیدا بیانتوێنێتەوە. بەڵام بەو هۆیەوە کە خۆسەری دیموکراتیک هەم پشتیوانیی خەڵکی ناوچەکانی ڕۆژاوای هەیە، هەم وڵاتانی ڕۆژاواییش، بە هۆکاری هاوپەیمانەتیی دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە لە شەڕی دژ بە داعش و هەر لەو کاتەدا ناوەرۆکی دیموکراتیک و پێشکەوتوانەی هەتا ئێستا پشتیوانیی لێدەکەن، نەیتوانی بە زۆر و هەڕەشە ئەو کۆسپە لەسەر ڕێی خۆی لابەرێت. ناچار ڕێگەی ڕێککەوتنی گرتەبەر.
ئەم قسەیە لە بارەی هێزە دیموکراتیکەکانی سوریاش (هەسەدە) هەر ڕاستە. ئەوانیش لەگەڵ ئەوەی دەزانن ئەو حکوومەتەی ئێستا، بەرئەمری تورکیایە؛ بەڕێوەبەرە سەرەکییەکانی لەگەڵ پلۆرالیزم و دیموکراسی و بەها پێشکەوتووەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی نامۆ و تەنانەت دژن؛ بەڵام بووە بە ئەمرێکی واقیع. وڵاتانی ڕۆژاوایی و زۆربەی وڵاتانی ناوچە، دانیان پێداناوە و خەریکن خۆیانی لەگەڵ دەگونجێنن؛ گەمارۆکانی سەر سوریایان یان لابردووە یان خەریکن لایدەبەن؛ حەز دەکەن هەرچی زووتر سەقامگیری لەو وڵاتە پێک بێت و دەرفەت بۆ بەرژەوەندە سیاسی و پڕۆژە ئابوورییەکانیان بێتە کایەوە. لە پێناوی ئەم سیاسەتەشیاندا، چاوەڕوانکراوە کە ئەوەندە پشتیوانییەی تا ئێستا لە ڕۆژاڤایان کردووە، کۆتایی پێ بێنن. دەسەڵاتی خۆسەری دیموکراتیک، لە دۆخێکی ئەوتۆدا با شەرعیەتی گەلی و ناوەرۆکێکی دیموکراتی و مودێڕنیشی هەبێت، با هێزی ڕاهێنراوی پێکهاتوو لە کچ و کوڕی لێوەشاوە و دامەزراوەی جۆراوجۆری جێگەی پشتیوانیی خەڵکیشی هەبێت، ئەگەر ڕێگای دژایەتی و بەربەرەکانیی دەسەڵاتی نوێی سوریای درێژە پێدابا، بێ پشتیوانیی دەرەکی، دەکەوتە نێوان بەرداشی تورکیا و دیمەشق و ڕووبەرووی داهاتوویەکی ناڕوون دەبۆوە. بەم پێیە هەر دوولا بەرژەوەندیان لە ڕێککەوتندا بوو.
ئەوەندەش کە پێوەندیی بە پەیامی بەڕێز ئوجەلانەوە هەیە، بێ ئەوەی ئاگاداری نێوەرۆکی پەیامەکەی بەڕێزیان بۆ خۆسەری دیموکراتیک بم، پێموایە هاندەر بووە بۆ ئەم ڕێککەوتنە. چونکە ئوجەلان کاتێک بۆ خۆی لە تورکیا دەیهەوێ پرسی کورد لەچوارچێوەی برایەتیی کورد و تورکدا چارەسەر ببێت و لەگەڵ پێداگری لەسەر فیدرالی و دەسەڵاتی نەتەوەیی و کوردیدا نییە، چۆن دەکرێت بۆ هێزێکی کوردی لە سوریا کە لە بیروباوەڕی خۆی بە نزیکیان دەزانێت، ئەویش لە پێوەندیی لەگەڵ دەسەڵاتێکی نوێ لە سوریا کە بەرئەمری دەوڵەتی تورکە، ڕێگایەکی دیکەیان بخاتە بەردەم؟ بۆیە وا بیر دەکەمەوە کە پەیامی بەڕێز ئوجەلانیش ڕێخۆشکەر و هاندەر بووە بۆ ئەم ڕێککەوتنە.

قەندیل پرێس: شرۆڤەی بەڕێزتان لەسەر دەقی ڕێککەوتنەکە چییە؟ (بەلەبەر چاوگرتنی کاریگەریی ئەم ڕێککەوتنە لەسەر داهاتووی نەتەوەی کورد لە سوریا).

د. قادر وریا: من ئەگەر بە ئەرێنی سەیری ئەو ڕێککەوتنە بکەم زیاتر لەو ڕوانگەوەیە کە لەهەلومەرجی ئێستادا خەڵک و خاکی ڕۆژاوای کوردستان لە قەڵاچۆ و داگیرکاریی تورکیا و دەسەڵاتی نوێی سوریا دەپارێزێت، بیانوویان لەدەستدا ناهێلێت.
من نازانم لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەدا بێجگە لەو خاڵانەی ڕاگەیەندراون، چ ڕێککەوتنێکی دیکە هەیە، هیوادارم پەسندکراو و ڕێککەوتنی دیکە هەبن کە لە مەیدانی کردەوەدا باڵانسەکە هەتا ڕادەیەک لەبەرژەوەندەی کورد لە ڕۆژاوا بەرێتە سەر. بەڵام ئەوەندە خاڵەی ڕاگەیەندراون، زۆربەی هەرە زۆریان لە بەرژەوەندەی دەسەڵاتی تازەی سوریادان. ئەمەش شتێکی چاوەروانکراوە. کاتێک دوو لایەنی ڕێککەوتن، هاوسەنگیی هێزیان لەنێواندا نییە، ئاشکرایە لایەنی کەم هێزتر، ناچارە ئیمتیازی زیاتر بدات.

قەندیل پرێس: بە ڕای جەنابتان دەسکەوتەکانی ئەم ڕێککەوتنە بۆ نەتەوەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان چین؟

د. قادر وریا: بێجگە لەوەی لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا ئاماژەم پێکرد(پاراستنی خەڵک و خاکی ڕۆژاوای کوردستان لە نیازە شوومەکانی دەوڵەتی تورکیا و دەسەڵاتی نوێی سوریا)، داننان بە کورد لە سوریا و قبووڵکردنی مافە شارۆمەندییەکانی لە دەستووری ئەو وڵاتەدا (بە بەراورد لەگەڵ مێژووی هەتا ئێستای سوریا) بۆ کورد بە دەسکەوت دەزانم، هەرچەند ئەو دەسکەوتە لە ئاست خەبات و قوربانیدانی نەتەوەکەمان لە ڕۆژاوا، ڕۆڵیان لەدژایەتیی تێرۆریزم و گرووپە کۆنەپەرستەکاندا و هێنانی بایەخە نوێیەکانی وەک یەکسانیی ژن و پیاو و پێکەوە ژیانی جۆراوجۆرییە ئایینی و نەتەوەیی و زمانی بۆ ئەو وڵاتە، زۆر بە کەم و بچووک دەبینم. بەڵام ئەگەر بتوانن ئەم ڕێککەوتن و ئەم دەسکەوتە، بۆ پاراستنی خاک و خەڵکی ڕۆژاوا و بەشێک لە دەسکەوتەکانی چەندین ساڵەی خەبات و خۆبەڕێوەبەریی خۆیان بەکار بێنن، بە شتێکی باشی دەزانم.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

حەمە نەزیف قادری: پێویستە لایەنە کوردیەکان یەکگرتووبن، ڕەزا پەهڵەوی خەریکی قۆزتنەوەی دۆخەکەیە و تا ئێستا هیچ شتێکی ئەرێنی ڕانەگەیاندووە

قەندیل پرێس – وتووێژ وتووێژی تایبەتی دامەزراوەی میدیایی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەرێز حەمەنەزیف قادری، بەپرسی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *