پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)ى تورکیا، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا لەبارەى پرسی کورد، دژایەتی توندی خۆی لەسەر یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکان دەربڕیوە و ڕایگەیاند، خوێندن بە زمانی دایک هێڵی سوورە و “مەحاڵە”.
خاوەنی دەستپێشخەرییەکە مەرج دادەنێت
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، کە خۆی خاوەنی دەستپێشخەریی پڕۆسەی ئەمجارەی ئاشتییە (تورکیای بێ تیرۆر)، لە ڕاپۆرتێکدا سنوورەکانی ئەو پڕۆسەیەی دیاریکرد. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، مەهەپە دژایەتی توندی خۆی بۆ پەروەردە و خوێندن بە زمانی دایک دەربڕیوە.
بۆچی مەهەپە دژی خوێندنە بە زمانی دایک؟
مەهەپە سێ پاساوی سەرەکی بۆ ڕەتکردنەوەی ئەم مافە هێناوەتەوە:
مەترسیی دابەشبوون: بڕوایانوایە پێکهاتەی دەوڵەتی یەکگرتووی فرەزمان، لە کۆتاییدا پێکدادان و دابەشبوونی لێدەکەوێتەوە.
سیستمی فیدراڵی: بە بۆچوونی ئەوان، خوێندن بە زمانی دایک تایبەتە بە سیستمی فیدراڵی و لەگەڵ سیستمی یەکگرتووی تورکیادا ناگونجێت.
زمانی فەرمی: جەخت دەکەنەوە کە زمانی دەوڵەت و زانست تەنیا “تورکی”ـیە و نابێت ناسنامەی نەژادی تر تێکەڵ بە پەروەردە بکرێت.
جیاوازیی نێوان “قسەکردن” و “خوێندن”
لە ڕاپۆرتەکەدا مەهەپە جیاوازیی لەنێوان مافی قسەکردن و مافی خوێندن کردووە و دەڵێت:
ڕێگەپێدراوە: بەکارهێنانی زمانی دایک لە ژیانی ڕۆژانەدا وەک مافێکی سروشتی.
قەدەغەیە: بەکارهێنانی زمانی دایک لە سیستمی پەروەردە و فێرکردندا، چونکە “یەکگرتوویی نیشتمانی پارچە پارچە دەکات”.
قەندیل پرێس