تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا ناسنامەی ٢٠٧ هاووڵاتیی کوردی ئاشکرا کردووە کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێران و ڕۆژههڵاتی کوردستان گیانیان بەخت کردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، زۆرترین قوربانیانی کورد، لە ڕۆژههڵاتی کوردستان لە شاری کرماشان و هەروەها لە دەرەوەی کوردستان لە پارێزگای تاران بوون.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژەی بەوە کردووە لە «خۆپیشاندانە جەماوەرییە بەربڵاوەکان لە شار و ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا کە ڕۆژی ٧ی بەفرانبار دەستی پێکرد، لە هەرهەموو ئێراندا هەزاران کەس بە دەستی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژران.»
بە پێی ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوەیەی مافی مرۆڤ، سەرکوتکردن و کوشتوبڕی ئەم جارە هێندە بەربڵاو و توند بوو کە بە “بێوێنە” لە قەڵەم دەدرێت” و هەروەها هێزەکانی ئێران بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان “چەکی جەنگییان” بەکار هێناوە.
تۆڕەکانی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتەکەیان باسیان لەوەش کردووە کە “داخستنی هێڵەکانی ئینتەرنێت بۆ ماوەی نزیک بە دوو حەفتە لە لوتکەی ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکاندا وای کردووە بەدەستهێنانی زانیاریی ورد و بەبەڵگەکردنی حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە ببێتەوە.”
لەلایەکی دیکەوە، هەڕەشە ئەمنییەکانی حکومەت بۆ سەر بنەماڵەکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانبەختکردنی منداڵەکانیان بەردەوامە.
هەروەها حکومەتی ئێران بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی گیانبەختکردوان بە بنەماڵەکانیان، یان پارەیان وەرگرتووە، یان ئەوەی کە بنەماڵەکانیان ناچار کردووە هۆکاری کوژرانی منداڵەکانیان بشارنەوە یان منداڵەکانیان بە هێزی “بەسیج” بناسێنن.
ژمارەی گیانبەختکردووان بە پێی پارێزگا لە ڕاپۆرتەکەدا بەمشێوەیە:
– پارێزگای کرماشان
کرماشان: ٦٣
شاباد: ١٧
هەرسین: ١
کەنگاوەر: ١
– پارێزگای ئیلام
ئیلام: ٤
ئەیوان: ١
مەڵکشایی: ٣
– هەروەها لە پارێزگای سنە ١ هاوڵاتی گیانی بەخت کردووە.
– لە دەرەوەی پارێزگا و شارەکانی کوردستان
پارێزگای تاران: ٥٩ گیانبەختکردووی کورد
پارێزگای ئەلبورز (کەرەج): ٢٤ گیانبەختکردووی کورد
پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ١٠ گیانبەختکردووی کورد
پارێزگای خوراسانی باکوور: ١٠ گیانبەختکردووی کورد
پارێزگای لوڕستان: ٢ گیانبەختکردووی کورد
پارێزگای ئێسفەهان: ٢ گیانبەختکردووی کورد
پارێزگای ئەراک: ٢ گیانبەختکردووی کورد
پارێزگای هورموزگان: ١ گیانبەختکردووی کورد
پارێزگای مازەندەران: ١ گیانبەختکردووی کورد
پارێزگای قەزوێن: ٢ گیانبەختکردووی کورد
قەندیل پرێس