قەندیل پرێس – هەولێر
ئەمرۆ 4ـی شۆباتی 2026 نۆسینگەکانی کەناڵی ئێنئاڕتی لە سنوری دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان داخران و بڕیار نێروەیی بەرپرسی نۆسینگەی دهۆکی ئێنئاڕتی بە قەندیل پرێسی راگەیاند: چەند کەسێك هاتنە سەر نوسینگەی ئێنئاڕتی لە دهۆك و کلیلی نوسینگەکەیان لەگەڵ خۆیان برد، وتیان نابێت هیچ کارێکی رۆژنامەوانیی بکەن”
هاوکات شێروان عەوڵا، بەرێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری رایگەیاند: هیچ نووسراو و بڕیار و داواكارییەكانیان بەدەست نەگەیشتووە بۆ داخستنی كەناڵ یان نووسینگەی كەناڵی ئێنئاڕتی، وەک وەزارەتی رۆشنبیری ئاگاداری ئەو بڕیارە نین.
لە لایەکی دیکەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر هۆکاری داخستنی نوسینگەکانی ئێنئارتی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: پێشتر بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بە سیمبوولەکانی نیشتمان، سکاڵا لەسەر ئێنئاڕتی تۆمارکراوە و ئەمڕۆ بە فەرمانی داواکاری گشتی بڕیاری داخستنی سەرجەم نووسینگەکانی لە هەرێمی کوردستان دراوە.
“بڕیارەکە بۆ داخستنی سەرجەم نووسینگەکانیانە، بەڵام لە هەولێر دەست بە جێبەجێکردنی کراوە.”
“ئەو هێزەی نووسینگەکەی داخستووە، پۆلیس بووە و فەرمانی دادگەی جێبەجێ کردووە و هیچ پەیوەندییەکیشی بە سیاسەتەوە نییە.”
هاوکات دامەزراوهی میدیایی نالیا لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپیەکی بۆ قەندیل پرێس ناردووە رایگهیاند، پاشنیوهڕۆی ئهمڕۆ چوارشهممه، پارتی دیموكراتی كوردستان بهناوی حكومهتهوه هێزی ئهمنییهكانی بردۆته سهر نوسینگهكانی كهناڵی ئێنئاڕتی له ههولێر و دهۆك و ههردو نوسینگهكهی داخستون.
وتوشیهتی، جگە لەوەی ڕێگا بە تیمە رۆژنامەنوسییەکانی ئێنئاڕتی نەدراوە کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکان ببەنە دەرەوەی نوسینگەکە، هەروەها لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی بڕیاری قەدەغەکردنی کاری رۆژنامەوانی لە ئێنئاڕتی دراوە، بە بێ هیچ بنەما و پاساوێکی یاسایی و لۆژیکی، لە کاتێکدا وەزارەتی ڕۆشنبیری بێ ئاگایی خۆی لە بڕیارەکە دەربڕیوە.
🔹 ئاماژەی بهوهشداوه، ئێمە لە دامەزراوەی میدیایی نالیاوە سەرباری ئەوەی کاری رۆژنامەوانی پیشەییانەی خۆمان لە چوارچێوەی یاسای کاری رۆژنامەنوسیدا دەکەین، ئەم رەفتارەی پارتی بە دەستدرێژی ئاشكرا بۆ سەر کاری رۆژنامەنوسی و رۆژنامەنوسانی هەرێم دادەنێین و بە توندی سەرکۆنەی دەکەین.
دامهزراوهی میدیایی نالیا داواشی لە کۆنسوڵخانەی وڵاتان و رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانی داکۆکیکردن لە رۆژنامەنوسان كردوه، فشاری زیاتر لە دەسەڵات بکەن چونکە ئەم جۆرە رەفتارانە جگە لە بەرتەسککردنەوەی ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەوانی، ناوبانگی هەرێمیش لەکەدار دەکات.
ئهوهشی خستۆتهڕو، بیری هەمو لایەکی دەخەینەوە کە یاسای ژمارەی 35ـی ساڵی 2007ـی کاری رۆژنامەوانی لە هەرێم لە هیچ بەند و بڕگەیەکی تێدا نییە کە ڕێگا بە داخستنی کەناڵی ڕاگەیاندن و میدیایی بدات.
هێمای بۆ ئهوهش كردوه، ئێن ئاڕ تی وا پێدەنێتە 16ـەیەمین ساڵی تەمەنییەوە، ئەم مێژوەش دەریخستوە، ئەم ڕەفتارانە نەک کار لە کەناڵەکە ناکات بەڵکو پێداگیرترمان دەکات لە کاری پیشەیی ڕۆژنامەنوسییانەی خۆمان بۆ بەرگریکردن لە خەڵک.
قەندیل پرێس