بۆچی ئێستا پەژاک ڕێک ئێستا ‘قەندیل پرێس’ بە گوماناوی نێودێنێت؟

✍ د. کەمال سولەیمانی

بۆچی ئێستا پەژاک ڕێک ئێستا ‘قەندیل پرێس’ بە گوماناوی نێودێنێت؟ بەڕاستی جێگەی سەرسوڕمانە.

ئێمە باس لە گرووپێک دەکەین کە بە شێوەیەکی بەرفراوان و ساڵانێکە کە بەردەوام هەر ئەم پلاتفۆرمەی قەندیلی پرێسی بەکارهێناوە—وتەبێژەکانی، لایەنگرانی و نوێنەرەکانیان هەموویان لە ڕێگەی ئەم دەزگایەوە بابەتی جۆراجۆریان بڵاوکردووەتەوە. کەچی ئێستا، لەپڕێکدا، مۆری “دەزگایەکی گوماناوی” لێ دەدەن. لەسەر چ بنەمایەک؟ ئایا پەژاک بەڕاستی دەتوانێت بە ڕای گشتی بڵێت کە بە دیاریکراوی لە یەک دوو حەوتوویی ڕابردوودا چییان لەسەر ئەم دەزگای ڕاگەیاندنە دۆزیوەتەوە—جگە لەو ڕاستییەی کە بەو زوانە شتانێکی بڵاوکردووەتەوە کە بە دڵی ئەم گرووپە نییە، یان ڕەخنەیە لەم گرووپە؟

کەواتە هەر ئەوەندەی شتێکی نەرێنی لەسەر خۆتان، حزبەکەتان، یان ئایدۆلۆژیاکەتان گوترا، دەزگایەکی ڕاگەیاندن دەستبەجێ دەبێتە “گوماناوی”؟ ئایا ئەمە پێوەرەکەتانە کە دەبێ کورد ئەو کەڵەگاییە قبوڵ بکات؟
ئەوەی زیاتر جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە دوای ئەو هەموو ئەزموونە کارەساتبارانەی پێیدا تێپەڕیون—دوای شکستە گەورەکان و گۆڕانکارییە ئایدۆلۆژییە قووڵەکان—هێشتا توزێک شەرم نەیگرتوون و پێتان وایە خاوەنی ئەو پێگەیە ئەخلاقییەن کە ئێوە دەبێ ئیزن بدەن چ کوردێک قسە بکات و چ کوردێک دەبێ بێ دەنگ بێت؟. هێشتا وا هەڵسوکەوت دەکەن کە گویە تا ئەو ڕادەیەیکە لە پێگەیەکی باڵای ئەخلاقیدان کە بتوانن مافی ئەوە لە دەزگایەک بسەننەوە کە تەنانەت ناوی چیایەکی کوردستان لە خۆی بنێت؟

ئەگەر بمانەوێت بەپێی لۆژیک کوردایەتی و خزمەت بەبەرژەوەندی قسە بکەین و بەپێیە مافی لەخۆنانی ناوی قەندیلی کوردستان بکرێت بە پێوەر، ئەوا پەکەکە و پەژاک دواین گرووپ و لایەنن لە ناو کورددا کە بتوانن هیچ جۆرە ماف و دەسەڵاتێکیان بەسەر چیای قەندیلدا هەبێت، یان بۆیان هەبێت هیچ شتێک لەسەر ئەو چیایە بڵێن و بکەن. ئەگەر قەندیل نوێنەرایەتی و هێمای کوردایەتی، بەرەنگاریی مێژوویی کورد، خەباتی دژە-داگیرکاری و بەرخۆدان لە دژی داگیرکەرانی کوردستان دەکات، ئەوا ئێوە کە ئامرازی ئێنتگرە و تواندنەوەی کورد لە نێو نەتەوە کۆڵۆنیاڵەکاندان، هیچ ماف و پێگەیەکتان نییە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی واتای هێمادار یان سیاسییە و کوردیاتییەکەی بکەن، و هەموو جۆرە مافێکی قسەکردنتان بەناوی قەندیلەوە لەدەست داوە.

ئەمە بەتایبەتی لە کاتێکدایە کە لە بنەڕەتەوە خۆتان پڕن لە دوژمنایەتی لەگەڵ کورد؛ بەتایبەتی دوای ئەوەی ئۆجەلان یانی خوای دامەزرێنەرتان بە وتەی بەسێ هۆزات– ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە–بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە “سەرۆک ئۆجەلان بووە بە نیشتمانپەروەر و نەتەوەپەرستێکی گەورەی تورک.” بۆ نزیکەی نیو سەدە بوو، تورکیاتان وەک هێزێکی داگیرکەر وەسف کردووە، و کوڕان و کچانی کوردستانتان ناردووە بۆ مەرگ بەناوی بەرەنگاربوونەوەی سپای داگیرکەر تورک. کەچی ئێستا دەسەڵاتی خواکەتان—کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی خۆتان، بڕیاردەری کۆتایی هەموو بڕیارەکانە—نیشتمانپەروەری هەمان ئەو دەوڵەتە و دەڵێ هیچ کێشەیەکەم لەگەڵ کۆماری تورکیا نییە.

لەوەش زیاتر، ئێوە بۆ خۆتان بوونتان ئاکامی مامەڵەی ئۆجەلان لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری تورکە. ئەو ئۆجەلان خۆی  دەڵێ  لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی نەتەوەیی تورکیا (میت) و لەگەڵ ئیمرە تانەر بەو ئاکامە گەیشتوون کە کەجەکە دابمەزرێ. دەڵێ بە ئێمرە بەیم کوت ئێستاکە پەکەکە قاچاخە پێویستیمان بە ڕێکخراوێکی دیکە ( یانی کەجەکە) هەیە. ئێ مەگەر پەکەکە و پژاکیش ئەندامی کەجەکە نین؟  (بڕوانە: Demokratik Kurtuluş – ڕزگاریی دیموکراتیک، لاپەڕەکانی ٢٣٩ و ٤٢١) کە بڵاوکراوەی فەرمیی خودی پەکەکەیە، تەواوی مەنزوومەی کەجەکە بە پەژاکیشەوە دامەزراندنەکەی ئاکامی ئەو دانوستان و ڕێککەوتنانەیە کە لەژێر ڕەزامەندی و چاودێریی کەسایەتییەکانی وەک ‘ئێمرە تانەر’ سەرۆکی میت و ئۆجەلاندا جێبەجێ کراوە. کەچی لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، هێشتا خۆتان بەکەڵەگای  دەبینن بڕیار بدەن کێ بۆی هەیە لەسەر چی و سەبارەت بە چ شاخ و کێوێکی کوردستان قسە بکات؟

٥ ساڵە من و دکتۆر بێهرۆز شوجاعی ئەو باسە دەکەین، بەڵام بۆ جارێکیش زات و بوێریی وەڵامدانەوەتان نەبووە. ئێستا  ئێوە بە خەڵک دەڵێن گوماناوین یان بە ئەو ٢ یا ٣ ڕۆژنامەنووسەی کە تا دوێنێ پلاتفۆرمەکەیان بەتەواوی لە خزمەت پڕۆپاگەندەی ئێوەدا بووە؟

لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە مافی ئەوەتان هەیە ڕەوایی لە خەڵکی دیکە بسەننەوە—تەنانەت مافی بەکارهێنانی ناوە کوردییەکانیشیان لێ قەدەغە بکەن؟
لە ٢٧ ساڵی ڕابردوودا، دەیان لێدوانی بەڵگەدار—ڤیدیۆ، دەق، چاوپێکەوتن—هەن کە تێیاندا عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە ڕاشکاوی ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ خزمەتکردنی دەوڵەتی تورکیا، ئەگەر–ئەو ئەگەر گرینکە–ئەگەر دەوڵەتی تورکیا دەرفەتی  پێ بدات،. ئەگەر بوێریتان هەیە، یەک نموونە بێننەوە—یەک ڤیدیۆ، یەک لێدوان—کە تێیدا ئۆجەلان مەرج بەڵێنی ئەو خزمەتەی بە دەوڵەت تورک دابنێت، کە بڵێت خزمەتی ئۆجەلان بۆ دەوڵەتی تورکیا بەستراوەتەوە بە مەرجی دیاریکراوەوە،  بڵێین بە نەکووشتنی گەریلا یان بە نەڕشتنی بۆمبی شیمیایی بە سەر پەکەکەدا. ئەگەر لێدوانێکی لەو شێوەیە بوونی هەبێت، ئەوا من دەستبەجێ داوای لێبوردن دەکەم و لە هەڵوێستەکەم پاشگەز دەبمەوە.  دەبم بە پژاکی.

ئێستاش، ڕێک لەو کاتەی کە من و دکتۆر خالید خەیاتی ڕەهەندە پیلانگێڕییەکانی ئۆجەلانمان دژ بە ڕۆژهەڵات ئاشکرا کردووە—هەوڵەکانتان، شانبەشانی سەرکردایەتی تورکیستان، بۆ دووبارەکردنەوەی هەمان ئەو ئاراستەیەیکە  لە ڕۆژئاوا سەپاندتان، ئەمجارە لە ڕۆژهەڵات—لەپڕێکدا ئەم دەزگایە بە “گوماناوی” لە قەڵەم دەدەن. دەزگایەک بە هەزار جۆر لایەنگری لە ئێوەی پێوە دیارە.

“نەخێر. ئەوەی گوماناوییە ‘قەندیل پرێس’ نییە—بەڵکو خزمەتی بەردەوامی ئێوەیە بۆ هێزە داگیرکەرەکان. وە ئێوە ئیتر تەنانەت کەمترین پێگەی ئەخلاقیشتان نەماوە بۆ ئەوەی ناوی دەزگایەکی سەربەخۆ لەکەدار بکەن کە چەند ڕۆژنامەنووسێکی بێپەنا بەڕێوەی دەبەن، یان پێتان وا بێت دەتوانن ڕەوایەتیی لێ بستێننەوە—دەزگایەک کە بۆ زۆربەی تەمەنی، لە ڕاستیدا سۆزێکی زۆری بۆ گرووپەکانی ئێوە هەبووە.”

دووبارە هەوڵبدەرەوە

دهۆک و هەولێر لەنێوان ئاگر و گەمارۆی درۆنەکاندا

بەدواداچوونی قەندیل پرێس ​لە وەرچەرخانێکی مەترسیداری ئەمنیدا، هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پارێزگای دهۆک، لە ماوەی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *