ڕەخنەکەم لە خۆمان و نیگەرانییەکەی پێنج ساڵ لەمەوبەرم لەبارەی شەپۆلسواریی کوڕی شا لەخۆڕا نەبوو:
“ئەگەر بە کوڕی شا ڕازی نین، با چارەسەری ئەم وەزعەی خۆمان بکەین!!”
✍ قادر وریا ٢٩/٩/٢٠٢٠
ئەوانەی بە توندی پەلاماری کوڕی شا دەدەن، ڕەخنەکەیان و تووڕەییەکەیان، ئەوەیە کە ناوبراو کوڕی شایە، شایەکی دیکتاتۆر و هتد.
ئێمەی کورد، دەبێ لە خۆمان بپرسین، چیمان کردووە بۆ دروستکردنی بەدیلی ئەو ڕێژیمەی ئێستا یا بۆ ڕێبەریکردنی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئێستا؟ بۆ خۆمان وەک هێزە کوردییەکان توانیومانە ببینە هێزێکی ئەوتۆ هیچ ئەڵتەرناتیڤێک نەتوانێ پشتگوێمان بخا؟ توانیومانە کەسایەتیەکی مێحوەریتر لە کوڕی شا، بێنینە پێشەوە و ئاڵای ئامانج و ویستەکانی خۆمانی بدەینە دەست؟! جنێودان بە کوڕی شا، هاسانترین کارە، بەڵام پێویستترین کار و عاقڵانەترین کار، خۆڕێکخستنەوە و یەکگرتوویی هێزە سیاسیەکانمان و، نەخش گرتنە ئەستۆ لە دیاریکردنی ڕێبەریی خەباتی چارەنووسساز دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و پێکهێنانی ئەلتەرناتیڤێکی ئەوتۆیە کە ویستی کورد، لە پێشەوەی بەرنامەکانی دابێت. بەڵام هێزە سیاسیەکانمان هەروا بە دوورەپەرێزی لێکتر و چالاکی و مانۆڕی خۆدڵخۆشکەرانە و بێ خێر، خەریکن و لایەنگرەکانیشیان لە جیاتی ڕەخنەگرتن لەو بێخەیاڵی و بێبەرنامەییە، جنێو بە کوڕی شا دەدەن. لە بیرمان نەچی قەتاری گۆڕانەکان لە سەر ئێمەی خاووخلیسک و شپڕێو و خەواڵوو ڕاناوەستێ…”
قەندیل پرێس