🔹 بەرپرسانی عێراقی و ئەمریکی ئاشکرایانکردووە، لایەنەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق پێداچوونەوە بە هەوڵ و فشارەکانیان بۆ چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن.
🔹 ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، لە راپۆرتێکدا باسی لەوەکردووە، کەوتنی دەسەڵاتی ئەسەد کە هاوپەیمانی ئێران بوو، بووەتەهۆکاری لاوازبوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەکە، ئەوەش وایکردووە لایەنە عێراقییەکان کە هاوپەیمانى ئێرانن هەست بە لاوازیی بکەن و پێداچوونەوە بکەن بە داواکاریی و فشارەکانیان بۆ چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
🔹 سەرکردەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئاژانسەکەی گوتووە، “زۆرینەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پاڵپشتی لە مانەوەی ئەمریکا دەکەن لە عێراق و بەهۆی ئەوەی لە سووریا روویدا، نایانەوێت هێزەکانی ئەمریکا عێراق بەجێبهێڵێت”.
🔹 دەشڵێت، ئەوان دەترسن لەوەی ئەگەر هاتوو ئەمریکییەکان عێراقیان جێهێشت داعش بۆشایی ئەمنی بقۆزێتەوە بۆ چالاکبوونەوەی، ئەوەش دەبێتەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی وڵاتەکە.
🔹 بەرپرسێکی باڵای دەستەی ئاسایشی نیشتمانی عێراقی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ حکومەتی عێراقی گووتویەتی، “ئێستا لە بەرژەوەندیی عێراق نییە، کە هەریەک لە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە وڵاتەکە بکشێنەوە” و بەرپرسەکە گووتویەتی، “دەنگی ئەو لایەنانە کەمبووەتەوە کە پێشووتر داوایان دەکرد هێزەکانی ئەمریکا بکشێتەوە پێشبینی ئەوەشیکردووە، لەمساڵدا چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق روونەدات”.
🔹 لەبارەی ئەو هەوڵەشەوە بەرپرسێکی باڵای پنتاگۆن بە ئەسۆشیەیتد پرێسی گووتوە “لە پاش کەوتنی دەسەڵاتی ئەسەد، بەرپرسانی عێراق بە نافەرمی داوایانکردووە پرۆسەی چوونەدەرەوەی هێزەکانى هاوپەیمانان دوابخرێت”.
قەندیل پرێس