نێچيرڤان بارزانى و ئيمانوێل ماكرۆن بە تەلەفۆن قسەیان کرد. بەگوێرەی کۆشکی ئیلیزێ، ماکرۆن جەختی لەوە کردووەتەوە کە کورد لە سووریا دەبێت بە تەواوی لە دیالۆگی نیشتمانیدا بەشداریی پێ بکرێت.
کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا-ئیلیزێ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ماکرۆن جەختی لە پابەندبوونی فەرەنسا بە یەکێتی و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە؛ “لەم دۆخە ئەمنییەدا، سەرۆککۆمار پێشوازیی لە باشتربوونی دیالۆگ لە نێوان بەغدا و هەولێر کرد.”
کۆشکی ئیلیزێ باس لەوەش دەکات، ئیمانوێل ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی “دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد، بەتایبەتی سووریا.”
لەو بارەیەوە، دەڵێت: “سەرۆککۆمار دووبارە داوای جێبەجێکردنی راگواستنێکی سیاسیی دادپەروەرانەی کرد کە رێز لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا بگرێت. کوردەکانی سووریا دەبێت بە تەواوی لە دیالۆگی نیشتمانیدا بەشدارییان پێ بکرێت.”
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەکو کۆشکی ئیلیزێ باسی دەکات، ماکرۆن جەختی لەوە کردووەتەوە کە “فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات کە سەرکردایەتیی ئەم شەڕە [شەڕی دژی داعش] دەکەن. بە رێزگرتنی تەواو لە سەروەری سووریا. ئەم پەیامانە لە لایەن فەرەنساوە دەگەیەنرێتە هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی لە کۆنفرانسی سووریا کە لە 13ی شوبات لە پاریس لەلایەن وەزارەتی ئەورووپا و کاروباری دەرەوە رێکدەخرێت.”
قەندیل پرێس