بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، داوای لە نێردەى چاودێرانی نێودەوڵەتی کرد، کە لە ساڵی 2012 بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش پێکهێنراوە، بگەڕێتەوە سووریا.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەى هەرەسهێنانی دامەزراوە فەرمییە حکومییەکان، بە تەنیا حکومەتی دیمەشق ناتوانێت، دڵنیایی لە ئاسایشی دامەزراوە گرنگەکان بدات.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای گەڕانەوەی نێردەکەى کردووە، بە مەبەستی سەرپەرشتیکردنی ئەو ناوچانەى گرژییان تێدایە، لەناویاندا بەنداوی تشرین، بۆ ئەوەی شەڕ بوەستێت و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەرقەرار بێت، بۆ ئەوەی پەنابەر و ئاوارەکان بە ئاسانی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە بە پێکادانەکانی چەند ناوچەیەکی سووریا کراوە، بە تایبەت کەناراوەکانی سووریا و بەنداوی تشرین، لەگەڵ زیادبوونی گوتاری رقلێبوونەوە لە نێوان پێکهاتە جیاجیاکانی گەلی سووریا و بڵاوبوونەوەی حاڵەتەکانی تۆڵە سەندنەوە لە هەندێک ناوچەی سووریا.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جەختیکردووەتەوە، بەهۆى نەبوونى کۆمەکە مرۆییەکان، دانیشتووانی سەرێکانی و گرێسپی و بە دەیان هەزار سووری دیکە، لە کامپەکان لە بارودۆخێکی قورس و ناهەمواردان.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئاماژەی بە هەوڵدان بۆ پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەدەن، لە پێناو گەڕانەوەی سەربەرزانەی دانیشتووانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، لە کاتێکدا هیچ دڵنیایی و زەمینەیەکی یاسایی نییە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانى عەفرین و سەری کانی و گرێ سپی.
ئەو راگەیەندراوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە کاتێکدایە، لە دواى کەوتنى دەسەڵاتى بەشار ئەسەدەوە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا، هێرشیان بۆ سەر هەندێک ناوچەى باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەت لە کۆبانێ و بەنداوى تشرین.
قەندیل پرێس