رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە وتارە چاوەڕوانکراوەکەیدا لە پاش سوتاندنی چەکی 30 ئەندامی پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنەی سلێمانی رایگەیاند، لە دوێنێوە بەڵای تیرۆر چووە قۆناغی کۆتاییەوە و ئەمڕۆ رۆژێکی نوێیە بۆ تورکیا. گوتیشى “پەرلەمان لیژنەیەک پێکدەهێنێت و پێداویستییە یاساییەکان بەجێدەگەیەنێت”.
ئەردۆغان لە کۆبوونەوەى راوێژکارى حیزبەکەیدا باسى لەو پرۆسەیە کرد کە ئێستا لە تورکیا بەڕێوەدەچێت و گوتیشی “پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا خۆی هەڵوەشاندەوە و دوێنێ چەکی دانا، لە دوێنێوە بەڵای تیرۆر بۆ ماوەی 47 ساڵ چووەتە قۆناغی کۆتایی و بۆ تورکیا ئەوە ماوەیەکی دوورودرێژی و پڕ ئازار بوو، داخرا”.
ئەردۆغان گوتیشى “ئەمڕۆ رۆژێکی نوێیە، لاپەڕەیەکی مێژووی نوێ هەڵدرایەوە و سەدەی تورکیا و دەروازەکانی هەتا هەتایە کرانەوە”. بە پێویستى زانى هەموو تاکێکی تورکیا ئەم هەنگاوەی چەکدانانی پەکەکەی پێخۆشبێت و جەژن بگێڕیت.
ئەردۆغان، لە وتارەکەیدا گوتیشی “هەوڵماندا هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین لەگەڵ برا کوردەکانمان”، لە درێژەی قسەکانیشیدا، باسی لەوەشکرد، لەساڵی 1984ـەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی شەڕی تیرۆرەوە زیاتر لە 10 هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و 50 هەزار هاوڵاتى سڤیلیش گیانیان لە دەستداوە.
گوتیشی؛ زیاتر لە دوو ترلیۆن دۆلاریان بۆ رووبەرووبوونەوەی “تیرۆر” خەرجکردووە
ئەردۆغان، دانیبەوەدانا رووداوەکانی زیندانی دیاربەکر بەشێکبوون لە هەڵەکان، کە لە ساڵانى هەشتاکانى سەدەى رابردوو روویاندا.
ئەردۆغان، جەختیکردەوە، پشتگیریی هەر هەوڵێک بۆ کۆتاییهێنان بە خوێنرشتن دەکەن و لەگەڵ باخچەلی هەموو هەوڵ و ژیانمان بۆ خێری تورکیا دابینکردووە.
ئەردۆغان، گوتیشى “پێویستە هەموو تاکێکی تورکیا و خێزانەکان بە بۆنەی کۆتاییهێنان بە تیرۆر جەژن بگێڕن”.
ئەردۆغان، بەشێکى وتارەکەى بۆ برایەتى کورد و تورک تەرخانکرد و گوتى “لە مێژووی ئیسلامدا خوێن و ژیانی تورک و کورد و عەرەب تێکەڵبوون”. گوتیشى “ئەگەرپێکەوەبین ئەوکات کورد هەیە، تورک هەیە، عەرەب هەیە، لە ئەزەلەوە تا هەتاهەتایە لەگەڵ کورد براین”. جەختیشکردەوە “لە مێژوودا کورد و تورک و عەرەب نانێکیان هەبووبێت پێکەوە دابەشیان کردووە”.
ئەردۆغان، جەختیکردەوە، سلێمانی و هەولێر شاری هاوبەشی کورد و تورکن.
قەندیل پرێس