سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رەزامەندی لەسەر جێبەجێكردنی پلانی نێردەی ئەمەریكا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕیوە، بۆ ئاگربەستی 60 رۆژە لە غەززە و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باکوری نەتساریم.
کەناڵی 12ـی ئیسرائیل بڵاویكردەوە، بەمەبەستی راگرتنی جەنگی غەززە و ئازادكردنی بارمتەكانی وڵاتەكەی، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رەزامەندی لەسەر جێبەجێكردنی پلانەكەی ستیڤ ویتكۆف، نوێنەری تایبەتی كۆشكی سپی ئەمەریكا دەربڕیوە.
بەگوێرەی پلانەكەی نوێنەری كۆشكی سپی كە شەوی رابردو رادەستی تەلەئەبیبی كردوە، قۆناغی یەکەم بە ئاگربەستی 60 رۆژ دەستپێدەکات، لەو ماوەیەشدا نۆ بارمتەی ئیسرائیلی زیندو ئازاد دەكرێن، هەروەها 18 تەرمیش لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە لەماوەی هەفتەیەکدا رادەستی ئیسرائیل دەكرێنەوە.
وەک لە هەواڵەکەی کەناڵی 12ـی ئیسرائیل هاتوە، لەڕۆژی یەکەمی ئاگربەستەكەدا، سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانە دەکشێتەوە کە بەم دواییە لە باکوری نەتساریم داگیری کردبو، لەڕۆژی حەوتەمدا پاشەكشە لە باشوری ناوچەكە دەكات.
ئەوەشخراوەتەڕوو، بەهاوكاری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان لە كەرتی غەززە دەستدەكرێت بە دابەشكردنی هاوكارییە مرۆییەكان، لە حاڵەتی رێككنەكەوتندا سوپای ئیسرائیل دەتوانێت لەسەر جەنگەكەی بەردەوام بێت.
قەندیل پرێس