ئیدارەی خۆسەر لەڕۆژئاوای کوردستان هێرشەکانی سوپای سوریا بۆ سەر پارێزگای سوەیدا ئیدانە دەکات و دەڵێت،” بە هەموو پێوەرێکی نیشتمانی و مرۆییەکان بە قبوڵنەکراوی دەزانین “.
ئیدارەی خۆسەر لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،” ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر بە خەڵکی سویدا دەکرێت، ئیدانەی دەکەین و بە هەموو پێوەرێکی نیشتمانی و مرۆییەکان بە قبوڵنەکراوی دەزانین، بەو پێیەی کاریگەرییان لەسەر پێکهاتەیەکی دانەبڕاو لە گەلی سوریا هەیە “.
ئەوەشیخستەڕوو،” ئێستا هەوڵدەدرێت بە تیرۆرکردن و ترساندنی خەڵکی مەدەنی و دروستکردنی کەشێکی پشێوی و ململانێ، سەقامگیری کۆمەڵگا تێکبدرێت “.
ئیدارەی خۆسەر باسی لەوەشکرد،” ئێمە پێمانوایە ئەوەی لە سوەیدا دەگوزەرێت تەنیا ناوچەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو یەکگرتویی سورییەکان و ئیرادەیان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی ئازاد و دیموکراسی لەسەر بنەمای فرەیی و فرەچەشنی دەکاتە ئامانج “.
لەڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتوە،” ئەزمون سەلماندویەتی کە توندوتیژی ڕێگایەک نییە بۆ چارەسەر؛ بەڵکو تەنها درز و بۆشایی نێوان حکومەت و خەڵک قوڵتر دەکاتەوە “.
ئیدارەی خۆسەر راشیگەیاند،” هاوسۆزی تەواوی خۆمان لەگەڵ گەلەکەمان لە سوەیدا دووپاتدەکەینەوە و داوا لە هەموو هێزە نیشتمانییەکانی سوریا دەکەین کە بە یەکگرتوویی بوەستن بۆ ڕاگرتنی ئەو پراکتیزە و هێرشانەی دژی خەڵکی سڤیل ئەنجام دەدرێت “.
ئیدارەی خۆسەر داواش دەکات هەموو لایەنەکان کاربکەن بۆ پاراستنی ئاشتی مەدەنی و کایەی کۆمەڵایەتی سوریا، “کە بەردی بناغەی هەر پڕۆژەیەکی تۆکمەی نیشتمانی پێکدەهێنن “.
لەکۆتای پەیامەکەشیدا ئیدارەی خۆسەر دەڵێت،” ئێمە جەخت لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە فرەیی نەتەوەیی سوریا و داننان بە مافی هەموو پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی و خۆبەدورگرتن لە هەر هەڵسوکەوتێک کە پێکهاتەیەکی دیاریکراو بکاتە ئامانج، چ بە هۆکاری سیاسی، ئایینی، یان نەتەوەیی “.
قەندیل پرێس