پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا (ئاکپارتی) ستایشی ئەو مەرسوومە دەکات کە لەلایەن سەرۆککۆماری سووریاوە بۆ گرەنتیکردنی مافەکانی کورد دەرکراوە و ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی سووریا بە ئۆپراسیۆن ڕێگری لە هەوڵەکانی هەسەدە کرد کە دەیویست پرۆسەی تورکیای بێتیرۆر لەبارببات.
پێشوازیکردن لە مەرسوومەکەی سەرۆککۆماری سووریا
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند، گرەنتیکردنی مافەکانی کورد لە سووریا لەڕێگەی ئەو مەرسوومەی لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریاوە دەرکراوە هەنگاوێکی ئێجگار گرنگە، هاوکات دڵخۆشیی خۆی دەربڕی بەوەی بە “دەستکەوتی کورد لەسەر بنەمای یاسا” وەسفی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ماددەی 1ـی مەرسوومەکە کۆتایی بە سیاسەتەکانی نکوڵیکردن لە گەلی کورد دەهێنێت.
تۆمەتبارکردنی هەسەدە بە تێکدانی دۆخەکە
گوتەبێژی ئاکپارتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـی بەوە تۆمەتبار کرد کە پابەندی ڕێککەوتنی 10ـی ئازار نەبووە و بووەتە ئامرازێک بۆ پڕۆژەیەک کە کورد و تەواوی سووریا دەکاتە ئامانج، هەروەها ڕایگەیاند، چالاکییەکانى هەسەدە و ئەو لایەنانەى ڕێنماییان لێ وەردەگرێت، هەڕەشەن بۆسەر سووریا و تورکیا.
پەیوەندیی نێوان تورکیای بێتیرۆر و ناوچەی بێتیرۆر
عومەر چەلیک جەختی لەوە کردەوە، پرۆسەی “تورکیای بێتیرۆر” و “ناوچەی بێتیرۆر” دوو پرۆسەی تێکەڵاو و جیانەکراوەن، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵەکانی هەسەدە و پەکەکە بۆ تێکدانی ئەو دوو پرۆسەیە، لەڕێگەی ئۆپراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە لەلایەن حکومەتی سووریاوە ئەنجامدرا، ڕێگری لێکرا و شکست بە ئامانجەکانیان هێنرا.
قەندیل پرێس