ئازاد حاجی ئاقایی، دهڵێت: “تێگەیشتنی ئۆپۆزیسیونی ئێرانی، بە جەمسەربەندییە چەپ و ڕاستەکەیەوە، بە هەندێک تێڕوانینی وردەوە نەبێت، لە ئێران وەک یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک ئاڵا، بە تەواوی جێگیر بووە. مێژوو نووسیی ئێرانی بیرەوەری و میتۆلۆژیاکانی کردووە بە مێژووی دامەزراوە و وەک بابەتی سیاسی-ئایدۆلۆژیک و ناسنامەیی بەرهەمی دێنێتەوە. لەلای تریشەوە، حیزبە کوردییەکان بە نیسبەت چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم لایەنە سیاسی، ئایدۆلۆژیک و ناسنامەییە تووشی قەیران بوونەتەوە. نەیانتوانیوە کوردبوون و ئێرانی بوون لە ناو چوارچێوەی کردە و فکری سیاسی خۆیاندا، وەک دیسکۆرسێکی سیاسی، جومگەبەندی بکەن. لە نێوان دژایەتی و نێوان وەخۆگرتن ماونەتەوە. هاوکات لەناو خۆشیاندا ڕێککەوتنێکیان لە سەر جومگەبەندی و پێناسەی ئەمە نیە. هەر بۆیە دەبینین بەشێکیان دەتوانێت لەگەڵ کۆڕەکەی پەهلەوی بە ئاسانی بگاتە سازانێک بەڵام لەگەڵ لایەنێکی کوردی تر، نا.”
قهندیل پرێس: وەکوو پرسیاری یەکەم، لە ئێستادا شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی تووشی لاوازیەک بووە، هۆکارەکانی ئەم لاوازیە چین؟ ئایا ئیمکانی ئەوە هەیە ئەم شۆڕشە جارێکیتر گڕ و تین بگرێتەوە؟
ئازاد حاجی ئاقایی: دیارە تاکوو ئێستا لە زۆر سۆنگەی جیاوازەوە، خەسارناسی ئەم لاوازییە کراوە و ڕەنگە نەتوانم شتێکی نوێ بخەمە سەر ئانالیزەکانی پێشوو. بەڵام لەم بارەیەوە دەتوانم لە ڕوانگەی تیوری قەیران هەندێک پرسیاری نوێ سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەم لاوازییە بوڕوژێنم. کاتێک باس لە قەیران دەکرێت، ئەم قەیرانە تەنیا دەسەڵات ناگرێتەوە، بەڵکوو مێنتالیتی و ڕێئالیتی هێزە سیاسییە دژەبەرەکان و تەنانەت جەماوەریش دەگرێتەوە. لەلایەک دەسەڵات تووشی قەیرانی جیدی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بەلایەنی سیاسی، کۆمەڵایەتیی و ئابوری بۆتەوە و لەلایەکی ترەوە هێزە سیاسییەکانیش نەیانتوانیوە پانتای سیاسی بگرنە دەست خۆیان، هاوکات بەشێک لە خەڵک بە هۆی لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان خەریکی لێکدانەوەی دۆخەکەن تا لە کۆتاییدا لایەنێک هەڵبژێرن. هەر بۆیە ئەگەر ڕاپەڕینەکانی ساڵی ٢٠٢٢ وەک دەرکەوتنی نیشانەکانی قەیران لە کۆمەڵگای ئیران بە گشتی سەیربکرێت کە نەیتوانیوە بە تەواوی توێژاڵەکانی هزری ڕابردوو وەلا بنێت، لایەنێکی تری ئەم قەیرانە دەردەکەوێت؛ ئەوەی لەو ماوەیەدا ڕوویدا لە لایەک بەردەوامیی کێشەکانی دەسەڵات لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوو و پاراستنی توێژالە فکرییەکان و هەوڵنەدان بۆ دەربازکردنیان لەلایەن ئۆپۆزیسیون و بەشێک لە جەماوەر بوو. لەلایەکی دیکەوە، هاوکات نیشاندانی قەڵشتیک لە نێوان فەزا ئەزموونکراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و ئاسۆی چاوەڕوانی بوو. لەم ڕوانگەیەوە، دەکرێ بڵێین زۆر جار بۆ لێکدانەوەی دیاردەیەکی سیاسی، وەک ڕاپەڕینەکانی ٢٠٢٢، پێویست ناکات بە تێڕوانینێکی تەواو سیاسی، دۆخەکە بخوێنرێتەوە، بەڵکو لەبەرچاوگرتنی هەندێک لایەنی کۆمەڵناسانە یان تەنانەت سایکۆلۆژیکیش پێویستە. بۆیە دەکرێ پرسیارەکان لە ڕوانگەی هزریی، لە ناکاو ڕوودانی ئەم ڕاپەرینانە و ئامادەنەبوونی بەستەرەکانیش سەیر بکرێت. هەر بۆیە بە پێی ڕوانین لە چەمکی قەیران وەک دیاردەیەکی پێکهاتەیی، وەک چارەسەرنەکرانی قەیرانە کەڵەکەبووەکان، بێگوومان ئەگەری گڕوتین گرتنی ئەم ڕاپەرینە لە فۆڕمی جیاواز یان تەنانەت لە چوارچێوەی دروشمی نوێدا هەیە.
قهندیل پرێس: حێزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئاست چاوەڕوانیەکاندا نەیانتوانیوە لەیەک نزیک ببنەوەو پێکەوە هاوکاری بکەن، بۆ نموونە بەڕێز خالد عەزیزی ماوەیەک پێش ئێستا ڕایگەیاند کە ئەوان هیچ ئیستراتیجیەکی هاوبەشیان لەگەڵ پژاک نییەو، پژاک درێژکراوەی پەکەکەیە، یان ئەوەیکە ناوەندی هاوکاری لە کار وەستێندراوە و هتد، هۆکاری ئەم دۆخە بە چی دەزانن؟
ئازاد حاجی ئاقایی: پێموایە کاتێک لە پرسە سیاسییەکاندا عەقلی سەلیم، Common sense بەرەوڕووی شکست دەبێتەوە، جۆرێکی تر لە قەیران یان لایەنێکی دیکەی قەیران خۆی نیشان ئەدات. ئەو قەیرانە وەک ئادرەسدانی هەڵە، بەلاڕێدابردنی ئاراستەی فکرکردنەوەی جەماوەر، دەسنیشانکردنی ئامانجی لاوەکی، نەک تەنیا لە ماوەی ئەم ڕاپەڕینەدا خۆی لە وتەی هەندێک لە ڕێبەرانی سیاسی کورد، نەک تەنیا بە ڕێزیان نیشاندا، بەڵکوو وەک بەردەوامیی قەیران لە سیاستکردنی پارتییە کوردییەکان بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ، دەرخەری هەوڵدان بۆ قۆڕخکردنی پانتای سیاسەت، سیاسەتکردن بە ئەزموونی ڕابردوو، تێنەگەیشتن لە جەوهەری گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و لەبەر چاو نەگرتنی چاکەی گشتی بوو. جەوهەری ئەم درووشمە، ژن، ژیان ئازادی، وەلانان و ڕاماڵینی دەسەڵاتی ڕووت، سڕینەوەی هیرارکییە سەپاوەکان، هەم لە ناو کۆمەڵگای کوردی، هەم لە ناو پانتای سیاسەت و کۆمەڵگا لە ئێران بوو. لەم سۆنگەیەوە، بە ئاوڕدانەوەیەک بۆ ڕووداوەکانی ساڵانی ١٩٧٩ تا ١٩٨٧ دەتوانێن هەمان پرتەوبۆڵەکانی ناو پارتییە کوردییەکان، وەک بەلاڕێدابردنی جەوهەرەی سیاسەت کە گەیشتن بە چاکەی گشتی خەڵکە، لە چوارچێوەی لێکدانەوەی سیاسیدا ببینین. پێموایە سیاسییەکانی کورد، ئێستاکەش لە سۆنگەی سەردەمی ٤٥ سال پێش دەڕواننە چەمکی سیاسەتکردن. هەر بە هۆی نەبوونی ئەم عەقلە سەلیم-یە کە دوای دەسپێکردنی ئەم ڕاپەڕینە، ئەم جیلە لە ڕێبەرانی سیاسی نەیانتوانی جەوهەری گۆڕانکارییەکان بە وردی ببینن، کایەیەک بکەن لە بەرژەوەندی خەڵکدا بێت و ویستی خەڵک لە سەرووی ویستی ئیلیتێکی سیاسی تایبەتدا بێت. لە ئاکامدا نەیانتوانی لە دۆخەکە بە جوانی تێبگەن. بە هەڵە وا تێگەیشتن کەوتوونەتە دۆخی شۆڕش، کە چی زۆرتر ڕاپەڕین بوو؛ هەر بۆیە کێبەرکێیەکی سیاسی بۆ داگیرکردنی ناوەندی دەسەڵات دەستی پێکرد. ئەم تێنەگەیشتنە لە گۆڕانکارییەکان، لە جەوهەرەی سیاسەتکردن وەک چاکەی گشتی جەماوەر وایکرد هەندێک لایەن بە ڕەشکردن، ناوزڕاندن، لە فۆڕمی پرتەوبۆڵەی سیاسی و تەنانەت درۆکردن لەگەڵ خەڵک، شەرعییەتی خۆیان لە سڕینەوەی شەرعیەت لە لایەنی بەرامبەر وەرگرن.
ئاکامی ئەم عەقڵانیەتە، هەر وەک بینرا، لە کیسچوونی دەرفەتەکان و تەنانەت لەبارچوونی ناوەندی هاوکاریشی لێکەوتەوە. لەم پەیوەندییەدا ئەوەی ئێستاکە دوای نیشتنەوەی تەپ و تۆزی ڕاپەرینەکە ڕوون بۆتەوە، لەبار بردنی تەواوی دەرفەتەکان لە بەر نەبوونی عەقلی سەلیم، لەبەرچاونەگرتنی چاکەی گشتی بووە، هەر ئەمەش خۆی نیشاندەری قەیرانێکی قوڵی فکری، کردەیی و ئاسۆی چاوەڕوانیی سیاسی ناو پارتییە کوردییەکانە. پێموانیە بەم شێوازە بیرکردنەوەیە، تا قۆناخێکی تر، گۆڕانی ئەم لۆژیکە چاوەڕانکراو بێت، هەر بۆیە ئەم لایەنە لە قەیرانە، بەردەوام دەبێت.
قهندیل پرێس: یەکێک لەو پرسانە کە هەیە، پرسی پێوەندی نێوان حێزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرای ئێرانییە، بە ڕای بەڕێزتان هێڵە سوورەکانی حێزبەکانی ڕۆژهەڵات لە بەرامبەر ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرای ئێرانی دەبێ چی بن؟
ئازاد حاجی ئاقایی: ئەوە وەک پرس نابینم، وەک قەیرانی دیسکۆرسیڤ دەبینم. قەیرانەکە لایەنێکی مەعریفی و لایەنێکی سیاسی و ئابووری، واتە چەند ڕەهەندی هەیە؛ هەم بە نیسبەت ئۆپۆزیسیونی ئیرانی و هەم حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان. تێگەیشتنی ئۆپۆزیسیونی ئێرانی، بە جەمسەربەندییە چەپ و ڕاستەکەیەوە، بە هەندێک تێڕوانینی وردەوە نەبێت، لە ئێران وەک یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک ئاڵا، بە تەواوی جێگیر بووە. مێژوو نووسیی ئێرانی بیرەوەری و میتۆلۆژیاکانی کردووە بە مێژووی دامەزراوە و وەک بابەتی سیاسی-ئایدۆلۆژیک و ناسنامەیی بەرهەمی دێنێتەوە.
لەلای تریشەوە، حیزبە کوردییەکان بە نیسبەت چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم لایەنە سیاسی، ئایدۆلۆژیک و ناسنامەییە تووشی قەیران بوونەتەوە. نەیانتوانیوە کوردبوون و ئێرانی بوون لە ناو چوارچێوەی کردە و فکری سیاسی خۆیاندا، وەک دیسکۆرسێکی سیاسی، جومگەبەندی بکەن. لە نێوان دژایەتی و نێوان وەخۆگرتن ماونەتەوە. هاوکات لەناو خۆشیاندا ڕێککەوتنێکیان لە سەر جومگەبەندی و پێناسەی ئەمە نیە. هەر بۆیە دەبینین بەشێکیان دەتوانێت لەگەڵ کۆڕەکەی پەهلەوی بە ئاسانی بگاتە سازانێک بەڵام لەگەڵ لایەنێکی کوردی تر، نا. ئەگەرچی دەکرێ وەک پاساو بڵێن پارتییە کوردییەکان لە چوارچێوەی سنوورەکانی نەتەوە-دەوڵەت لە ئێراندا دەژین و هەر بۆیە بۆ سیاسەتکردنی کردەیی، تووشی بەربەستن، بەڵام لەلایەکی دیکەوە، دیارینەکردنی لایەنەکانی ناسنامەیی، ویستی سیاسی جیاواز و سازان لە سەر جوگرافیا، نیشاندەری ئەو قەیرانە قووڵەی ناو پارتییە سیاسییەکانە.
بە نیسبەت ئۆپۆزیسیونی ئێرانیش، ئەوان ناتوانن و نایانەوێت جیاوازییەکان بە فەرمیی بناسن. زمانی فارسی، ناسنامەیی ئێرانی و سیستەمی بەڕێوەبردنی ناوەندگەرایانە نەک وەک ئەمری واقیع، بەڵکوو وەک مێتافۆری سیاسی، سەرچاوەی دەسەڵات و بەردەوامیی دەسەڵات بە سەر بەشە جیاوازکانی ئێران، لە بەلوچستانەوە بگرە تا تورکمەن سەحرا و خوزستان، واتە بەڕێوەبردنی سەروەری سیاسی و کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوەی ئابوورییە.
لەم ناوەدا، چەمکی دیموکراسی ئەگەرچی دەتوانێت یارمەتیدەری شیکردنەوە و تەنانەت دەربازبوون لە قەیرانەکانیش بێت، بەڵام هەم لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی چەپ و ڕاستی ئێرانی و هەم بەشێک لە ئەندامانی پارتییە سیاسییە کوردییەکان وەک هێڵی سوور، وەک بڤەی کردەی سیاسی، وەک بەلارێدابەری ویستی هاوبەش و چاکەی هاوبەش پێناسە دەکرێت. ئەم دژایەتییە لەگەڵ چەمکی دیموکراسی، تەنیا وەک چەمکێکی گشتی ناوی دەبەم، نەک بە جیاوازی فۆڕمەکانیی، خاڵێکی گرینگە کە پێویستە بێتە ناوچەقی باسوخواسەکان بۆ دەربازبوون لە قەیران.
وەک لایەنێکی دیکەی دەرکەوتەی ئەم قەیرانە، دەبینین لە کاتێکدا پارتییە سیاسییەکان بە شاراوەیی یان ئاشکرا، لە گەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دادەنیشن، یان لەگەڵ ئۆپۆزیسیونی ڕاست و ناوەندی ئێرانی خەریکی سازانن، بەڵام بەشێک لە ئەندامەکانیان لەسەر ناسیونالیزمی سیاسی، وەک وەدەستهێنانی سەروەری داکۆکی دەکەن یان لایەنەکانی دیکە بە بیانووی هەڵنەگرتنی دروشمی ناسیونالیزم تاوانبار دەکەن. کەچی پێموایە ئەو ویستە ئێستاکەش لەناو مێنتالیتی تەواوی خەڵک جوومگەبەندی نەبووە. ئەوەی هەیە واپێدەچیت زۆرتر ویستێکی سیاسیی ئێلیتیستییە. بە گشتی دەکرێ ئەم لایەنەش وەک بەشێکی تر لەم قەیرانە گشتگیرە سەیر بکرێت، قەیرانێکی دیسکۆرسیڤ. دەبێ ئەوەمان لەبەر چاو بێت ناسیونالیزم وەک ئایدۆلۆژیایەک، سیمایێکی ژانووسی هەیە، لایەنێکی پارێزەری نەزم و دۆخی هەنووکەییە و لایەنێکی دژی ئەم نەزم و باری باوە. لە غیابی هێز، وەک دیسکۆرس، کایە سیاسییەکان بەرەوڕووی شکست دەبنەوە یان قەیرانەکان قووڵتر دەکەنەوە. ڕەنگە ئەگەر سیاسەت وەک پڕۆسە بخوێنرێتەوە نەک پڕۆژە، لایەنی ئیجابی زۆرتری لێ بکەوێتەوە.
قهندیل پرێس: بە ڕای بەشێک لە چاودێران، دۆخی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە قۆناغی شەڕی بەوەکالەت چووەتە شەڕی ڕاستەوخۆ، ڕای بەڕێزتان لەم بارەوە چییەو، کورد چۆن دەتوانێ لەم بابەتە بە قازانجی خۆی کەڵک وەرگرێت؟
ئازاد حاجی ئاقایی: بریاردان لەسەر قۆناخێکی سیاسی، بە پێی نەبوونی زانیاری ورد لە مەڕ ناوەندە بڕیاردەرەکان، تا ڕادەیەک بۆ ڕاڤەی سیاسی کێشەسازە. بۆیە سەبارەت بەم پرسیارە لە ڕوانگەیەکی دیکە پێموایە هەبوونی دوژمن، لاواز یان بە هێز، بۆ سیاسەتکردن پێوێستە. وەک نموونە، لە کۆتاییەکانی شەڕی سارد، ئەو کاتەی سۆڤیەت هێزەکانی خۆی لە ئەوڕوپای ڕۆژهەڵات کشاندەوە، ناتۆ و ئەمەریکا تووشی گەورەترین کێشەی شەرعییەتی بوونی خۆیان بوون. لەم ڕوانگەیەوە، ئێران و ئیسراییل بۆ بەردەوامی سیاسەتکردن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستیان بە بوونی یەکتر هەیە. بە دیوێکیتردا، هاوکێشەی سیاسی لەئەگەری لەناوچوونی ئێران، دۆخی ناوچەکە لە سنوورەکانی چین و ئەفغانستانەوە تا کوو دەروازەکانی ئەوروپا تێکدەدات و جیهانی رۆژئاوا تووشی قەیرانی زۆر جیدی سیاسی- ئابووری و ئەولەهی دەکا. هەر بۆیە شەڕەکە تا ئێستا ئاوێتەیەک لە شەڕی ڕاستەوخۆ و بەوەکالەت بووە. هەر دوو وڵاتیش بە جوانی لەوە تێگەیشتوون. هێرشە بەربەستکراوەکانی هەر دوو وڵات بۆ ناوخاکی یەکتر ، نیشانیدا بە زۆر هۆکارەوە، ئەو جیدییەتەیان بۆ لەناو بردنی یەکتر، شەڕێکی تەواو لەگەڵ یەکتر نیە بەڵام پێویستیان بە مانەوەی یەکتر بۆ سیاسەتکردن هەیە. دوای هەوڵدانەکانی ئەمەریکا بۆ ئاشتی نێوان عەرەبەکان و ئیسرائیل، ئەم وڵاتە بۆ پاراستنی خۆی، پێویستی بە دوژمنێکی کەم هێز هەیە کە بتوانێت سیاسەتی سەربازی و ستراتێژی خۆی لەسەر دابمەزرێنێت و سیاسەتی دەرەوەی ئیرانیش لە بنەڕەتەوە، هەر لە سەرەتاوە لە سەر دوژمنایەتی لە گەڵ ئیسرائیل و ئەمەریکا و ڕۆژئاوا دامەزراوە. بەڵام هاوکات هەموو لایەنەکان بە هەستیارییەوە هەوڵیانداوە هاوسەنگی لە شەڕەکەدا بپارێزن. ڕەنگە دوابەدوای بەستنی پەیماننامەی نوێی نێوان عەرەبستانی سعودی و ئەمەریکا لە مانگەکانی داهاتوودا، وەک ڤێرسیۆنی نوێی پەیمانی ئاشتی ئیبراهیم، دۆخەکە هەندێک ئاڵوگۆڕی جیدی بەسەردا بێت. ئیسرائیل لە لایەن وڵاتانی عەرەبییەوە دڵنیایی پاراستنی پێ بدرێت، قەیرانی غەززە لە ڕێگای ئاگر برێکی چەن ساڵی هێور بێتەوە. ئەوجار، گوشارەکان لە سەر ئێران زیاد بکرێن. بەڵام قەیرانی هەوڵدانەکانی ئیران بۆ وەدەستخستنی چەکی ناوەکی، دەتوانێت زۆربەی ئانالیزە سیاسییەکان لە ناکاو بگوڕێت!
سەبارەت بە بەشی دووهەمی پرسیارەکەتان، دەبێ ئەوەمان لە بیربێت یەکەی بڕیاردان لە سیستەمی جیهانیدا، سیستەمی جیهانی و دواتر دەوڵەتەکانن. دەوڵەتەکان لەگەڵ یەک شەڕ دەکەن و دواتر ئاشت دەبنەوە. یەکە نا-دەوڵەتییەکان، کورد بێت یان تامیلەکان، یان باسکەکان، بەردەوام وەک کارت کایەیان پێدەکرێت و ئەگەر بکەونە دۆخی ئەکتەرێکی ناوچەیی، ڕەنگە دوای ماوەیەک قوربانی بەرژەوەندی ئەو سیستەمە و سیاسەتی دەوڵەتەکان بکرێن. هەر بۆیە ئەگەر چی شەڕ دەتوانیت بۆشایی سیاسی دروست بکات، هاوسەنگی هێز تێک بدات یان دەرفەەتی سیاسی بۆ کورتە مەودا بخولقێنێت، بەڵام پێموایە هیوا هەڵچنین لەسەر ئەم سیاسەتە، بابەتێکی مێسیانیکە، چاوڕوانییەکی نا-سیاسییانەیە و هێزەکان تەنیا پێویستە لە سەر کار و کردەی سیاسی خۆیان، خوڵقاندنی ئاسۆیەک بۆ هاوبەشیی، خوڵقاندنی کەشێکی ئەخلاقیانە لە سیاسەت داکۆکی بکەن. ڕابردوو پڕە لە ئەزموون. بەڵام نابێ ڕێگا بدرێت رابردوو لە داهاتوودا وەک بەرهەم هێنانەوەی قەیران، خۆی بەرهەم بێنێتەوە.
قهندیل پرێس: وەکوو پرسیاری کۆتایی، چەند ڕۆژ پێش ئێستا پژاک ڕایگەیاند کۆنگرەی حەوتەمی خۆی بەڕێوەبردووە، بە ڕای جەنابتان چاوەڕوانیەکان لە پژاک چین و پێویستە چ گۆرانکاریگەلێک لە سیاسەتەکانی خۆی بکات؟
ئازاد حاجی ئاقایی: نەک پژاک، بەڵکوو تەواوی هێزە سیاسییەکان، لە سەر بنەماکانی سەنتێزی نێوان ئۆتوپیای سیاسی و رئالیتەی سیاسی هەوڵ دەدەن سیاسەت وەک مژارێکی کردەیی بگرنە پێش. بەڵام ئەوەی کە هێزەکان تا چ ڕادەیەک لەم بارەیەوە سەرکەتوون یان سەرکەوتوو دەبن، لە گۆڕەپانی کردەیی سیاسەتدا ڕوون دەبێتەوە. لەبەر چاوگرتنی عەقلی سەلیم، لەبەرچاوگرتنی خێر یان چاکەی گشتی و واقعبینی سیاسی، دەسنیشانکردنی خاڵەکانی قەیران و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنیان، جومگەبەندیکردنی ئایدۆلۆژی سیاسی بە پێی دۆخی کورد لە ڕووی هاوپۆشانی کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناڤین و هەر وەها جیاوازییەکانی لە ناو سنورەکانی ئێران، ڕەنگە ئەو گۆڕانکارییانە بن کە تا ڕادەیەک وەڵامدەرەوەی دەربازبوون لەو قەیرانە گشتگییرەی ناوچەکە بن کە تێی کەوتووە.
* ئازاد حاجی ئاقایی، زانکۆی یاگیولینسکی، کراکۆ
قەندیل پرێس