ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) ڕایگه‌یاند، لە کاتێکدا هێزەکانیان هێرشێکی چه‌كدارانی داعشیان بۆ سەر یەکێک لە خاڵە سەربازییەکان لە شارۆچکەی ئەلبەحرە لە دێرەزوری ڕۆژهەڵات بەرپەرچ دایەوە، “دو شه‌ڕڤانمان شەهیدبون”.
ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له به‌یاننامه‌یه‌كدا باسی له‌وه‌كردوه، “پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شانەیەکی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بە دۆشکە هێرشی کردە سەر خاڵێکی سەربازی هێزەکانمان، شەڕ و پێکدادان لە نێوان شەڕڤانانمان و ئەندامانی شانە تیرۆریستییە هێرشبەرەکەدا سەریهەڵدا و لە ئەنجامدا دو شه‌ڕڤانمان شەهیدبون، هاوکات ئەندامانی شانە تیرۆریستیه‌كه بە ماتۆڕسکیل هەڵهاتن”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە بەهۆی ئەو ئاژاوەگێڕییە گشتییەی کە لە سوریادا زاڵ بوە، هێرشەکانی لە دژی هێزەکانیان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چڕتر کردوەتەوە.
هه‌سه‌ده ده‌ڵێت، “هێزه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بن له ڕاوه‌دونانی شانه تیرۆریستییه‌كان تا ئه‌وكاته‌ی له ڕیشه‌وه هه‌ڵیان ده‌كه‌نن و ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌كه ده‌پارێزرێت”.
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده) هاوپەیمانێتییه‌كی فرەنەتەوەیی و فرەئایینییە کە زۆرینەیان شه‌ڕڤانانی کورد، عەرەب و ئاشوری سوریان و هەروەها هەندێک گروپی تورکمان، ئەرمەنی، چەرکەسی و چیچانین، به‌شێكه له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش كه به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له سوریا و عێراق ڕوبه‌ڕوی ئه‌و ڕێكخراوه بونه‌وه.
قەندیل پرێس