ئەنجوومەنی سەربازیی سوەیدا، کە لە کۆمەڵێک هێزی دروزی سووریا پێکدێت، دەڵێت، رێگە بە هێزەکانی حکومەتی راگوزەری سووریا نادەن بچنە ناوچەکەیان و دەڵێت، “بەوپەڕی هێزەوە وەڵامی هەر دووژمنکارییەکی داهاتوو دەدەینەوە.”
راگەیێندراوەکە دوای ئەوە هات کە لە شەڕ و پێکدادانی رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیەدا لەنێوان چەکدارانی دروز و هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دیمەشق زیاتر لە 100 کەس کوژران.
شێخ حیکمەت هەجەری، سەرکردەی باڵای دروزەکان، رۆژی پێنجشەممە داوایکرد، “هێزێکی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی” بچێتە سووریا بۆ ئەوەی پێکهاتەکەیان بپارێزێت.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، “هەر داوایەک بۆ دەستوەردانی دەرەکی، بە هەر پاساو و ناونیشانێک بێت، جگە لە نائارامی و دووبەرەکیی زیاتر، هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە.”
هەروەها سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لەلایەن بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە فەرمانی پێکراوە هێزەکانی حکومەتی سووریا بکاتە ئامانج “ئەگەر تووندوتیژی بەرامبەر دروزەکان بەردەوام بوو.”
ئەمریکا کە تاوەکو ئێستا دانی بە حکومەتی راگوزەری نوێی سووریادا نەناوە، هۆشداری لە گرژییەکان دەدات.
رۆژی پێنجشەممە، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: “لە نزیکەوە چاودێریی ئەو ناوچەیە دەکەین. ئاگاداری ئەو دۆخەین، لە نێویاندا تووندوتیژیی ئەم دواییەی دژی خەڵکی دروز.”
قەندیل پرێس