✍️ شەماڵ بەشیری
🔹 ناسیۆنالیزمی کوردیی خاوەن دوو رەهەندی جیاواز واتە رەهەندێکی تورکیی و رەهەندێکی ئێرانییە. سەرەتا ناسیۆنالیزمی تورکیی کە گەنجە تورکەکان نوێنەرایەتیان دەکرد، دەبنە سەرچاوە. زۆربەی پێشەنگەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی لەو قۆناخەدا یان ئەندامی رێکخراوی ئیتحاد و تەرەقیی بوون یانخود دواتر دەکەونە ژێرکاریگەرییەکانی ئەو رێکخراوەیە. ئەم رەوتە نزیکەی زیاتر لە چل ساڵان دەبێتە رەوتی زاڵی ناو ناسیۆنالیزمی کوردیی. دواتر کە تاران دەبێتە مەرکەزی سیاسەت و رۆشنبیریی ئاغازادە و بەگزادەی کوردی ئێران، سەرەتای رەوتی دووهەمی ناسیۆنالیزمی کوردیی- ئێرانی لێدەدرێت. لێرەدایە کە ئاریاگەرایی کە خۆی لەناوخۆیدا پێناسەی ئەوی دیی ناسیۆنالیزمی کوردییە شکڵ دەگرێت. ئەوی دیی لێرەدا دەبێتەوە ئەوەیکە ئاریایی نییە. ئەم پێناسەیەش لە دژی ئیسلام و عەرەبدا گەڵاڵە دەکرێت. ئەوی دیی دەبێتە موسڵمان و عەرەب و ئەمەش دەبێتە بنەمای جیهانبینی و پێناسەی خود بۆ ناسیونالیزمی کوردیی بە گشتی و ناسیۆنالیزمی کوردی- ئێرانیی بەتایبەتی. لێرەدا ئەو رەوتە لە ناسیۆنالیزمی کوردیی رێک دەبێتە کۆپییەکی خراپ لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی. لەو رۆژەوە، نیگاکانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و کوردیی لە رۆژئاوایە و هەوڵ دەدات کە خۆی دەگەل بنەماکانی رۆژئاوا بگونجێنێت و بەهەموو جۆرێکیش خۆی لە ئەو دیاردە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی کە پەیوەستە بە جیهانی ئیسلام، عەرەب و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داببڕێت.
نموونەیەکی بچووکی ئەو دیاردەیە رۆژەڤی سیاسیی، بنەماکانی ئەخلاقیی و نرخە پناسەکراوەکانی هاوبەشی ئەو دوو رەوتە لە ناسیۆنالیزمە. هەر دوو رەوت بەشێوەیەکی بەرچاو کەڵک لە زمانێکی نزم و پۆلێمیک وەردەگرن. هەر دوو رەوت گوتارەکەیان خیتابی کەسانێک دەکەن کە ئاستی خوێندەوارییان کەمە و لە ئەنجامدا ژینگەیەک دەخوڵقێنن بۆ لۆمپەنیتزم و شارلاتانیزم. لە رۆژەڤی سیاسییدا زۆر دژە چەپن و بەردەوام بە خوڵقاندنی کەشێکی پۆلێمیک، چەپ و رەوتی چەپ وەک دوژمنانی سەرەکی خۆیان و کۆمەڵگا پێناسە دەکەن. لێرەدا دەتوانن سەرنج بدەنە رۆڵی یاسمین پهلوی، ژنی رەزا پەهلوی و سیماناسراوەکانی رۆشنبیری ناسیۆنالیزمی کوردی ئێرانی بکەن. یاسمین پەهلوی لەسەرەتای شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی بە تویتی ”نە بە سە فاسد، ملا، چپی، مجاهد” هاتە ناو فەزای پۆلێمیکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیی. بە هەمان شێوەی رۆشنبیرانی ناسیۆنالیزمی کوردی- ئێرانی رۆژانە بە کەڵکوەرگرتن لە هەمان ئوسلوب هەموو رەوتێکی فکری دژبەری خۆیان وەک چەپ پێناسە دەکەن و چەپیش بە ئەهریمەن دەکەن. خاڵێکی دیکەی هاوبەشی ئەو باوک و کوڕە، هۆگری و شەیدابوونیانە بە دەوڵەتی ئیسرائیل و رۆژانە ئاڵاکانیان لەتەنیشت ئاڵای ئیسرائیل دەشەکێننەوە و قەتڵوعامی خەڵی فلستینیش نەک مەشروع دەکەن تەنانەت بەجۆرێک تووشی فەتیشیزمی توندوتیژی بوونە.
مژارێکیتری رۆژانە کە بۆتە خاڵی هاوبەشی رەوتی ناسیۆنالیزمی کوردیی- ئێرانی، دژایەتییەکی گەشەی کۆمەڵایەتی و پرسی یەکسانیی و مۆدێرنیزەکردنی سیاسەتە. رەوتی ناسیۆنالیزمی ئێرانی، سەرەتا بە شاراوەیی و دواتر بە ئاشکرا لە دژی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەرکەوتن و دروشمی ”مرد، میهن، ابادی”-یان لەبەرامبەر دانا. رەوتی ناسیۆنالیزمی کوردیش سەرەتا هەوڵێکی زۆریاندا کە ئەم دروشمە لە کۆنتێکست و پاشخانی کۆنسێرڤاتیڤیزمی کوردییدا پێناسە بکەن یانخود پەنایان بۆ کۆمەڵێک شێعر برد بۆ ئەوەیکە هاوشێوەیی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە داب و نەریتی کۆن و دەرەبەگایەتیدا بدۆزنەوە. لێرەدا ناسیۆنالیزمی کوردی وەک باوکی خۆی واتە ناسیۆنالیزمی ئێرانی سەرکەوتوو نەبوو و زوو مەجبوور بە پاشەکشە بوو. بەڵام ئەمساڵ و لە نەورۆزدا هەڵمەتێکی دیکەی شاراوەیان دەست پێکردەوە کە بە هەڵمەتی خاکیپۆشان و جامانە ناوزەدیان کرد. واتە دابەزاندن و نزمکردنی نەورۆزی ئازادی و سەرفرازی بۆ نەورۆزی جل و بەرگ. شاراوە نییە کە خاکیپۆش گوزارەیە بۆ جلوبەری پێشمەرگە. پێشمەرگەش خۆی ناوێکە کە هەڵگری شوناسی پیاوانەیە. هەم وەک جلوبەرگ و هەم وەک ناو، پێشمەرگە قەت ناوێکی ژنانە نەبووە ئەوەندەی کە ناوێکی پیاوانە بووە. لەو سۆنگەیەوە ناسیۆنالیزمی کوردی بە جەختکردنەوە لە جلوبەرگی پێشمەرگە و هێماکانی، دروشمی ژن، ژیان، ئازادیان پەردەپۆش کرد و سیمبۆلەکانی پیاوانە کە گوزارە لە هەمان زیهنیەت و پاشخانی فکری مرد، میهن، ابادی-یە بەرجەستەکردەوە. لێرەدایە کە جیهانبینییە هاوبەشەکەی هەر دوو رەوتی ئاماژە پێکراو لە پرسی ژن و دژە یەکسانی و سەردەمییانەبووندا، دەردەکەونە پێش. چونکە هیچ رەوتێک لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ناتوانێت پێشکەوتنخواز و یەکسانیخواز و مۆدێڕن بێت ئەگەر هەڵگری کاراکتەرێکی ژنانەی ئازادیخواز نەبێت.
پاککردنەوە یان لاوازکردنی ژن چ وەک هێما و چ لەناو گوتاردا، نەک هەر لە دژی ناوەرۆک و جەوهەری شۆرشی ژن، ژیان، ئازادییە بەڵکوو رێک ملکەچکردنەوەی شۆرشە ئاڤانگارد و پێشکەوتنخوازەکانی هەرێمە بۆ نەریتگەرایی و زیهنیەتی پیاوسالاریی.
بەڵام هەر وەک لە وێنە و فیلمەکانی نەورۆزدا دیارە، ئەو دروشمە تەنها لە ناوەندی سوونەتگەرایی واتە موکریاندا رەنگدانەوەی هەبووە و لە شار و شارۆچکەکانی دەرەوەی موکریاندا نەیتوانی جێگای خۆی بکاتەوە. ئەمەش بۆ تایبەتمەندییەکانی ئەو رەوتە لە ناسیۆنالیزم دەگەڕێتەوە کە هەڵگری تایبەتمەندی موکریانە. هەر بۆیە لەو شوێنانەی کە دەوڵەمەندی کولتووریی، زمانیی و ئەتنیکیی لەسەرێیە، ئەو تەک رەنگییەی کە ناسیۆنالیزمی کوردی-ئێرانی بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا دەسەپێنێت، وەڵامدەرەوە نابێت و فرەڕەنگی لە هەموو بوارەکاندا بەسەر جامانە و خاکیپۆشیدا زاڵ دەبێت.
ئەنجام
ئەگەرچی ناسیۆنالیزمی کوردی-ئێرانی بە رەواڵەت خۆی دژە ئێرانی نیشان دەدات، گرینگە بزانین کە ئەم رەوتە کۆپییەکی ناسیۆنالیزمی ئێرانییە و لە سیاسەتی رۆژانەدا کۆپی گوتاری ئەو رەوتە دەکات بەو جیاوازییەی کە هەوڵ دەدات بیکوردێنێ. لە پرۆسەی کورداندنەکەشدا تەنها دەکەوێتە خزمەت گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێران و بەجۆرێک لە جۆرەکان مەشروعیەتی سیاسی- فکری بۆ دەخوڵقێنێت. نەورۆزی خاکیپۆشان و جامانە نموونەیەکی بەرچاوی ئەم دیاردەیەیە و ناسیۆنالیزمی کوردی-ئێرانی وەک ناسیۆنالیزمی ئێرانی، ئێستاکە بە ئاشکرا کەوتۆتە سەنگەری دژبە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی.
قەندیل پرێس