سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی خۆپێشاندانەکانی دژی زیندانیکردنی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، ئەوانەی رۆڵیان لە تێکدانی ئاسایش هەبووە، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. لەبارەی جەهەپەشەوە دەڵێت، ”ئێمە و گەلەکەمان مەخەنە ئەو چاڵەی خۆتان تێیکەتوون”.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکشێکرد و لەبارەی خۆپێشاندانەکانی دژی زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، ”ئەوانەی تێکەڵی خۆپێشاندانەکان بوون، ناسنامەیان ئاشکرا دەکەین، ماسکدارە تیرۆریستەکانیش ئاشکرا دەکەین و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکەین”.
ئەردۆغان لەبارەی بەڕێوەبردنی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ رەخنەی لە ئیمامئۆغڵو گرت و گوتی: ”ئەوانەی گەندەڵی دەکەن و بەرتیل وەردەگرن، ئەوانەی بە پەڕەشوت دەبنە خاوەنی بڕوانامە و مافی هەزاران گەنج دەخۆن، جەهەپەیین. ئەوانەی بەشێک لەو پارانە بۆ ئامانجە سیاسییەکانیان بەکاردەهێنن و بەشێکیشی بۆ ئەو کۆمپانیایانەی لەڕێگەی رێکخراوی تاوان بنیادیان ناون و بۆیان دەنێرن، جەهەپەیین”.
سەرۆککۆماری تورکیا جەهەپە بە “گەندەڵی” تۆمەتبار کرد و گوتی: ”چەرخی گەندەڵیتان ئاشکرا بووە، ناتوانن بیانشارنەوە. بۆیە واز لە تۆمەتبارکردنی ئەم و ئەو بهێنن. هەوڵمەدەن ئەو چاڵەی خۆتان بە نەزانی کەوتوونەتە نێوی، ئێمە و گەلەکەشمانی بۆ پەلکێش بکەن”
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دۆسیەکانی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ گوتی: ”ئێمەش وەک هەمووان چاوەڕێی ئەوەین، هێزەکانی ئاسایش و دەسەڵاتی دادوەریمان ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن. چاوەڕێین، ئەو لێکۆڵینەوانەی دەستیانپێکردووە بیانگەیێننە ئەنجام. چاوەڕێین، تاوانباران لەڕێگەی دادگەکانەوە سزابدرێن”.
بەرەبەیانیی رۆژی 23ـی ئاداری 2025 ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و 99 کەسی دیکە کە 19ـی مانگ دەستگیرکرابوون، رەوانەی دادگە کران.
ئیمامئۆغڵو بە بڕیاری دادگە خرایە زیندان و دواتریش لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە.
قەندیل پرێس