به‌په‌له

پەیامەکەی عبداللە ئۆجالان تەسلیمبوون یان کۆتایی هێنان بە فاشیزم؟

✍️ هۆگر برایم

یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی دامەزراندنی کۆماری تورکیا نکوڵییە لە شتێک بەناوی کورد. بۆیە قسە لەسەر پرسی کورد لە تورکیادا، رێک بەمانای هەوڵوەشاندنەوە و سەرلەنوێ بونیادنانەوەی کۆماری تورکیای ئێستادێت. کەواتا ئەمەی ئێستا رودەدات چییە؟ دەستپێشخەرییەکەی باخچەلیی دەرئەنجامی چییە و وەڵامەکەی ئۆجالان و بڕیاری کۆتاییهێننان بە شەڕی چەکداریی و هەڵوەشاندنەوەی پ ك ك بۆ چییە؟

رێبەری پ ک ک عبداللە ئۆجالان لە پەیامەکەیدا، کە پوختەی تێزەکانییەتی کە لە ساڵانی رابردوودا پێشکەشیکردوون، باس لەو هەلومەرجە بابەتیی و ئەو ژینگەیە دەکات کە پ ک ک ی تیادا دروست بوو و شەڕی چەکداریی تیادا دەستیپێکرد کە سەردەمی شەڕی سارد و بزوتنەوەی رزگاریی نیشتیمانیی سەدەی بیستەمە. لەهەمانکاتدا لە تورکیادا زەمینەی خەباتی سیاسیی، بەرمەبنای چارەسەریی پرسیی کورد، لەئارادا نەبوو. هەروەها لەم قۆناخە لە مێژوودا، شەڕی رزگاریی نەتەوەیی لەرێگای شەڕی چەکداریی، لەدژی ئیستعمار، گوتار و مۆدێلی زاڵ بوو لەناو بزوتنەوەی چەپی ئەم سەردەمەدا. بۆیە ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە کە ئایا لەم ژینگە سیاسیی، پراکتیکیی و مەعریفییەی حەفتاکانی سەدەی رابردوو، کۆمەڵێک گەنج لەتەمەنی بیستەکانی خۆیان دا، لەو میتۆدە زیاتر، دەشیا چ شتێکیتر بە هزر و بیریاندا بهاتایە؟

ئۆجالان پێیوایە کە لەدوای روخانی یەکێتی سۆڤیەت و گۆڕانی ژینگەی سیاسیی لە تورکیای نەوەدەکان کە زەمینەی خەباتی سیاسیی و مەدەنیی بۆ بزوتنەوەی ئازادیی کورد لە تورکیادا هاتە پێشەوە، بەتایبەت لە سەردەمی تورگۆت ئۆزالدا، خەباتی چەکداریی و هەبوونی پارتیێکی مارکسیست لینینستی دەرەوەی یاسا و چەک بەدەست، واتای خۆیان لەدەستدابوو. لەهەمانکاتدا پ ک ک و ئۆجالان کە بە دروشمی کوردستان داگیرکراوە و ئیدیعای دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی دەکرد، لە ١٩٩٣ پرۆسەی چارەسەریی پرسی کوردی لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادا قەبوڵکرد. واتا چیتر جیابوونەوە لە تورکیا ستراتیژی ئەو بزوتنەوەیە نەبوو. کەواتا داواکاریی چارەسەریی پرسەکە لەناو چوارچێوەی سنورەکانی هەییدا پێویستیی بە شەڕی چەکداریی نەبوو. بۆیە شەڕی چەکداریی لە خۆدووبارەکردنەوە زیاتر بەرهەمێکی وای نەبوو کە لە رێگەی خەباتی سیاسیی و مەدەنییەوە بەدەستنەیەت. لەهەمان کاتدا کە تۆ بتوانیی پارتیێکی سیاسیی قانوونی لە چوارچێوەی سیستەمی قانونیی مەوجوددا بە هەر ئایدیۆلۆژیاکەوە بتهەوێت دابمەزرێنی، پارتیێکی دەرەوەی یاسا پێویست نەبوو.

دیارە ئەوانەی کە لەو پەیامەی ئۆجالاندا هاتوون تێڕوانینە بۆ رابردوویەک کە نە دەگەڕێتەوە و نە دەشتوانین بزانین ئەگەر ئەوە نەکرایە چیی دەبوو. ئێمە تەنیا لە ڕویی تیۆرییەوە دەتوانین تەخمین بکەین کە ئایا ئەم رێکخستنە جەماوەریە بەهێزە، پتەو و جێگیرە بەبێ هەبوونی خەباتە چەکدارییەکە بەردەستدەبوو یان نا.

ئەو بونیادە نکوڵییکارەی ناسیونالیزمیی تورکیا لە سەردەمی خۆی دابڕاوە، لە قەیرانی مانەوەدایە، چونکە پرسی کورد کە کۆڵەکەی سەرەکیی ئەو ناسیونالیزمەیە، تەنیا بە سنورەکانی ئەو دەوڵەتەوە پەیوەست نییە و لەمڕۆدا لە دوو بەشی کوردستاندا بووە بە ئەمری واقع و دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ بەشێکیان، کە هەرێمی کوردستانی عێڕاقە مامەڵەدەکات و قازانجێکی ئابوریی زۆری دەستدەکەوێت. کوردستانی سوریاش بووە بە ئاکتۆرێکی گرینگ لەناو بەرژەوەندیی هێزە هەرێمیی و جیهانییەکاندا و تورکیا ناتوانێت وەکو ئەوەی دەیهەوێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات. کەواتا نکوڵی لە کورد نەک هەر لە ناو سنورەکانی خۆیدا، بەڵکو نکوڵی لە پرسەکەیشی، لە گەمژەیی زیاتر شتێکی تر نییە و زەمینەی سەرکوتی ئەو بزوتنەوەیەی کە پێشەنگایەتیی ئەو پرسە دەکات، لەئارادا نەماوە.

ناسیونالیزمیی تورکیی تا هاتنی ئەردۆغان و پارتەکەی، یەکێک لە کەرەسەکانی گەیشتن بە فاشیزمیی کامڵی کەمبوو، کە دینە. سەرەڕای هەبوونی زەمینەکە، ناسیونالیزمی سێکولاری کەمالیستیی، لەبەر ئایدۆلۆژیا سۆسیالدیموکراتییەکەی و مەیلیی بە ئەوروپایی بوونی دوای شەڕی دووەمی جیهانیی، نەیدەتوانیی هەنگاو بەرەوە فاشیزمی کامڵ هەڵبێنێتەوە. بۆیە لەدوای قەیرانی ئابوریی و سیاسیی و حوکمڕانیی لە وڵاتدا، لە سەرەتای ٢٠٠٠ەکاندا، رێگە لەبەردەم بزوتنەوەیەکی مەزهەبیی وەکو ئاک پارتیی و ئەردۆغان کرایەوە کە بە خیتابێکی پۆپۆلیستیی بتوانێت بێتە سەردەسەڵات و ئەو ستراکچەرە سێکولارە سۆسیالدیموکراتییەی کەمالیزم هەڵوەشێنێتەوە و ناسیونالیزمیی تورکیی بگەیێنێتە لوتکەی فاشیزم.

یەکێک لە خەسڵەتەکانی فاشیزم ئەوەیە کە هەوڵدەدات نەیارەکانی تەسلیمبگرێت. کە تەسلیم نەبوون زۆر وەحشیانە هێرش دەکاتە سەریان و لەناویان دەبات. تموحەکانی فاشیزم بێسنورن و لە هێرشی بەردەوامدایە بۆ سەر لاوازەکانی دەوروبەری.

بۆیە لەگەڵ فاشیزمدا نە ئاشتیی دەکرێت نە هاوپەیمانیی، چونکە یان دەبی تەسلیمی بیت یان لەناوت دەبات. سەیرکەن تاکە هاوپەیمانی هیتلەر مۆسۆلینیی بوو و تاکە دەوڵەتێکیش کە لە گەڵیدا لە ئاشتییدابوو ئیتالیا بوو، کە هەر چەندە پۆزسیۆنی ئیتالیا لەبەرامبەر هیتلەر پۆزسیۆنی رەعیەت بوو نەوەکو هاوتا. سەرنەکەوتنەکانی رێککەوتنەکانی سۆڤیەت و بەریتانیا پێش قۆناخی شەڕی جیهانی لەگەڵ ئاڵمانیای نازیی نمونەی ئاشکران کە رێککەوتن و ئاشتیی لەگەڵ فاشیزم غەیرە مومکینە.

ئەمەی ئێستا لە تورکیادا لەئارادایە، لە فاشیزم بەولاوە هیچ پیناسەیەکی تری نییە بەڵام فاشیزمی تورکیا هەمان زەمینەی هیتلەری بۆ نەڕەخساوە بتوانێت روو بەدەرەوە هەنگاوی گەورە بنێت. بیرتانە لە شەڕی نێوان ئازەربایجان و و ئەرمەنستاندا کە دەرفەتی خۆدەرخستنی بۆ رەخسا چۆن دڕندانە هاتە مەیدان؟ لە عەفرین و سەرێکانیش بەهەمان شێوە. بۆیە ئەو فاشیزمە لە ناوخۆدا هانگاوی گەورەی ناوە لە سەرکوتی نەیارەکانیدا. ئەوەتا لە ژێرناوی گولەنیی دا بەهەزاران سیاسیی، بیرۆکرات، رۆشنبیر، رۆژنامەنوس و ئەکادیمیی خستونەتە زیندان. کێی بوێت بە تاوانی گولەنیی یان پ ک ک یی دەیخاتە زیندانەوە. تەنانەت پارتی کۆمارییش کە پارتی دامەزرێنەری تورکیایە، خراوەتە کونەوە. ئەوەتا خەریکە کێشەی یاسایی بۆ کاندیدی داهاتووی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەو پارتە دروستدەکات. لەوانەیە ئەوپرسیارە بکرێت کە ئایا دۆخی فاشیزمی تورکیی لە ساڵانی ٢٠٠٠ زۆرترە هەتا ساڵانی ٨٠کان؟ بە بۆچوونی من، فاشزمی دەوڵەتی تورکیا لە لەدوای کودەتای ١٢ی ئەیلول، هەرچەندە دژواربوو بەڵام هەلومەرجی بەردەوامیی نەبوو و پاشەکشەیکرد.

فاشیزم ناتوانێت بێ دوژمن بژیێت. ئەگەر نەیشیبێت خۆی دوژمنی وەهمی دروستدەکات. فاشیزمی تورکیا لەژێرناوی “تیرۆری پ ک ک” دا دواژمنایەتیی خۆی بۆ کورد پەردەپۆش دەکات بەڵام لە دوای پەیامەکەی بەڕێز ئۆجالان، ئیدیعای ئەردۆغان، کە دەبێت کوردەکانی عێڕاق و سوریاش چەکدابنێن، ئەو رووبەندەی هەڵماڵیی. چەندین ساڵە فاشیزمیی تورکیا لە ژیرناوی شەڕی تیرۆر، بە ئانقەست خەڵکی سڤیلی کورد لە کوردستانی عێڕاق و سوریا کۆمەڵکوژ دەکات و ژێرخانی ئابوریی و خزمەتگوزاریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا خاپوردەکات، کەچی هێزە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان ئەڵێن “تورکیا مافی خۆیەتیی خۆی بپارێزێت”. کەواتا پ ک ک و شەڕی چەکدارییەکەی، ئەو کورسییەیە کە فاشیزمی تورکیا لەسەری وەستا و ئیدیعای مەزڵومیەتی خۆیدەکات و سیستەمی جیهانییش، بۆ بەرژەوەندیی زلهێزەکان، دەست بە باڵیەوە دەگرێت. هەڵوەشاندنەوەی پ ک ک و کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداریی لەلایەن بەڕێز ئۆجالانەوە، دەرکێشانیی ئەو کورسیەیە لە ژێرپێی فاشیزمیی تورکیا. ئیترفاشیزمیی تورکیا دەبێ دوژمنێکی تر بۆخۆی بدۆزێتەوە کە شەڕی لەبەرامبەردا بکات.

بە ئەگەری زۆر کوردستانی سوریا و هەرێمی کوردستانی عێڕاق، بەتایبەت کەرکوک، ئامانجی شەڕەنگێزیی فاشیزمیی تورکیا دەبن لە داهاتوودا بەڵام لەوێدا تەنیا روبەڕووی کورد نابێتەوە بەڵکو روبەڕووی بەرژەوندیی دەوڵەتە هەرێمییەکان و زلهێزەکانیش دەبێتەوە. ئەمەش کۆتایی فاشیزمی تورکیا لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

لەو سۆنگەیەوە نابێ وەهممان بە چارەسەریی و ئاشتیی لەگەڵ فاشیزمی تورکیادا هەبێت بەڵکو دەبێ رووبەڕووی ببینەوە بەڵام ئەمە تەنها بەهێزی کورد ناکرێت. بۆیە ئەم هەنگاوەی ئۆجالان زۆر ستراتیژییە بۆ ئەوەی کورد لە بەرامبەر فاشیزمی تورکیادا ببێتە خاوەن هاوپەیمانیی، نەوەکو تەنیا وەکو کارت بەکاربهێنرێت. بەتەنیا رووبەڕووبوونەوەی فاشیزمی تورکیا بۆ کورد بە شەڕیی گەریللایی، تەنیا بە فیڕۆدانی کات و وزەیە و ئەو خەباتە مەدەنییە جێگیر و پتەوەی کە لە کوردستانی تورکیاشدا هەیە توشی قەیران و ئاستەنگیی دەکات. بە کۆتاییهێنانی شەڕی چەکداریی، کۆمەڵگەی تورکیی و هێزە چەپ، دیموکرات و لیبڕاڵەکانی تورکیاش دەتوانن هەناسەیەک بدەن و لە پاڵ ئەو رێکخستنە پتەوە بەهێزەی کورد لە تورکیادا، ئەوانیش بێنەوە مەیدان، بێ ئەوەی بە تەخوینکردن بە هاوکاریی لەگەڵ تیرۆردا بخرێنە کونەوە.

ئاشتیی و چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیادا تەنیا دوای تێکشکانی فاشیزمی تورکیا دێتە ئاراوە. ئەم هەنگاوەی ئێستای باخچەلیی چی وەکو داخوازیی بەشێک لەدەوڵەت بێت، کە لە مەترسییەکانی ئەم فاشزمە وریا بۆتەوە و دەزانێت کە سەری تورکەکانیش دەخوات، یانیش هەوڵێکی فاشیزمی تورکیا بێت بۆ ئەوەی سەرکەوتنی کۆتایی بە قەولی خۆیان ” لەبەرامبەر تیرۆردا” ئیعلان بکەن، یەکەم بزمارە لە تابوتی خۆی. بۆیە دەبێ ئەم هەنگاوەی سەرۆک ئۆجالان لەلایەن پ ک ک وە ستراتیژایانە سەیربکرێت نەوەکو تاکتیک.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

خەون و خەیاڵ یان پلانی بەرنامەداری تورکیا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟

✍ د. خالد خەیاتی ئێوە دەڵێن چی؟ ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو یانی ٣١ی مانگی ٣ لە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *