به‌په‌له

دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی لالەزار؛ بۆ جاری دووەم و بۆ کاتێکی نادیار دواخرا

قەندیل پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ی ئایاری 2026، دانیشتنی دادگاییکردنی 12 کەس لە دەستگیرکراوانی دۆسیەی “لالەزار” لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی دۆسیەکە و زۆریی ژمارەی پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوە، دادگا بڕیاری دا پرۆسەکە بۆ جاری دووەم و بۆ کاتێکی نادیار دوابخات.

دانا تەقیەدین، یەکێک لە پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی رایگەیاند، دادگا پێویستی بە کات و وردبینی زیاتر هەیە لە ناوەڕۆکی پەڕاوەکاندا، هەر بۆیە نەتوانرا بڕیاری کۆتایی لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا بدرێت. ئەم دانیشتنە بە گرنگییەکی زۆرەوە بینرا و کونسوڵەکانی هەریەکە لە وڵاتانی بەریتانیا و هۆڵەندا لە بینای دادگای سلێمانی ئامادەبوون بۆ چاودێریکردنی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی رێکارە یاساییەکان.

دۆسیەی “لالەزار” یەکێکە لە دۆسیە هەرە پڕمانشێتەکانی ساڵی رابردوو، کە تێیدا لاهوور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە برا و پاسەوانەکانی بەپێی ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەکرێن. دانیشتنەکەی ئەمڕۆ لە کاتێکدایە کە بۆ یەکەمجار لە 12-01-2026 لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر، بەڵام تا ئێستا پرۆسەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.

​پاشخانی ئەم کێشە یاساییە بۆ شەوی 22ی ئابی 2025 دەگەڕێتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی (دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ) دوای گەمارۆدانێکی سێ کاژێری و دروستبوونی رووبەڕووبوونەوەی چەکداری، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار.

ئۆپەراسیۆنەکە دوای ئەوە هات کە لاهوور شێخ جەنگی رەتیکردەوە خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان بکات، کە لە ئەنجامدا خۆی و پۆڵاد شێخ جەنگیی برای و ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکەی دەستگیرکران.

چاوەڕوان دەکرێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا دادگا وادەی دانیشتنی داهاتوو دیاری بکات، لە کاتێکدا دۆسیەکە بووەتە جێی بایەخی ناوەندە سیاسی و نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

دەمیرتاش: تەنیا ڕێگەی ڕزگاربوونی تورکیا لە داڕمان گەیشتنە بە ئاشتییەکی شەرەفمەندانە.

قەندیل پرێس ​کۆڕبەندی ئاشتی و ئازادی کۆمەڵایەتی لە شاری ئامەد لە باکوری کوردستان دەستیپێکرد و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *