قەندیل پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ی ئایاری 2026، دانیشتنی دادگاییکردنی 12 کەس لە دەستگیرکراوانی دۆسیەی “لالەزار” لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی دۆسیەکە و زۆریی ژمارەی پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوە، دادگا بڕیاری دا پرۆسەکە بۆ جاری دووەم و بۆ کاتێکی نادیار دوابخات.
دانا تەقیەدین، یەکێک لە پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی رایگەیاند، دادگا پێویستی بە کات و وردبینی زیاتر هەیە لە ناوەڕۆکی پەڕاوەکاندا، هەر بۆیە نەتوانرا بڕیاری کۆتایی لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا بدرێت. ئەم دانیشتنە بە گرنگییەکی زۆرەوە بینرا و کونسوڵەکانی هەریەکە لە وڵاتانی بەریتانیا و هۆڵەندا لە بینای دادگای سلێمانی ئامادەبوون بۆ چاودێریکردنی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی رێکارە یاساییەکان.
دۆسیەی “لالەزار” یەکێکە لە دۆسیە هەرە پڕمانشێتەکانی ساڵی رابردوو، کە تێیدا لاهوور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە برا و پاسەوانەکانی بەپێی ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەکرێن. دانیشتنەکەی ئەمڕۆ لە کاتێکدایە کە بۆ یەکەمجار لە 12-01-2026 لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر، بەڵام تا ئێستا پرۆسەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
پاشخانی ئەم کێشە یاساییە بۆ شەوی 22ی ئابی 2025 دەگەڕێتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی (دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ) دوای گەمارۆدانێکی سێ کاژێری و دروستبوونی رووبەڕووبوونەوەی چەکداری، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار.
ئۆپەراسیۆنەکە دوای ئەوە هات کە لاهوور شێخ جەنگی رەتیکردەوە خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان بکات، کە لە ئەنجامدا خۆی و پۆڵاد شێخ جەنگیی برای و ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکەی دەستگیرکران.
چاوەڕوان دەکرێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا دادگا وادەی دانیشتنی داهاتوو دیاری بکات، لە کاتێکدا دۆسیەکە بووەتە جێی بایەخی ناوەندە سیاسی و نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان.
قەندیل پرێس