قەندیل پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دادگەی کەتنی رەسافە لە شاری بەغداد، کۆتایی بە دۆسیەی یەکێک لە ناسراوترین جەلادەکانی سەردەمی بەعس هێنا و سزای لەسێدارەدانی بۆ (عەجاج تکریتی) دەرکرد، کە بە جەلادەکەی نوگرەسەلمان ناسراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی قەندیل پرێس، دانیشتنی دووەمی دادگاییکردنی عەجاج تکریتی بەڕێوەچوو، تێیدا دادوەر دوای پێداچوونەوە بە بەڵگەکان و وتەی شایەتحاڵەکان، بڕیاری کۆتایی لەسێدارەدانی بۆ ناوبراو دەرکرد.
دانپێدانان و وتەی شایەتحاڵەکان
ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسیەی ئەنفالکراوان، رایگەیاند کە تۆمەتبارەکە لە دانیشتنەکانی پێشوودا بە روونی دانی بە تاوانەکانیدا ناوە، ئەمەیش ڕێڕەوی یاسایی بۆ دادوەر ئاسان کرد تاوەکو ئەمڕۆ بڕیاری کوشندەی بەسەردا بدات.
پێشتر و لە سەرەتای ئەم مانگەدا، 26 شایەتحاڵ و رزگاربووی شاڵاوەکانی ئەنفال لەبەردەم دادوەردا ئامادەبوون و سوێندی یاساییان خوارد. ئەوان وردەکاریی ئەو دڕندەیی و ئەشکەنجانەیان گێڕایەوە کە لە قەڵای نوگرەسەلمان لەلایەن عەجاج تکریتییەوە بەرامبەر بە کوردە دەستگیرکراوەکان ئەنجامدراون.
عەجاج تکریتی کێیە؟
ناوبانگ: بە یەکێک لە دڕندەترین ئەفسەرەکانی سەردەمی بەعس لە زیندانی نوگرەسەلمان دادەنرێت.
دەستگیرکردن: لە 31ـی تەممووزی 2025 دەستگیرکرا.
تاوانەکان: تۆمەتبارە بە ئەشکەنجەدان، کوشتن و بێسەروشوێنکردنی سەدان هاووڵاتیی کورد لە کاتی پرۆسەکانی ئەنفالدا.
ئەم بڕیارەی دادگەی رەسافە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ چەسپاندنی دادپەروەری بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان دەبینرێت، کە ساڵانێکی درێژە چاوەڕوانی سزادانی بکوژانی ئازیزانیان دەکەن.
قەندیل پرێس