قەندیل پرێس- باکوری کوردستان
لە کاتێکدا میدیا فەرمییەکانی تورکیا هەواڵی پێشوازیکردنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە مەسرور بارزانی بڵاودەکەنەوە جارێکی دیکە پرسی بەکارهێنانی دەستەواژەی ئیدارەی هەرێمی کوردی باکووری عێراق لەبری ناوی دەستووری هەرێمی کوردستان دەبێتەوە جێی مشتومڕی ناوەندە سیاسی و میدیاییەکان.
مەحمود دۆغان چاودێری سیاسی و رۆژنامەنووسی کورد لە باکووری کوردستان سەبارەت بەم دیدارە و سیاسەتی گشتی ئەنقەرە تێبینی و ڕەخنەی توندی هەیە و لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ قەندیل پرێس، دەڵێت دەسەڵاتی تورکیا جۆرە فۆبیایەکی مێژوویی لە ناوی کوردستان هەیە و تەنانەت لە پرۆتۆکۆڵە فەرمییەکانیشدا ئامادە نییە ئەو ناوە بەکاربهێنێت کە لە دەستووری عێراقدا چەسپێنراوە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە عەقڵیەتی دەوڵەتدا بەرامبەر بە دۆزی کورد ڕووی نەداوە.
ئەم رۆژنامەنووسە ئاماژە بەوە دەکات کە تورکیا تەنها لە کاتی بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنییەکاندا مامەڵە لەگەڵ سەرکردایەتی باشووری کوردستان دەکات بەڵام لە ناوخۆی وڵاتەکەی خۆیدا بچووکترین ماف بە هاووڵاتیانی کورد ڕەوا نابینێت و هێشتا زمانی کوردی لە ناوەندە فەرمییەکاندا وەک زمانێکی بێگانە یان زمانێکی نەناسراو مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
بە وتەی مەحمود دۆغان بۆ قەندیل پرێس سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە کورد سیاسەتێکی دووفاقی و دژ بەیەکە لە کاتێکدا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆدەبنەوە لە هەمان کاتدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان بەردەوامە و گوشارە سیاسییەکانیش بۆ سەر چالاکوان و لایەنە کوردییەکانی باکوور لەوپەڕی ئاستدایە.
ئەم دیدارەی ئەستەنبوڵ لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە گۆڕانکارییەکی خێرادا تێدەپەڕێت و چاودێران پێیان وایە تورکیا دەیەوێت لە رێگەی ئەم جۆرە پەیوەندییانەوە تەنها دەستکەوتی کاتی بەدەستبهێنێت بەبێ ئەوەی هەنگاوی راستەقینە بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد یان داننان بە قەوارەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ناوچەکەدا.
رەخنەگرانی سیاسەتی ئەنقەرە جەخت دەکەنەوە کە پێشوازییەکانی کۆشکی دۆڵمە باخچە ناتوانن ئەو ڕاستییە بشارنەوە کە تورکیا هێشتا بە دیدێکی ئەمنییەوە سەیری کورد دەکات و هەوڵدەدات هەر جۆرە پێشکەوتنێکی نەتەوەیی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان بێت پەک بخات یان بە لانی کەمەوە لە چوارچێوەیەکی تەسکدا بیهێڵێتەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆی بکات.
قەندیل پرێس