حه‌سه‌ن ڕه‌حمان په‌نا: بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنە تەئکیدێکە لەسەر درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی

تێبینیی: ئه‌م وتووێژه له ڕێگای ته‌له‌فوون ئه‌نجام دراوه‌و به‌رپرسیاریه‌تی هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌کی وه دره‌نگ بڵاوبوونه‌وه‌ی له ئه‌ستۆی قه‌ندیل پرێسدایه.

قه‌ندیل‌ پرێس: سڵاو و ڕێز کاک حەسەن، سپاستان دەکەین ئەم وتووێژەتان لەگەڵ قەندیل‌پرێس قەبووڵ فەرموو، وەکوو پرسیاری یەکەم، هەروا کە ئاگادارن حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵبژاردنی 11ی ڕەشەمەی مەجلیسی کۆماری ئیسلامییان تەحریم کردووە، بە ڕای بەڕێزتان بۆ دەبێ ئەم هەڵبژاردنە تەحریم بکرێت؟

حه‌سه‌ن ڕه‌حمان په‌نا: لە وەڵام بە پرسیاری یەکەمدا دەبێ عەرز بکەم، من پرسیارەکە بەو بارەی‌تریدا وەردەگێڕمەوە، پێچەوانەکەی، ئەویش ئەوەیکە، خەڵکی کوردستان بۆ دەبێ لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری بکات؟ دەلیلی بەشداری نەکردنەکە وازێحە، بەڵام بۆ دەبێ بەشداری بکات؟ با ئێمە چاو لێبکەین، لەکاتێکەوە کۆماری ئیسلامی هاتووەتە سەرکار چ دەسکەوتێک؟ چ خزمەتێک؟ چ کارێکی بۆ خەڵکی کوردستان کردووە؟ بڕیاری جیهاد لە ئێرانا تەنها لە دژی خەڵکی کوردستان دراوە، مەرجەعێکی ئایینی-سیاسی، شەخسی خومەینییە کە لە 28ی گەلاوێژا بڕیاری جیهادی داوە، یەکەم شەڕ لە نەورۆزی 58دا، مانگ و نیوێک دوای ڕاپەڕین دژی خەڵکی کوردستان دەسیپێکردووە کە لە شاری سنە بووە، ئێعدامەکانی سیاسی لە کوردستان دەسیان پێکرد، لە هاتنی خەڵخاڵی لە پاش 28ی گەلاوێژ بۆ کوردستان، برایانی ناهید دانەیکیان لەسەر برانکاردا لە گەڵ چەندین تێکۆشەری دیکە لە فڕۆکەخانەی شاری سنە کە ڕاکێشراوە لەسەر عەرزەکەدا، تێکۆشەرێکی دیکە کە دەستی لە گەچ دایە، بریندارە، ئەیانبەن تیربارانیان ئەکەن، تیربارانەکانی پاوە، سەقز، شارەکانی دیکە، هەمووی ئەوانە، دوای ماوەیەک شەڕ و ئاگر بارانی هەموو کوردستان و لە شەڕی سێ مانگەدا، کۆماری ئیسلامی لە زاری خومەینیدا ئاگەربەسی ڕاگەیاند، بەدوای ئەوەدا هیچ ڕاستگۆیێکیان لەو ئەگربەسەدا نەبوو، پادگانەکانیان پڕ کرد لە هێزی چەکدار و ئەو تاوانانەیان کرد، لەو کاتەوە تا ئێستا خەڵکی کوردستان ئێعدام ئەکرێن، ڕۆژانە و ئاخرین نموونەکەی ئەو چوار زیندانییە سیاسییە بوو کە لە زیندانی قزڵحسار ئێعدام کران، بەدەیان تاوانی‌تر کە کۆماری ئیسلامی، بە دەیان گۆندیان لە کوردستان ئاگرتێبەردا و سووتاندوویانە، لە قارنێ، قەڵاتان، ئیندرقاش، لە هەموو شوێنە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، پەتی سێدارەیان بەردەوام بە ئاسمانەوە شەکاوەتەوە، بۆ وەزعی ژنان و مافی ژنان کە لە ئێران هەیانە، بۆ مەسئەلەی داخوازی خەڵکی کوردستانە کە هیچ وڵامێکیان پێ نەداوەتەوە، تەنانەت ئەو کەسانەی کە بیر و باوڕی ئایینییان لەگەڵ ئەوان نایەتەوە، ئەیانگرن و ئێعدامیان ئەکەن، هەمووی ئەوانە، ئەوەمان پێ ئەڵێن کە بێجگە لەوەی کوردستان پادگانێکی گەورەی سەربازییە، هەر ئێستادا دووسەد هەزار هێزی چەکداری تێدایە، کۆشتاری ڕۆژانەی کۆڵبەران و ئەوەی کە دەرحەق بە لاوێکی وەک ژینا کردیان کە لە تاران دڵرەقانە لە بەینیان برد و دوای ئەوەی ئەو شۆڕشە کۆمەلایەتیە گەورە لە ئێران و کوردستان و هەموو دونیای گرتەوە، بۆیە هەموو ئەو دەلایێلانە ئەوانەمان پێ ئەڵێن کە خەڵکی کوردستان ئەبێ لەم بەناو هەڵبژاردنە بەشداری نەکات، بێجگە لەوە، ئەمە هەڵبژاردن نییە، ئەوان بەڕاستی ئەو ڕۆژە فەقەت نمایێشێک ئەدەن، خەڵک بچن و نەچن ئەوان ئەزانن کێ لە سەندووقەکانی دەنگدان بێرنە دەرەوە، وەختێک کە دەنگ بایخی نییە، وەختێک مرۆڤ بایخی نییە، وەختێک هیچ ئاڵوگۆڕێک ڕوونادات، ئیتر ئەو ماندوویەتیەی بۆ چی ئەبێ کە خەڵک بیکێشێت؟ بۆیە بەو هۆکارانە من لام وایە کە خەڵکی کوردستان ئەبێ بەشداری نەکەن و دڵنیام کە بەشداریش ناکەن، هەموو ئامار و ڕاگەیاندن و داتاکان ئەوەمان پێ ئەڵێن کە، حەتا ئەو داتایانەی کە لە ناوخۆی ئێراندا بڵاو کراونەتەوە قسە لەسەر بەشداری پانزدە دەرسەدی ئەکەن، چوونکە بەڕاستی کۆماری ئیسلامی لە بۆنبەستدایە، لە ئاخری خەتی خۆیدایە و ئەم بە ناو نمایێشەیشی بۆ ئەوە ئەوێ کە گوایە خەڵکی ئێرانی لەگەڵە بەڵام پێچەوانەکەیەتی، بە هەموو ئەو هۆکارانە من لام وایە خەڵکی کوردستان، خەڵکی ئێرانیش ئەبێ لەم گاڵتەجارییە بەشداری نەکەن.

قه‌ندیل‌ پرێس: تەحریمی ئەم هەڵبژاردنە لە لایەن گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، چ دەستکەوتێکی دەبێت؟

حه‌سه‌ن ڕه‌حمان په‌نا: بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنە دەسکەوتی زۆری بۆ خەڵکی کوردستان ئەبێ، یەکەم دەسکەوتی ئەوەیە کە خەڵکێکی یەکگرتوو نیشان ئەدات، خەڵکی کوردستانی یەکگرتوو، ئێمە ئەم ئاستەی لە زانیاری، لە تێگەییشتوویی، لە یەکگرتوویی کە ئێستا لە ناو خەڵکی کوردستاندا هەیە، هووشیاری سیاسی کە درووس بووە، ئێمە لە ساڵی 58دا نەمانبوو، لە دوازدەی فەروەردینی 1358 هەڵبژاردنی ئا و نا بوو، لەو هەڵبژاردنەدا خەڵکی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان یەکدەنگ وتیان نا، لەو کاتەوە تا ئێستا ئێمە نا-یەکی گەورەمان بە کۆماری ئیسلامی وتووە وە ئەمڕۆکە کە بەشێکی زۆری خەڵکی ئێران بەو نا-یە گەییشتوون، وە قسە لەوەیە 75 تا 85 لەسەدی خەڵکی ئێران ئەوە ئەڵێن، ئەوە گەورەترین دەسکەوتە بۆ خەڵکی کوردستان کە نا-کەی ئەمڕۆ هەموو ئێرانی تەنیوە، دووهەم، وەختێک کە ئێمە ئەو نا-یەمان وت مەعنای ئەوەیە شتێکی دیکەمان ئەوێ، داخوازیەکەی‌ترمان چییە؟ جیا لە داخوازی ستمی نەتەوایەتی، بەرابەری ژن و پیاو، جیایی دین لە دەوڵەت، ئازادییە سیاسییەکان، زۆر شتی دیکە، تەئکیدێک ئەکەینەوە لەسەر درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، ئێمە کە کۆماری ئیسلامیمان ناوێ، شۆڕشمان ئەوێ، ئاڵوگۆڕمان ئەوێ، ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیمان ئەوێ و خەڵکی کوردستان داوای ئەوەیە کۆماری ئیسلامی نەمێنێ وە لەو ڕێگایەوە ئیدامەی بە شۆڕشەکەی ئەدات، وە لەو ڕێگایەوە داخوازیەکانی خۆی تەرح ئەکات لە گەڵ خەڵکی ئێران، وە لەو ڕێگایەوە دەنگی هاوخەباتی خۆی بە خەڵکی ئێران ئەگەیێنێت و ڕایئەگەیێنێت کە کۆماری ئیسلامی لە کوردستاندا بێگانەیە، کۆماری ئیسلامی داگیرکەرە، کۆماری ئیسلامی سەرکۆتکەرە، هەر بۆیە هێزی یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان بەهێز ئەکات و تەئسیر ئەکاتە سەر ڕێکخراوە دیموکراتیکەکان، تەئسیر ئەکاتە سەر حیزبەکان، تەئسیر ئەکاتە سەر کۆمەڵگای مەدەنی، تەئسیر ئەکاتە سەر ژنان و خەباتی ڕۆژانەو قارەمانانەی ئەوان کە لە هەموو سەحنەکاندا دژ بە کۆماری ئیسلامی بەشدارن، وە دەسکەوتێکی گەورە ئەبێت وە لە ڕاستیدا ڕێفراندۆمە، ئەم ئا و نا-یە به مەعنایەک هەر ئەو ئا و نا-یەی ساڵی پەنجاوهەشتە بۆ کۆماری ئیسلامی، ئەگەرچی فریوکاری زۆری پێوە ئەکات و خەڵکی زۆریان کاندید کردووە و تەبلیغیان بۆ ئەکەن و گاڵتەجارییان ڕێکخستووە بەڵام ڕێفراندۆمە، لەو ڕێفراندۆمەدا جارێکی‌تر دوای 45 ساڵ تەئکید ئەکەینەوە سەر ڕێفراندۆمی یەکەم کە دوازدەی فەروەردینی 58 کراوە و ئەڵێین نا بۆ کۆماری ئیسلامی، نا بۆ سەرکۆت، نا بۆ میلیتاریسم، نا بۆ قەتڵ و عام، نا بۆ ئێعدام، نا بۆ تیرۆر، وە بەڵێ بۆ فەعالیەتی سیاسی، بەڵێ بۆ کاری حیزبی، بەڵی بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس و هەموو ئەو داخوازیە ڕەوایانەی کە خەڵکی کورد هەیانەو فیداکاریان بۆ کردووە، بەو هۆکارانە پێم وایە دەسکەوتێکی زۆر زۆر گەورە دوای ئەو نا-یە بەدەست تێت و کۆماری ئیسلامیش حەسابی خۆی ئەکات و ئەزانێ لە کوردستاندا هێزێکی داگیرکەری بێگانەیە.

قه‌ندیل‌ پرێس: لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە جاران زیاتر پێکەوە هاوکارییان کرد بەڵام ماوەیەکە نیشانەکان پێچەوانەی ئەوەمان پێ نیشان دەدەن، بۆ نموونە لە سەر سێدارەدانی چوار پێشمەرگەی کۆمەڵە حیزبەکان پێکەوە هاوکارییان نەکرد یان تا ئەم کاتە پێکەوە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان بۆ تەحریمی هەڵبژاردن بڵاو نەکردووەتەوە، هۆی ئەم دووبارە دوورکەوتنەوەی حیزبەکان لەیەک چییە؟

حه‌سه‌ن ڕه‌حمان په‌نا: تا ئەو جێگایە بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەڕێتەوە، حەقیقەتی ئەوەیە کە ئەم حیزبانە جیاوازی لە فکر، بیر و بۆچوون، لە ستراتێژ، لە بەرنامە، لە هەمووی ئەوانەیان هەیە، کەسیش ئەوەی نەشاردووەتەوە، بڵام ئەوەیکە لەم دەورەیەیدا ئێمە شاهێدین وە لە هێندێک شتا ئەگەرچی بە نیسبەتی پێشوو هاوکاریەکان زیاتر بوون، من لەگەڵ ئەوە نیم کە ڕاستە بۆ مەسەلەی ئەو چوار لاوە ڕاگەیاندنی هاوبەش نەدرا یا مەسەلەن بۆ بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنە، بەڵام کۆدەنگی لەسەری بوو، ئەویش ئەمەیە لەماوەی یەکساڵ و نیوی ڕابردوودا هاوکاری زۆرتر بووە بەڵام هۆکارەکەی جیا لەو شتانەیە کە وتم، بۆ خۆی هۆکاری ئەسڵی ئەتوانێ ببێ بەڵام بەڕاستی ئەوە هۆکار نییە، ئەو هۆکارانەی‌تری کە ئێستا هەیە ئەوەیە کە لە باری شێوەی کارکردن، لەباری دۆست و نزیکەکانمانەوە، لەباری کێ لە کێ نزیکە، لەباری تاکتیکەوە، لەباری ئەو سیاسەتانەی ڕۆژانە کە دادەڕێژن، ئەوانە هۆکاری ئەسڵین بۆ دوورکەوتنوو جیاوازیانەی کە لە بەینی حیزبەکاندا درووس بووە یا ئەوەیکە کۆدەنگی درووس نابێ، مەسەلەن کەسێک هەڵئەسێ ئەچێت لەگەڵ کۆڕی شایا هاوپەیمانی ئەکات، کەسێک کە دڵی بۆ مۆجاهیدین لێ ئەدات، کەسێک کە موتەحیدی کەسانێکی دیکەیە، تەبعەن ئەوانە تەئسیر ئەکاتە سەر لایەنەکانی دیکە کە ئەوانە بە نەیار ئەزانێ، تەجرۆبە پێمان ئەڵێ ئەوانە ناتوانن مافی خەڵکی کوردستان بدەن، ئەوە لایەنێکیتیە، لایەنێکی‌تری ئەوەیە کە هێندێک لەو حیزبانە هیچ پەیوەندیەکیان پێکەوە نییە، مەسەلەن لایەن هەیە ئەڵێ ئەگەر فڵان حێزب بێت من نایەم، ئەوی‌تر ئەڵێ ئەگەر ئەو بێت من نایەم، ئەوانە بۆ خۆی هۆکارن، ئینشعابوو جیابوونەوەکان ئەوە هۆکاری دیکەیە کە بە باوڕی من تەئسیری هەیە، دابەشبوون لەسەر ئەو وەزعیەتەی کە لە هەموو کوردستانەکانا هەیە، دابەشکاریەک کە درووس بووە لە لایەنە ئەسڵیەکانا، لایەنگیریانێک کە ئەکرێ، بە باوڕی من ئەوانەیش تەئسیری هەیە لەسەر ئەوە، بە نیسبەتی مەسەلەی ئەو مانگرتنەوە ئێمە لایەنێک بووین کە شەرتێکمان نەبوو وەختێک ئەو چوار دانە لاوە سیاسیە ئێعدام کران، لەگەڵ هاموو لایەنەکان پەیوەندیمان کرد، پێمان وتن کە ئەمە پەیوەندی بە هیچ حێزبێکەوە نییە، ڕاستە ئەوان هەڵسووڕاو یان پێشمەرگەی لایەنێک بوون بەڵام دژایەتی لەگەڵ ئێعدام پەیوەندی بەوە نییە کە تۆ بەو مانایە دیفاع لەو حیزبەوە ئەکەیت، ئەسڵەن ئەوە نییە، حەولمان‌دا لەگەڵ چەن لایەن قسەمان کرد بەڵام بەداخەوە ئەوان هەر کامێکیان بەهانەیکیان بوو نەهاتنە پای ئەو کۆدەنگییە بۆ ئەو مانگرتنە، ئەگەرچی پێش هەموو کەسیش ڕاگەیاندنی سەرکەوتنیان‌دا کە گوایە ئەوان هۆکاری سەرکەوتنی مانگرتنەکە بوون، نازانم ئەوەیش چۆن بۆ خۆیان تەوزیحی ئەدەن، تا ئەو جێگایە کە بەم هەڵبژاردنە ئەگەرایەوە، ئەم هەڵبژاردنە بە دەلیلی ئەوەیکە ئەو کێشانەی پێشتر بە تایبەت لەسەر مەسەلەی مانگرتنەکە ببوو وە عەمەلەن ئەوە خۆی شکافێک یا بۆشاییەک، کەلێنێکی درووس کرد کە بە ئاسانی نەئەکرا بە دوو حەفتە دوای ئەوە پڕ بکرێتەوە و ئەو لایەنەی کە ئامادە نەبووە لەو مانگرتنە بەشداری بکات لە هەڵبژاردنا چی قەوماوە لەو فاسڵەی‌دا کە بێت و ڕاگەیاندنی هاوبەش بدرێت، ئێمە خۆمان حازر نەبووین ئەو کارە بکەین، ئەوە دەلیلێکی بوو، دەلیلێکیشی ئەوە بوو بە ڕاستی ئەو مانگرتنە بە بێ ئەوەی حیزبەکانیش پێکەوە ڕاگەیاندن بدەن ئەوەندە بێ بایخ و بێ‌ئەرزشە کە خەڵکی کوردستان بەشداری تێدا نەکەن و خەڵکی ئێران تێدا بەشداری ناکەن وە ئەوە هەموو کەس تەشخیسی ئەوە ئەدات، بۆیە ئەوە هۆنەرێکی گەورە نەبوو کە کۆدەنگی لەسەر بێت و ئەگەر کۆدەنگیش نەبێت لەناوەوە ئەو کۆدەنگیە بوونی هەبوو، جیا لەوە هەموو لایەنەکان بۆ خۆیان ڕاگەیاندنیان داوە، هەرکەسە بە ئەدەبیات و فەرهەنگی خۆی ئەوەی تەحریم کردووە، ئەوە بۆ خۆی باش بوو. ئەو هۆکارانە بوون لە ڕاستیدا ناکۆکی و کەڵێنانەی درووس کرد بەڵام ئێستا بە خۆشییەوە ئەوەیش خەریکە کەم بێتەوە وە هاوکاریانێکی‌ترمان هالەپێشا بە تایبەت لەسەر ئەو وەزعەی کە ئێستا و ئەو فشار و زەختانەی کە کۆماری ئیسلامی لە سەر ئەو حیزبانەی کە هێزی چەکداریان هەیە و لەسەر بارەگاکانیان درووسی کردووە، لەسەر ئەو کۆدەنگی هەیەو لە داهاتوودا پێم وایە شتی هاوبەش جارێکی دیکە تێتەوە ئارا.

قه‌ندیل‌ پرێس: وەکوو پرسیاری کۆتایی، چەند ڕۆژ پێش ئێستا، مەسیح عەلینەژاد لە وتووێژەکانیدا چەند شتێکی لەبارەی مەنشووری جۆرج تاونەوە درکاند و هێرشی کردە سەر ڕەزای پەهلەوی، هەڵسەنگاندنی بەڕێزتان لەم بارەیەوە چییە؟

حه‌سه‌ن ڕه‌حمان په‌نا: جیاواز لەوەیکە مەسیحی عەلینەژاد چی کۆتووەو چی نەکۆتوە، هێرشی کردبێتە سەر کۆڕی شا یان نەیکردبێت، ئێمە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە لەسەر مەنشووری جۆرج تاون رەی خۆمانمان‌دا، ڕاگەیاندنێکمان‌دا، لەوێدا وتمان کە بە جێگایەک ناگات، لایەنێکیش کە بە ناوی کۆمەڵەوە بەشداری تێدا کردبوو وتمان کە لەگەڵ سۆنەتەکانی کۆمەڵە نایەتەوە، لەگەڵ کۆڕی شا و لەگەڵ جەماعەتێکی پان‌ئێرانی واردی نزیکایەتی و دۆستایەتی ببیت کە نەتیجەکەیشمان دی، کە بەهەرحاڵ بە قەولی لایەنێکی کە جیا بوونەوە وتیان کە یەکێک لە هۆکارەکانیان ئەوە بووە. بەهەرحاڵ خۆیان چۆنی تەوزیح ئەدەن با بیدەن، بەڵام ئێمە لەو ڕۆانگەیەوە کە کۆڕی شا ئەزموونی سەڵتەنەت لە ئێرانا هیچ بە پێچەوانەی ئەوانەی کە ئەمڕۆ چاوی خۆیان لە حەقیقەتەکانی پاشایەتی لە ئێرانا دەنووقێنن، حەقیقەتەکان نابینن، دەسەڵاتێکی ڕەش بوو، دەسەڵاتێکی تاوان کارانەبوو، دەسەڵاتێکی جینایەتکارانە بوو، وە لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی زادەی حکوومەتی پاشایەتیە، ئێستەشی لەگەڵ بێت کۆڕی شا نەهاتووە ڕەخنەیەک لە باوک و باپیری بگرێت، قەیناکا کۆڕی ئەوانە بەڵام سیستمەکە ئەوە مانای ئەوە نییە ئەو ئەگەر ئەمڕۆکە فەعالێکی سیاسی بێت ناتوانێ بڵێت من پاشایەتی دێنمەوە، باوڕم بە فلان و فیسار هەیە بەڵام هیچ ڕەخنەیەکیشم لەو ڕابردووە نیە، ئەو هەموو تاوان و جنایەت و کۆشتار و سەرکۆتی تێداکرا. بۆیە ئێمە بەڕاستی پێشتریش پێمان وابوو کە مەنشووری جۆرج تاون بە مردوویی لەدایک بوو، وە ئەو هەراو هەنگاوەیشی، ئەو هەراو هەنگاوەیش لە هێندێک لە سایتەکانی بە ئیمکانات و پڕ بینەری فارسی زمان بۆیان درووس کردن، وە حەولیان‌دا بۆ ئەوەیکە ئاڵتێرناتیوسازی پێبکەن لە بەرامبەری کۆماری ئیسلامیدا، بەڵام ئەوە سەری نەگرت و سەریش ناگرێ، ئەو شێوەیە لە ڕەهبەری لە دەرەوەی موبارێزە، ئەز قەزا مەنشووری جۆرج تاون زەرەری‌دا لە بزووتنەوەی ژینا، ئەو درووشمەی کە هێنایان (مەرد، میهەن، ئابادی) دەقاودەق دژ بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بوو، بێجگە لەمانە، ناسیونالیستهاییکیی ڕادیکاڵی ئێرانین کە لە ناخەوە دژ بە مافەکانی خەڵکی کوردن، دژ بە مافی خەڵکی ئازەربایجان و لۆڕەکان و عەرەب و بەلووچ و هەمووی ئەوانەن، بۆیە ئەمە نەیدەتوانی ببێتە ئاڵترناتیو، وە ئەگەر ئەو تەبلیغاتە گەوەرە و ئەو چەند دەزگای تەبلیغاتیە نەچووباینە پشتی، وە کۆماری ئیسلامیش پێی خۆش بوو کە ئەوە گەورە بکاتەوە و بڵێ بەدیلەکەی ئێمە ئەمانەن، کە هەموویان ڕابردوویەکی جیاوازیان هەبوو، لە هیچ شوێنێکدا نەبینراوە کۆمەڵێک چێهرەی سینەمایی بێن ببن بە ڕەهبەری خەباتی سیاسی یان گۆرانیبێژێک، شتی وا لە هیچ شوێنێک ڕووی نەداوە، بۆیە ئەم مەنشوورە بە باوڕی من بە مردوویی لە دایک بوو وە ماوەیەکی زۆریش عەمری نەکرد، ئێستاش وانییە ئەوان بێن لە خۆیان ڕەخنە بگرن، بەڵام بەو فەرهەنگەو بەو سۆنەتەو سوئیستیفادە کردن لە خەڵک و لەو شۆڕشەی ژن، ژیان، ئازادی ئاکامێکی باشتری لەوە نەدەکەوتەوە، تەبیعی بوو ئەوە بەو نەتیجە بگات کە گەییشت و شتێکی چاوەڕوان نەکراو نەبوو، بۆیە ئێمە نە تەنها لە هیچ نۆعە کۆڕ و کۆبوونەوە و ئاڵتێرناتیوسازیەکی ئاوادا بەشداری ناکەین بەڵکوو بە خەڵک ئەڵێین کە ئەمە زەرەر و زیانەکەی چییە، هەر ئەو کارەیشمان کرد، وە لە جێگای خۆیشیدا هەڵوێستی هێز و لایەنەکان لە چەپ و لە سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان و ئازادی خوازەکان تەئسیری بوو لەسەر لەقاودانی ئەم مەنشوورە وە پووچەڵکردنەوەی تەرح و بەرنامەیەی کە ئەوان بوویان وە هیوایان هەرچی بوو بە ئەمریکاو بە غەرب، خۆ هیوایەکیان بە خۆدی خەڵکی ئێران نەبوو، بۆیە من پێموایە بە جێگایەک نەگەییشت، وە زەرەرمان لێنەکرد ئەگەرچی ئەو مەنشوورە زەرەری گەیاند.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

د. هاشم زێباری: کلیلەکانی ئابووری عێراق لە دەستی هەرێمی کوردستاندایە

وتووێژی “قەندیل پرێس” لەگەڵ دکتۆر هاشم زێباری، مامۆستای زانکۆی جیهان و سیاسەتمەداری کورد، لەبارەی کاریگەری …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *