به‌په‌له

فه‌ریبا محه‌مه‌دی: ناکرێت ئێمە بە ئەقڵیەت و سیسته‌می چەند دەیەی ڕابردوو بۆ کۆمەڵگا بڕوانیین

فه‌ریبا محه‌مه‌دی ده‌ڵێت: “پرسی سەربەخۆیی کوردستان و باس کردنی بەتایبەت لەناو ئەم لایەنەی کۆمەڵە، یا بەگشتی لەنێو کۆمەڵەکان پرسێکیی تازەیە و تازە بەو مانا گەر بیکاتە ستراتژی خۆی نە بەو مانا کە باسی نەکراوە بەڵکوو پرسی سەربەخۆیی کوردستان ڕەنگە لە بەرنامەی هەرکامێک لەکۆمەڵەکانا و لە کۆمەڵەیشا قەدیم بووە، بەڵام ئەوەی کە ئێستا بیکاتە ستراتژی خۆی ئەمە گوتارێکی تازەیە. بۆیە ئەمە پێویستی بە گۆڕانکاریە. هەموشمان باش ئەزانین کە کۆمەڵگای ئێمە و بەتایبەت حزبەکان، بۆ گۆڕانکاری زۆر ئەستەمە ئاسان قبوڵی بکەن و هەمیشە ئەم گۆڕانکاریانە پێویستی بە سەبر و تاقەتێکی زیاترە، بەتایبەت لەمبارەوە کۆمەڵە بە نیسبەت پرسی سەربەخۆییەوە، هێشتا پێویستی بە داماڵینی ئەو نەوعە فیکر و ڕوانینەیە کە کاتی خۆی بەداخەوە لایەن چەپی نەتەوەی باڵادەسەوە ڕەخنەی کردە ناو کۆمەڵە، تا ئێستاش ئاسەواری خراپی ئەم بیرکردنەوە بە سەر جەستە و بیری ئەم کۆمەڵە هەر ماوە. ئەمە بەربەستێکی گەورەیە لەسەر ڕێگای ئێمە. بەڵام بێگۆمان ئەم پرسە، پرسێکە کە ئەبێ باجی بۆ بەین. ئەبێ خۆمانی بۆ ئامادە کەین.”

قه‌ندیل پرێس: سڵاو و ڕێز بەڕێز فەریبا، سپاستان دەکەین ئەم وتووێژەتان لەگەڵ قەندیل پرێس قەبووڵ فەرموو، وەکوو پرسیاری یەکەم، بە گشتی دۆخی ژنان لە ڕوژهەڵاتی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

فه‌ریبا محه‌مه‌دی: ئەم کاتەتان باش، هیوادارم باش بن. سەبارەت بە پرسیاری یەکەم، دۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە حوکمی ئەوەی لەچوارچێوەی ئێران‌دایه، بێ بەری نییە لەو یاسا دژە ژنانەی کە لەیاساکانی کۆماری ئیسلامی هەیە، ئەوە لەلایەک. بوونی سیستمی پیاوسالاری، ئایین و هەموو کلتورە کۆنەکان، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک هەر کۆمەڵگایەکی ڕۆژهەڵاتی بوونی هەیە. ئەمانە هێشتاکە بەربەستی سەرەکین لەسەر ژنان و لەزۆر شوێن و بنه‌ماڵە ئێمە شاهێدی ئەوەین کە ژنان تەنانەت لەسەرەتاییترین مافەکانیش بێبەشن. بەڵام خودی کوردستان بە حوکمی بوونی بزووتنەوەیەک، وە ئەکتیڤ بوونی بەشێکی زۆر لە خەڵک و چالاکانی سیاسی و مەدەنی و بەتایبەت ژنانیش لەم بوارا، ئەبینین دۆخی ژنان تا ڕادەیەک جیاوازە لەگەڵ دۆخی ژنانی دیکە. بزووتنەوەی کوردستان کاریگەری هەبووە لەسەر ئەوەی کە دۆخی کوردستان و دۆخی ژنان بگوڕدرێ، ژنان ببن بە پێشمەرگە، ژنان بەشدار بن لەسیاسەت، ژنان هەوڵ بەن بۆ مافەکانی خۆیان و باس لە پرسی یەکسانی وەک هەموو ئەو پرسانە کەن کە لە کۆمەڵگای کوردستان دا هەیە. بەڵام لەدوای شۆڕشی ژینا ئێمە شاهێدی ئەوەین کە ئەم کۆمەڵگایە، بە حوکمی ئەم بزووتنەوە ئەکتیڤە کە بەردەوام بووە و سیاسەت بەشێک بووە لە کاری کۆمەڵگای کوردستان، ئەمە کاریگەریشی هەبووە لەسەر ژنان و ژنان بەشێکی بەرچاو لە هێز و وزەی خۆشیان تەرخان کردووە بۆ ئەوە؛ هەرچەند ڕەنگە ئەمە زۆر جار دیانی پێدا نەنراوە، یا لەبەرچاو نەگیراوە. بەڵام دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لەم شۆڕشە زۆر زوو ئەبێ بە دروشمێکی سەرەکی، جێگەی خۆی ئەکاتەوە. وە حیجابی ئیجباری وەک هێمایەک کە 45 ساڵە کۆماری ئیسلامی بە سەر ژنان‌دا سەپاندوویە لەوێ ئاگری تێبەرئەدرێ و فڕەدەدرێ. لەوێیەوە شۆڕشێکی سەرتاسەری تەنانەت ئێرانیش ئەگرێتەوە. بزووتنەوەی ژنان و خودی پرسی ژنی چەند هەنگاو بردە بەرەوە. بەڵام ئەوە بەو واتا نییە کە ئێمە پێمان وابێت کە ئیتر پرسی ژن لە ڕۆژهەڵات دا چارەسەر بووە، نا، هێشتاکە ژن هەیە لەسەرەتاییترین مافی بێبەشە. ژن دەکوژرێ، بێ مافی بەرانبەر بە ژنان بێداد ئەکات، وە زۆر کێشەی دیکە. بەڵام بە گشتی گەر تواشا بکەین، خودی ئەم شۆڕشی ژینا و ئەم دروشمە، کاریگەری هەبوو لە سەر گۆڕینی بەشێک لە هزر و بیرکردنەوەی تاکی کۆمەڵگای ئێمە.

قه‌ندیل پرێس: دۆخی ژنان لەناو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

فه‌ریبا محه‌مه‌دی: دۆخی ژنان لەناو حیزبەکان، بێ گۆمان حیزبەکان هەمیشە لەکۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان هێز وەرئەگرن. وە ئەمە کاریگەریان هەبووە لەسەر یەک بە جۆرێک. ئەو ژن و پیاوانەی کە لەکۆمەڵگادا هەن و ڕوو ئەکەن حیزبەکان بە هەمان ڕادە هەر کێشە و گیر و گرفت و هەر خاڵێکی باش و خراپیشیان بێ ئەوانە دێننە ناو حیزبەکان و حیزبەکانیش ئەوانە مۆنتەقل ئەکەن بەوان و بە جۆرێک ئەم ئاڵۆگۆڕە لەنێوان ئەوان دا هەیە. بەڵام حیزبەکان سەرەڕای ئەوەی کە لە 45 ساڵی ڕابردوو بەتایبەت لەدوای ڕووخانی ڕژیمی پالەوی بۆ ماوەیک دەسەڵاتیان لەکوردستان بەدەستەوە بوو، توانیان کاریگەریەکی باشیان هەبێ و بزووتنەوەیەک کە لەکوردستانا هەبووە ڕایگرن و ئەکتیڤ بن، بەردەوام خەڵکیان پێ پەیوەس بێت و لەڕێگای میدیا و ڕاگەیاندنەکانیشیانەوە خزمەتێک کەن بەم بەشەی کۆمەڵگا. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە کە ئەوان کاریگەریان هەبووە لەسەر کۆمەڵگا لەکاتی خۆی، بەڵام وردە وردە دەبینین بە حوکمی داگیرکاری کوردستان و دوور کەوتنەوەی ئەوان، ئەمەش تاڕادەیەک هەتا دێ لاواز ئەبێ. بەڵام ئەو ژنانەی کە ڕوو ئەکەنە حیزبەکان، لەوێ ڕوو ئەکەنە کاری سیاسی، ئەتوانین بڵێین سەرەڕای ئەو هەموو چاوەڕوانیەی کە له حیزبەکان هەیە، بەڵام لەمبارەوە کەمتەرخەمییەکی زۆر ئەبینرێ، ئەویش ئەوەی کە بارودۆخی ژنان لەنێو حیزبەکانا بەو جۆرە نییە کە جێگە و پێگەیەکی تایبەت بە ژنان ببینین لەناویانا یا شیاوی ئەو هەوڵ و قوربانیدان و وزە و هەموو ئەو خزمەتەی ژنان بێ کە لە بزووتنەوەی کوردستانا کردوویانە، ئەوەی کە ئەیبینین بەداخەوە، ڕێژەیەکی کەم لە ژنان ئەتوانن لەنێو حیزبەکانا بمێننەوە. ئەوان هاوکات ئەبێ لەناو حیزبەکان هەوڵ بەن وەک هەر تاکێکی دیکە بۆ بار هێنانی خۆیان، لەپاڵ ئەوەیشا، ئەبێ شەڕی پرسی یەکسانی بکەن لەگەڵ پیاوان، شەڕی دەسەڵات کەن لەگەڵ پیاوان، لەبەر ئەوە ئەم ئەقڵیەتی زاڵی پیاو سالاری و ئەو کلتورە کۆنە ئۆتۆماتیکەن هەر وەک وتم، لەکۆمەڵگاوە دێتە نێو حیزبەکان و حیزبەکانیش لەمبارەوە، لەباری پەروەردەوە کەمتەرخەمن، لاوازن و ناتوانن زۆر زوو بەربەست دروست بکەن لە سەر ڕێگای ئەو کێشە و گرفتانە. هەر بۆیە ئێستا ئێمە ئەبینین لەناو حیزبەکانا، زۆر کەمە ڕێژەی ئەو ژنانەی کەتوانیویانە بەرپرسیارتی بەدەستەوە بگرن، بمێننەوە و درێژە بە خەبات و کار وچالاکی خۆیان بدەن. ئەمە کێشەیەکی واقعییە کە لەئێستادا ئێمە ئەیبینین کە لە شۆڕشی ژینایشا، دیسانەوە ئەم خاڵە لاوازە بە حیزبەکانەوە دیار بوو. زیاتر سیمایەکی پیاوانەیە، پیاوان بڕیاردەرن. وە پیاوانن کە لەسەر چارەنووسی هەموو کۆمەڵگای کوردستان و ناو حیزبەکانیشا، بڕیار ئەدەن. ئەمەش وای کردووە، کە ژنان بەو شێوەی کە لەڕابردووا، ئەگەر بە تایبەت حیزبێ وەکوو کۆمەڵە کە جێگا هیوای ژنان بووە؛ لەمبارەوە ئێستا جێگای ڕەخنە بێت، ژنان کەمتر پەیوەست بن، کەمتر بمێننەوە. ئەمە بەجۆرێک جوابی ئەو چاوەڕوانییەی، کە لەخۆی دروستی کردووە، نەداوەتەوە؛ بۆیە دەتوانین بڵێن بارودۆخی ژنان لەنێو حیزبەکانا، بەداخەوە بە پێی خەبات و ماندووبوونی خودی ژنان نییە، وە ناتوانێ جوابدەرەوەی بەتایبەت ئەم سەردەمە و نەوەی نوێ و ئەم شۆڕشەی ژینا بێ.

قه‌ندیل پرێس: کۆمەڵە چ کاریگەریەکی لەسەر دۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە؟

فه‌ریبا محه‌مه‌دی: کۆمەڵە یەکەم حیزب بووە بەهەرحاڵ ئەمە وەکوو مێژووی کۆمەڵە کە کاریگەریەکی بەهێزی بێ لەکۆمەڵگای کوردستانا لەهەموو بوارەکانا بەتایبەت لەبواری ژنانا. ژنان پەیوەست دەبن بە ڕێزەکانی کۆمەڵە، ژنان بەشدار ئەبن لە سیاسەت و ئەرکدا وە دواییش ئەوان بۆ یەکەمجار سیمای پیاوانەی پێشمەرگە ئەگۆڕن و ژنانیش ئەبن بە پێشمەرگە. ئەمە کاریگەریەکی یەکجار زۆری بوو لەسەر کوردستان. لەسەر بیرکردنەوەی خەڵک لەسەر ئەو ئەقڵییەتی پیاوسالاریە. بۆیە کۆمەڵە لەمبارەوە خاوەن مێژوویەکی پرشنگدارە، ژنانێکی زۆر ئەوکات پەیوەست بوون بە ڕێزەکانی کۆمەڵە. لەڕێزەکانی کۆمەڵە بوون بە پێشمەرگە. سیمای پیاوانەی پێشمەرگایەتییان گۆڕی. خەباتیان کرد، گیانیان لەدەست دا، لەزیندانەکان قوربانیان دا، مقاومەت و بەرخۆدانیان بوو. وە هەتا ئێستا ئەمە بەردەوامە. بۆیە ئەم مێژووە پرشنگدارەی کە کۆمەڵە هەیەتی، بەجۆرێک چاوەڕوانیەکی زیاتری لەکۆمەڵە دروست کردووە. بۆیە کۆمەڵە لەکاتێکدا کە کۆمەڵگای کوردستان، 45 ساڵ لەمەوبەر، کۆمەڵگایەک بوو کە لەزۆر بواردا، کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو بوو، هەم لەبارە کلتوری هەم لەباری ئابووری و هەم لەزۆر بواری دیکە. بەڵام کۆمەڵە دێ باس لەیەکسانی پرسی ژنان ئەکا، سەرەڕای ئەوەی کە بەربەستی زۆری بۆ دروست ئەبێ، بەڵام ئەتوانێ ئەم قۆناخە بە سەرکەوتوویی تێپەڕێنێ. هەربۆیە ئێستا ئەوەی هەموو کۆمەڵەیەکان، شانازی ئەکەین بەو مێژووە پرشنگدارە کە لە کوردستانا هەبووە هەر ئەوەیش وای کردووە کە ئێستا ژنی کورد لەکوردستانا لەڕۆژهەڵاتی کوردستان، جیاواز بێ لەگەڵ بەشەکانی دیکە لە ئێراندا. حزووریان، ئامادەبوونیان، لەهەموو بوارەکانەوە ئەگەر تواشا کەی، ڕوانینیشیان بە نیسبەت زۆر مسایلی دیکە جیاوازە. ئەمەش کاریگەری هەبووە لەسەر ئەوەی کە ئێمە لە شۆڕشی ژینا، ژنان لەکوردستانا، دەور و نەقشی بەرچاو ئەگێڕن. دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ئەبێ بە دروشمێک کە هەموو کەس هەڵئەگرێ. ئەمە نیشان ئەدا کە بەستێنی هەبووە لەکوردستانا و کوردستان خاوەن مێژوو و کلتورێکی کۆمەڵایەتی باشە لەمباره‌وە. هەرچەند وتم بوونی کۆماری ئیسلامی، یاسا دواکەوتووەکان، ئایین، سیستمی پیاوسالاری و کەمتەرخه‌می خودی حیزبەکان، هەمووی ئەمانە دەستیان داوەتە دەست یەکەوە کە نەتوانێ بە پێی پێویست، گەشە بکا.

قه‌ندیل پرێس: وەکوو ژنێکی سیاسەتمەداری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چ داواکاریەکت لە کۆمەڵگا، حیزبەکان و… هەیە کە ژنان بتانن بە مافە ڕەواکانی خۆیان بگەیەن؟

فه‌ریبا محه‌مه‌دی: گەیشتنی ژنان بە مافە ڕەواکانی خۆیان، تەنیا لە قاڵب و چوارچێوەیەکی داواکاری نییە، لەبەر ئەوەی پرسی ژن، زۆر پرسێکی گشتییە ئەمڕۆ لەدنیادا.هەرچەند لە کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەک و لەناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە ئەمە دەگۆڕێ و گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بۆ نموونە ئەوڕۆ ژنان لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی، ئەو کێشە و بەربەستانەی کە ژنان لە رۆژهەڵاتی هەیانە، نیانە. ئەوان چەند قۆناخ چوونەتە پێشەوە. بەڵام هێشتاکە ئەوانیش ڕازی نین لە پرسی ژنان و هەوڵ ئەدەن، بۆ ئەوەی بتوانن پرسی یەکسانی بەتەواوی لە کۆمەڵگاکەیانا بچەسپێ. مەبەستم ئەوەیە کە خەبات بۆ پرسی ژنان و پرسی یەکسانی، خەباتێکی دوور و درێژە. کە پێویستی بە کاری چڕوپڕ و بەردەوامە. هەر بۆیە ئەگەر ئێمە وەکوو رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت حیزبەکان، من وا ئەزانم باشتر وایە کە ئێمە بتوانین بەردەوام نە تەنیا بە نیسبەت پرسی ژنەوە، بەنیسبەت هەموو پرسەکانی دیکە لە کۆمەڵگا خۆمان تازە کەینەوە و خۆمان نوێ کەینەوە. لەبەر ئەوەی کۆمەڵگای ئێمە، کۆمەڵگایەکە وەک هەر کۆمەڵگایەکی دیکە، زیندووە. ئاڵوگۆڕی بە سەردا دێ. نەوەی تازە دێتە مەیدان. خواست و گۆڕانکاریەکانیش گۆڕانیان بەسەردا دێت. بۆیە ناکرێت ئێمە بە ئەقڵیەت و سیسته‌می چەند دەیەی ڕابردوو بۆ کۆمەڵگا بڕوانیین و هەوڵ بدەین چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزینەوە. ئەمڕۆ نەسڵێک لە کۆڕان و کچان یا ژنان و پیاوان هاتوونەتە سەر شەقام یا ئامادەن لەمەیدانا کە خاوەنی بیرکردنەوەو و ئەقڵیەت و ڕوانینی ئەم سەردەمەن. جیاوازن لەگەڵ نەوەی پێش خۆیان. سەرەڕای ئەوەی هەڵگری بەشێک لەو کولتوورە و ئەو نەریتانەن بەڵام جیاوازیشیان هەیە و جۆرێکی دیکە ئەڕوانن و ئەوەش بە حوکمی بارودۆخی ئەوڕۆ لە دنیا دا و ناوچەکە و لەکوردستانیشا. هەربۆیە پێویستە، حزبەکان ئەگەر ئەیانەوێ، وەکوو هەمیشە کاریگەریان هەبێ لەسەر کۆمەڵگا، وە بتوانن بە پێی پێویست وەڵامدەرەوەی ئەو کۆمەڵگا بن و کۆمەڵگاش بە هانایانەوە بێت، وە بتوانن بە دروستی لەو هێزە باشەی یا پۆزۆتیڤەی کۆمەڵگا ئەمانیش بێ بەش نەبن، ئەبێ بتوانن بە ڕوانینێکی ئەوڕۆئیەوە چاو لە کۆمەڵگا کەن. ناتوانن بە ئەقڵیەتێکی پیاوسالاری بە کۆمەڵێک پیاو بە هەمان بیری پیاوسالاری حزبایەتی کەن و چاوەڕێ بن کۆمەڵگاش وڵامیان بداتەوە، نا، بێ گۆمان ئەبێ ئاڵۆگۆڕ لەسەر ساختار و پێکهاتەی فیکری خۆیانا بێنن تا بتوانن ئەم هێزە تازەی کە ئێستا لەکۆمەڵگا هەیە، بتانێ بکەونە ژێر کاریگەری حزبەکان، یا پێکەوە بۆ سەر خستنی پرسی یەکسانی و پرسی نەتەوەیی و باقی پرسەکانی تر خەبات کەن. ژنان دەوری کاریگەر ئەبینن. ژنان لەهەر کۆمەڵگایەک دا نیوەی کۆمەڵگا پێک دێنن. هێز و وزەی ئەوان بۆ کۆمەڵگا زۆر زۆر پێویستە. بۆیە ئەگەر ئێمە بمانهەوێت کاریگەریمان هەبێ لەسەر کۆمەڵگاکە، نابێ بێ تەوجۆ بین بە هێز و وزەی ژنان و نیوەی کۆمەڵگاکە لەبەرچاو نەگرین، نابێ ئێمە گرنگی بە پرسی یەکسانی نەدەین، یان بیخەینە پەراوێزە و یان زۆر جار ئەوە تەنیا بە ئەرکی ژنان بزانین. من وائەزانم هاوکات و هاوتەریب ئەبێ لەکۆمەڵگای ئێمە و لەناو حزبەکانا خەبات بۆ هەموو ئەو پرسانە بکەین. لەبەر ئەوەی کۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە خەباتێکی ئینترسێکشناڵە، کەبتوانێ هەموو ئەمانە لەخۆی بگرێت. و هەنگاوی دروست بنێت و وڵام بداتەوە بە پێویستیەکانی نەوەی تازە و بتوانێ خۆی لەگەڵ ئەوانا ڕێکبخات. بۆیە داواکاریەکەی من ئەوەیە کە ئەبێ لەئەقڵییەتی پیاوسالاری، لە سیستمی کۆن و ئەو ڕوانینەی کە لەڕابردووە هەبووە، دەس هەڵگرین بەڵکو بتوانین ئەمڕۆ، هەم حزبەکانیش بە ڕێبەریەک کە بەشداری بەرچاوی ژنانی تێدا بێت، بە ئەقڵییەت یا ڕوانینێک بۆ پرسی یەکسانی، ئێمە هەنگاو بنێین تا کاریگەریمان هەبێ لەسەر کۆمەڵگا و ژنانیش بتوانن هیوایان هەبێت بە حزبەکان.

قه‌ندیل پرێس: ماوەیەک پێش ئێستا هەواڵێک بڵاو بووەو کە گوایە بەڕێزتان دەنگی پێویستتان بۆ بەشداری لە کۆنگرەی حیزبەکەتان بەدەست نەهێناوە، بەشێک لە چاودێران و شرۆڤەکاران پێیان وابوو کە هەڵوێستەکانی بەڕێزتان لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان و ژن بوونی بەڕێزتان کە ئیحتمالی ئەوەی بوو ببن بە سکرتێری حیزبەکەتان دوو هۆکاری ئەمە بووە، ئەگەر ئیمکانی هەیە با ڕای خۆتان لەمبارەوە بزانین؟

فه‌ریبا محه‌مه‌دی: سەبارەت بەم پرسیارە من پێم وایە پرسێکی ناوخۆییە. بەڵام بێگۆمان هەر ئەوە ئەتوانم بڵێم پرسی سەربەخۆیی کوردستان و باس کردنی بەتایبەت لەناو ئەم لایەنەی کۆمەڵە، یا بەگشتی لەنێو کۆمەڵەکان پرسێکیی تازەیە و تازە بەو مانا گەر بیکاتە ستراتژی خۆی نە بەو مانا کە باسی نەکراوە بەڵکوو پرسی سەربەخۆیی کوردستان ڕەنگە لە بەرنامەی هەرکامێک لەکۆمەڵەکانا و لە کۆمەڵەیشا قەدیم بووە، بەڵام ئەوەی کە ئێستا بیکاتە ستراتژی خۆی ئەمە گوتارێکی تازەیە. بۆیە ئەمە پێویستی بە گۆڕانکاریە. هەموشمان باش ئەزانین کە کۆمەڵگای ئێمە و بەتایبەت حزبەکان، بۆ گۆڕانکاری زۆر ئەستەمە ئاسان قبوڵی بکەن و هەمیشە ئەم گۆڕانکاریانە پێویستی بە سەبر و تاقەتێکی زیاترە، بەتایبەت لەمبارەوە کۆمەڵە بە نیسبەت پرسی سەربەخۆییەوە، هێشتا پێویستی بە داماڵینی ئەو نەوعە فیکر و ڕوانینەیە کە کاتی خۆی بەداخەوە لایەن چەپی نەتەوەی باڵادەسەوە ڕەخنەی کردە ناو کۆمەڵە، تا ئێستاش ئاسەواری خراپی ئەم بیرکردنەوە بە سەر جەستە و بیری ئەم کۆمەڵە هەر ماوە. ئەمە بەربەستێکی گەورەیە لەسەر ڕێگای ئێمە. بەڵام بێگۆمان ئەم پرسە، پرسێکە کە ئەبێ باجی بۆ بەین. ئەبێ خۆمانی بۆ ئامادە کەین. من تەنها هەر ئەوە دەڵێم سپاس و هەربژین.

تێبینیی: به‌رپرسیاریه‌تی دابه‌زاندن و دره‌نگ بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌م وتووێژه له ئه‌ستۆی قه‌ندیل پرێس‌دایه.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

کاوە محەمەد: لە عەقڵییەتی حیزبسالاریدا دامەزراوەکان کراونەتە دیکۆر و قووتی خەڵکیش دەکرێتە قوربانی

قەندیل پرێس – وتووێژ لە کاتێکدا پرۆسەی سیاسی لە عێراق قۆناغێکی نوێی بڕیوە و حکومەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *