قەندیل پرێس
پەیوەندی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوای ساڵی هەزار و نۆسەد و حەفتا و پێنج و بە تایبەت دوای ساڵی نەوەد و چوار هەمیشە لە نێوان کێبڕکێی توندی دەسەڵات و ناچاریی بۆ ڕێککەوتندا بووە و ئەم ململانێ مێژووییە چەندین قۆناغی جیاوازی بڕیوە کە گرژترین و خوێناویترینیان ساڵانی نەوەدەکان بوو کاتێک کێشەکان لەسەر داهاتی گومرگ و دابەشکردنی هەژموونی ناوچەیی گەیشتە ئاستی بەکارهێنانی چەک و خوێنڕشتن و ئەو شەڕە نەک هەر زیانی گیانی و مادی گەورەی بە ژێرخانی کوردستان گەیاند بەڵکو دەروونی تاکی کوردی وردوخاش کرد و هەرێمی کردە دوو زۆنی جیاواز و نەیار بەرامبەر یەکتر.
دوای ساڵی دوو هەزار و سێ و ڕووخانی ڕژێمی پێشوو هەردوو حزب گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە مانەوەیان بەستراوەتەوە بە یەکدییەوە و بۆیە ڕێککەوتنی ستراتیژییان واژۆ کرد و لەم قۆناغەدا شەڕی میدیایی تا ڕادەیەک کپ بوو بەڵام کێبڕکێی ژێرپەردە بۆ کۆنترۆڵکردنی جومگە ئابووری و دارایی و ئەمنییەکان بەردەوام بوو و جارێکی تر ئەم ململانێیانە بە شێوەیەکی توندتر سەریان هەڵدایەوە و بە تایبەت دوای پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق و کێبڕکێی توندی هەردوو لا بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە لە بەغدا گرژییەکان گەیشتنە لوتکە و بوونە هەوێنی قۆناغێکی نوێ لە جەنگی سارد و میدیایی کە تێیدا هەموو سنوورە سیاسییەکان بەزێنران.
لەم چەند ڕۆژەی دواییدا میدیای فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شێوەیەکی چڕوپڕ و بەرچاو هێرشە میدیاییەکانی بۆ سەر پارتی دیموکراتی کوردستان دەست پێکردووەتەوە و بە ڕوونی هەڕەشەی ئەوە دەکات کە دۆخەکە گەیشتووەتە بنبەست و بژاردەی بەردەم هەردوولا تەنها یان سازانی سیاسییە یان لێکترازانی تەواوەتی و ئەمەش وەک فشارێکی سیاسی گەورە لە قەڵەم دەدرێت کە مەترسییەکانی دابەشبوونی کارگێڕی و سیاسی هەرێم زیاتر دەکات و لەم بارەیەوە رۆژنامەوانێک بە قەندیل پرێسی راگەیاند کە ئەم شەڕانەی هەردوو حیزب تەنها لە پێناو پۆست و دەستکەوتی حیزبییە و هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندی باڵای هاوڵاتیانەوە نییە.
ئەم هێرشە توندانەی میدیا لە کاتێکدایە کە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە بارودۆخێکی زۆر خراپی ئابووریدا دەژین و بەدەست نەبوونی مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێنن و هەردوو حزب لە بری دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ بژێوی خەڵک سەرقاڵی تۆمەتبارکردنی یەکترین بە خیانەت و قۆرخکاری داهات و تێکدانی قەوارەی هەرێم و ئەم رەفتارانەش کاریگەری زۆر خراپی کردووەتە سەر ناجێگیری دەروونی کۆمەڵگە و پەککەوتنی هەر هەوڵێکی چاکسازی و دروستبوونی بێهیواییەکی گشتی لای نەوەی نوێ و مێژووش سەلماندوویەتی کە هیچ لایەکیان ناتوانێت ئەوی تر پهراوێز بخات و لە کۆتاییشدا دوای تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی ناچارن بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ دابەشکردنی پۆستەکان.
قەندیل پرێس