٣٧ ساڵ بەر لە ئێستا؛ بۆنی سێو هەموو شاری هەڵەبجەی داگرت و لەبری ئەوەی بۆنی شیرینی ئەو میوەیە ئارامی بە دڵی دانیشتووانەکەیدا بهێنێت، تووشی ئازار و نەهامەتی کردن تاوەکو ئەوەی بووە هۆی شەهیدبوونی پێنج هەزار کەس و چەندان بریندار.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ـی ئازارـی ٢٠٢٥، لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە ١٦ـی ئازاری ساڵی ١٩٨٨، بە دیاریکراوی کاتژمێر ١١:٣٥ خولەکی پێش نیوەڕۆ دەنگی فڕۆکە هەموو شاری هەڵەبجەی داگیر کردو فڕۆکەکان بەسەر شارەکەدا دەفڕین، ئەوەی لەو فڕۆکانە دەکەوتە خوارەوە بۆمب بوو شارەکەی وێران دەکرد، بۆنی سێو بوو خەڵکەکەی لەناودەبرد.
کیمیابارانی هەڵەبجە چۆن دەستی پێکرد؛
بەر لە دەستپێکی کیمیاباران دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئاوێنەی جەنگی نێوان رژێمی پێشووی عێراق و ئێران کە بۆ فراوانکردنی جەنگی نێوان عێراق و ئێران ١٥٨ کۆمپانیای رۆژئاوا و ئەمریکا لە رێگای بازرگانێکی هۆڵەندی بە ناوی ( فڕانس فان ئانرات) ئەم چەکە قەدەغە و گازە کیمیاییانەیان بە سەدامی سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراق و رژێمی پێشوو فرۆشت، بەڵام رژێمی ئەوکاتی عێراق دژی کورد بەکاریهێنا، کە سەردەشت و پیرانشار و مەریوان و بانە و ئیلام و خوڕەمشار و زۆر ناوچەی دیکەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێ بۆردومان کرد و لە ناوخۆی وڵاتی عێراقیش هەزاران کوردی بەو چەکانە شەهید و بریندار کرد بەتایبەت لە هەڵەبجە. تاوەکو ئێستاش کۆمەڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە سکاڵای لەسەر زیاتر لە ٢٥ کۆمپانیا بەتۆمەتی فرۆشتنی چەکی کیمیایی بە رژێمی عێراق تۆمارکردووە.
کاتژمێر ١١:٣٥ خولەک
هەڵەبجەییەکان زۆرجار بۆ میدیاکانیان گێڕاوەتەوە کە ئەو رۆژەی هەڵەبجە بۆردومان کرا دەیان فڕۆکەی جەنگی لە جۆری (سیخۆی و میراج) ئاسمانی شارەکەیان داپۆشی و ١٥ جار شارەکە بۆردومان کرا، کە هەر جارێک ٨ تا ١٠ فڕۆکە بۆمبی هەڵدەدایە خوارەوە و گازەکانی (خەردەل، سیانید و فسفۆڕ)یان دەڕژاند بەسەر خەڵکی هەڵەبجەدا. لە کامێرای وێنەگرەکەی هەڵەبجەوە کە لە مەزاری شەهیدانی هەڵەبجەدا ماوەتەوە دەرکەوتووە؛ کە خەڵک چۆن لەبەر دەرگا، لەسەر جادە، لە ناو ئۆتۆمبێلدا گیانیان سپاردبوو، زیندووەکانیش دۆخیان زۆر دژوار بووە بەوەی کەمێک دەڕۆیشتن و دەکەوتن، چاویان باش نەیدەدی و میزیان بۆ خوێن گۆڕابوو، جگە چەندین منداڵی ساوا دەبینرێن کە لە باوەشی دایک و باوکیاندا گیانیان سپاردووە و چەندین دڵۆپە خوێن لە دەم و لوتیانەوە بەسەر جەستەیاندا رژاوە
کێ هەڵەبجەی کیمیاباران کرد؟
یەکەم روخسار کە هەڵيبجەییەکان رقیان لێدەبووەوە دوای رووداوەکە یاخوود تاوانباری سەرەکیی کیمیابارانکردنى هەڵەبجە و کوردستان عەلی حەسەن مەجید بوو، کە ژەنەڕاڵی پێشووی سوپای عێراق و ئامۆزای سەدام حسێن بوو، ناسرابوو بە عەلی کیمیایی، بەلانیکەمەوە فەرمانى بۆ ٢١ هێرشى کیمیایى لە دژى خەڵکى باشوور و رۆژهەڵاتى کوردستان دەرکردووە کە ١٥ هێرشیان بەتەنها لە هەڵەبجە بووە. عەلی کیمیایی لە وتەیەکدا، بەر لە دەستپێکی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەڵێت، “بەچەکی کیمیای ھەموویان (الاکراد) دەکوژم، کێ بەتەمایە قسە بکات؟”.
قەندیل پرێس