ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس رایگەیاند، ژان نۆویڵ بارۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بەر لە ئەنجامدانی سەردانەکەی بۆ سووریا، بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا دەڵێت، ژان نۆویڵ بارۆ و مەزڵوم عەبدی پێشهاتەکانی سووریایان تاوتوێکردووە و ئاماژەیان بە گرنگیی بەردەوامیدان بە پرۆسەی سیاسیی داوە، ئەمەش بەر لەوەی دوێنێ هەینی 3ـی کانوونی دووەم سەردانی دیمەشق بکات و چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆکی ئیدارەی نوێی سووریا بکەوێت.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ سووریا، داوای لە بەرپرسانی ئیدارەی نوێی وڵاتەکە کردبوو لەگەڵ لایەنی کوردیدا بگەنە چارەسەرێکی سیاسی.
ژان نۆویڵ بارۆ لە دیدارێکیدا لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵی مەدەنی لە دیمەشق، کوردی بە هاوپەیمانی فەڕەنسا ناوبردبوو، داوایکردبوو بە تەواوی لەو پرۆسە سیاسییەدا بەشداربن، کە ئێستا لە سووریا دەستیپێکردووە.
هاوکات ژمارەیەک میدیای عەرەبی وردەکاریی زیاتریان لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و فەرماندەی گشتیی هەسەدە بڵاوکردەوە، بەگوێرەی سەرچاوەکان بارۆ و عەبدی گفتوگۆیان لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کردووە، لەنێویاندا هێرشەکان بۆ سەر بەنداوی تشرین و دروستکردنی هەڕەشە لەسەر کۆبانێ.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا جەختیکردووەتەوە، پێویستە شەڕ لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رابگیرێت و هەسەدە رۆڵی گەورە لە قۆناغی راگوزەری سووریادا ببینێت.
قەندیل پرێس