به‌په‌له

وتووێژیی تایبەتی قەندیل‌پرێس لەگەڵ بەڕێز سەعید سەنەندەجی ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و نوێنەری کەنەکە لە کۆمیتەی “کۆنفرانس بۆ ڕۆژهەڵات”

سەعید سەنەندەجی: کەمتر لە مانگێک پێش ئەم کۆنفڕانسە، حدکا و کۆمەڵەی کوردستانی ئێران لە رێگای نامەیکەوە نووسیبوویان کە بەشداری ناکەن

قەندیل‌پرێس: ئەو هۆکارانەی کە کەنەکە بڕیاریی بەڕێوەبردنی ئەم کۆنفرانسەی‌دا چین؟

سەعید سەنەندەجی: پێش هەموو شتێک پێویستە ئەوە بزانین کە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کەنەکە هەردەم هەوڵیداوە پارت و ڕێکخراو و چالاکانی مەدەنی وسیاسی لە هەرێمە جیاوازەکانی کوردستان لە ژێر یەک ستراتیژی نەتەوەیی کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی هاوکاری و یەکدەنگی لە خەباتی نەتەوەیی کوردستاندا پێش بخات. ئەم کۆنفڕانسەش بەشێکە لە پڕۆگرامە سەرەکیەکان کە بڕیاری ئەنجامی لە کۆنفڕانسی  ١٠٠ ساڵەی دەژ پەیمانی نەگریسی لۆزاندا درا. لەو کۆبوونەوەیەدا، بڕیاردرا کە بۆ هەر بەشێک لە کوردستان (باشوور، ڕۆژئاوا، ڕۆژهەلات، باکور) کۆنفڕانسی تایبەتی بەڕێوە بچیت و لە کۆتاییدا یەک کۆنفڕانسی گشتی بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان بگیرێت.
ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆسەیە دروستکردنی ڕێڕەوێکی یەکگرتوو و هاودەنگیە لەگەڵ پەرسی مافی نەتەوەیی کوردستانیان لە هەمو بەشەکانی کوردستان بۆ بەهێزکردنی خەباتی نەتەوەیی کوردستانیان لە ئاستی یەکگرتوو و هاوئاهەنگدا. بۆیە، کۆنفڕانسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووداوێکی تایبەتی نییە، بەڵکو بەشێکە لە ستراتیژیی سەرەکیەکەی کەنەکە بۆ ڕێکخستن و هاوبەشکردنی هێزە کوردییەکان لە چوارچێوەیەکی گشتی و کاریگەردا.

قەندیل‌پرێس: لە کۆنفرانسی پێشوودا هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشدار بوون، بەڵام ماوەیەک پێش ئێستا هەواڵێک بڵاو کرایەوە کە حدکا و کۆمەڵەی کوردستانی ئێران لە بەشداریی لەم کۆنفرانسە پاشگەز بوونەتەوە، ئایا ئەم زانیارییانە پشتڕاست دەکەنەوە؟ هۆکاری کشانەوەیان بە چی دەزانن؟

سەعید سەنەندەجی: لە کۆنفڕانسەکانی پێشوودا، زۆربەی پارت و هێزە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵات بە شێوەیەکی چالاک بەشدارییان کرد و ئەم بەشدارییە وا کرد کە ئەو کۆبوونەوانە بگەنە  ئەنجامی گرنگ. نمونەیەک لەوە، داوی مانگرتنی گشتی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە دژی حوکمی سێدارەی چالاکوانانی کورد بە دەستی کۆماری ئیسلامی ئیران. وە هەر لە ئەو سەردەمەدا بوو کە  بڕیاردرا کومیتەیک پێک بێت لە ئەندامانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چالاکانی مەدەنی و سیاسی و نوینەرانی کەنەکە بۆ ریکخەستنی کۆنفراسێک بۆ ڕۆژهەڵات.
بەڵام کەمتر لە مانگێک پێش ئەم کۆنفڕانسە، دوو پارتی سیاسی، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی شورشگێڕانی کوردستانی ئێران، بێ بەدواداچوون و بێ هێچ ڕوونکردنەوەیەک، لە رێگای نامەیکەوە بۆ کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنفڕانسەکە نووسیبوویان کە لە کۆنفرانسەکە بەشداری ناکەن. ئەم بڕیارە بۆ ئێمە زۆر نیگەرانی دروست کرد و هەوڵمان دا کە بزانین هۆی دەرچونیان چی‌بوو لە  کۆمیتەکەو بۆ لە کونفرانسەکە بەشداری ناکەن، بەڵام بی وەڵام ماینەوە.
هەرچەند ئێمە ئەم دەرچونەی ئەوانمان وەکوو بڕیارێکی کاتی یا وەک هەڵسەنگاندنێکی ناوخۆیی و دۆخی تایبەتی ئەو دوو پارتییە وەرگرت. بەڵام تا ڕۆژانی کۆتایی پێش کۆنفڕانسەکە هەوڵی زۆر درا بۆ بەشدارکردنەوەی ئەو دووحیزبە بۆ پڕۆسەی ئامادەکاری و بەشداری لە کۆمیتەو و کونفرانسەکەدا. ، بەڵام بە داخەوە وەڵامی بانگەوازنامەی فەرمێکەشيان نەدایەوە. ئەمە بووە هۆی درووست بوونی پرسێارێک بۆ ئێمە: بۆچی ئەم دوو پارتە بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک وازیان لە کۆمیتەی ئامادەکاری هێنا؟ ئایا ئەم ڕەوشتە ڕێگایە بۆ بەهێزکردنی یەکگرتوویی و ڕیزی خەباتی نەتەوەیی؟
پاش دەرچوونی ئەو دوو پارتییە، کۆمیتەی کۆنفڕانسەکە پێکهاتەی ئامادەکارییەکەی گۆڕی و لەجیاتی دانانی پانێڵێک بۆحیزبەکان، چالاکوانان و پسپۆڕان بانگهێشت کران بۆ بەشداری لە چەند پانێڵیکی بابەتیدا. پانێلی یەکەم سەبارەت بە کێشە و دۆخی کۆمەڵگای کوردستان بوو، پانێڵی دووەم سەبارەت بە دەرچوون و سەرچاوەکانی  بزوتنەوەی ڕۆژهەڵات و سێهەمی سەبارەت بە چارەسەرەکان و دۆخی داھاتووی ڕۆژهەڵات و ئێران بوو.
لە کۆتايدا بۆ وەڵامی پرسيارەکەتان، پێم وايە کە ئەم بڕياری بەشدارنەبوونە، هۆکارێکی کاتی هەيە، بەڵام وەڵامی دروستی ئەم پرسيارە لەلای حێزبەکان خۆيانە.

قەندیل‌پرێس: بە ڕای بەڕێزتان، دەستکەوتەکانی ئەم کۆنفرانسە چی بوون؟

سەعید سەنەندەجی: ئەم کۆنفڕانسە، نەک تەنیا لە ڕووی ناوەڕۆکەوە بەڵکو لە ڕووی ڕێکخستنی گشتیدا هەنگاوێکی پێشکەوتوو بوو لە ڕێڕەوی یەکگرتن و هاوکاریی نێوان چالاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

هەرچۆنێک دوو حیزبی ناسراو لە قۆناغەکانی کۆتاییدا وازيان لە هاوکاری هێنا بەڵام تێکەڵبوونی پانێلەکان و بەشداریی گەورەی چالاکانی سیاسی، زانستی، ڕاگەیاندن، کۆمەڵایەتی و پارتەکانی دیکە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زەمینەی گشتی بۆ گفتوگۆ و هاوکاری بەهێزکرد.
لە لایەکی دیکە لە حاشیەی کۆنفڕانسەکە‌دا چەند کۆبوونەوەیەکی نێوان چالاکوانان و نێرەندەکانی گرووپە جیاوازەکان ئەنجام درا کە بۆ داواکردنی پەیوەندی و دەسپێکردنی پڕۆژەی هاوبەش. ئەمە دەرگایە بۆ دروستکردنی بەرەيەکی یەکگرتوو و پەیوەندیدار بوو بە هاوکاری و لە یەک تێگیشتنی  یەک بە یەک، بۆ هاوبەشی لە چالاکیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لە کۆتاییدا، بڕیار درا کار بۆ ئەنجامی کۆنفڕانسێکی گشتیتر هەنگاو بنرێت، بە بەشداریی هەموو پارتی سیاسی و گرووپە مدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ ئەوەی ئەم هەوڵە گەورەتر و ڕێکخراوتر بکرێتەوە.
لەکۆی گشتی، ئەم کۆنفڕسە توانی پەیامێکی ڕوون پێشکەش بکات: تاکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی، لە ناوخۆ و لە دەرەوە، داوای یەکگرتن، هاوبەشی و پلاندانانی ستراتیژیکی گشتی بۆ پێشبردنی خەباتی نەتەویی دەکات. ئەم پەیامە، گەورەترین بەرهەمی ئەم کۆنفڕانسە بوو.

قەندیل‌پرێس: وەکوو کەنەکە لەبارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ داهاتوو ئایا بەرنامەیەکی‌ترتان هەیە؟

سەعید سەنەندەجی: بەڵێ، هەیە، بۆ نمونە، هەوڵ دەدرێت بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی دیکە بە بەشداریی هەموو گرووپە سیاسی و مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم کۆنگرەیە دەبێت بەرزبوونەوەیەکی گرنگ بێت بۆ هاوبەشی و یەکگرتن لە نێوان هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، بۆ پێکهێنانی شێوەیەکی نوێ بۆ هاوبەشی و دەرخەستنی تواناکان، و دەبێت ڕۆڵێکی سەرەکی ببێت لە گەشەپێدانی دیموکراسی و بەرەو پێشبردنی شۆڕشی کوردا. هەرەوەها دامەزراندنی ناوەندێکی توێژینەوەیی و زانستی بۆ چارەسەرکردنی بەردەوامیی ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان بەشێکە لە ئامانجی ستراتیژییەکانی پڕۆگرامەکە.
لە کۆتاییدا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان یەکڕێزی و یەکدەنگی هێزەکانی کوردستان بە بنەما دەگرێت بۆ ئازادی کوردستان لە دەستی داگيرکەران، وە ئەوە شتێکی شارەاوە نییە کە تا یەکرێزی و یەک دەنگی نەبێت، کوردستان لە داگیرکەری ڕزگاری نابێت هەر بۆیە دەرگای کەنەکە بەڕووی هەموو هێزە کوردستانیەکان کراوەیە. ئامانجی ئێمە پەیوەندە بە پێکهێنانی ڕێکخستن وهاودەنگی و یەکرێزی نیشتمانی لە پێناو پاراستنی مافی کوردستانیان.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

د. عادڵ ئەلیاسی: زۆرینەیەکی لاوازی ناو سەرکردایەتی پێیان وایه کە ناوەندی هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستان لە ڕاستیدا بەشێکه لە پڕۆژەی جەنگی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل

وتووێژیی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەڕێز “دوکتور عادڵ ئەلیاسی” ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *