هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی سەردانەکەی دوێنێیان بۆ دیمەشق و کۆبوونەوەی لەگەڵ کاربەدەستانی سووریا، رایگەیاند، پرسیاری زۆریان لە ئەحمەد شەرع کردووە لەبارەی رێککەوتنەکە لەگەڵ هەسەدە.
گوتیشی: “شەرع بە ئێمەی گوت بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی کراوە یەپەگە بە تەواوەتی ناچێتە ناو سوپاوە”.
لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تیڤی100ی وڵاتەکەی، هاکان فیدان باسی لە ژمارەیەک تەوەر کرد، لەنێویاندا ئەو بابەتانەی لە سەردانەکەیان بۆ سووریا باسیان کردووە و ئەو پرۆسەیەی ئێستا لە تورکیا بەڕێوەدەچێت و دەسەڵات بە “تورکیایەکی بێ تیرۆر” ناوی دەبات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی راگوزەر و کاربەدەستانی وڵاتەکە، تاوتوێی بابەتەکانی وزە و هاوکارییەکانیان کردووە و گوتی: “هەروەها باسی رێککەوتنی یەپەگە و دیمەشق و نیگەرانییەکانی تورکیامان کرد، چونکە ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە بابەتە ئەمنییەکانە لە سووریا”، و ئاماژەی بەوەکرد زۆر فاکتەر هەیە بۆ رێککەوتنی هەسەدە و شەرع.
هاکان فیدان بە پێویستی زانی ماددەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت و باسی لەوەکرد، ئەوان چاودێریی دەکەن و گوتیشی: “پرسیاری زۆرمان لە ئەحمەد شەرع کرد لەبارەی رێککەوتنەکە لەگەڵ هەسەدە، ئەو بە ئێمەی گوت بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی کراوە یەپەگە بە تەواوەتی ناچێتە ناو سوپاوە و ئەم بابەتە بۆ ئێمە هەستیارە و ناتوانین گەشبین بین تاوەکو ئەو کاتەی رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت و ئاماژەی ئەرێنی دەبێت”.
فیدان دەڵێت: “ئامۆژگاری دیمەشقیان کردووە مافی کورد لە سووریا بدات” و جەختی لەوەکردەوە، دەسەڵاتی سووریا بیر لەوە ناکاتەوە ئۆتۆنۆمی بداتە کورد. وەزیری دەرەوەی تورکیا هیواشی خواست کورد و عەرەب بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان و دەشڵێت: “پێویستە عەرەب لە ژێر دەستی یەپەگە دەربچن”.
لەبارەی بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانییکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، هاکان فیدان جیاواز لە رابردوو، کە دەستەواژەی سەردەستەی رێکخراوی تیرۆریستیی بۆ ئۆجەلان بەکاردەهێنا، ئاماژەی بەوەکرد، ئەو بانگەوازەی لەلایەن رێبەری دامەزرێنەری رێکخراوەکەوە ئەنجامدرا، تیایدا داوای خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد و هیوادارین پەکەکە بەگوێی بکات.
بە باوەڕی هاکان فیدان، “دەبوو پەکەکە زۆر زووتر خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، خەریکبوو ئەو پرۆسەیە لە 2013دا دەستپێبکات”.
دەشڵێت: “کارەکتەری دیکە ئەوکاتە بە بیانووی سووریا رێگرییان کرد و نەیانهێشت، رەنگە ئەمجارەش هەمان شت رووبداتەوە”.
گوتیشی: “ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە پێویستە پەکەکە بیکاتە زەمینە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەی، چونکە فەرمانی ئیرادەی دامەزرێنەر گرنگە” و ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەیە.
قەندیل پرێس