به‌په‌له

لە 102ـیەمین ساڵیادی پەیمانی لۆزاندا داوای پەیمانێکی نوێ دەکرێت

قەندیل پرێس – راپۆرتی تایبەت – سویسڕا

نێردراوی قەندیل پرێس لە سویسڕا راگەیاند؛ ئەمرۆ 26ـی تەمۆزی 2025 لە ساڵیادی پەیماننامەی لۆزان دژی کورد لە بەردەم ئەو بارەگایەی پەیمانەکە تێیدا بەسترا لە لۆزانی سویسڕا بە بەشداری دەیان پارت و رێکخراوی کوردی و بیانی، ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجام دا بۆ پرۆتەستۆکردنی پەیمانەکە و لایەنەکان دووپاتیان کردەوە، لۆزان چیتر تێپەڕێنراوە و پەیمانێکی نوێ پێویستە.”

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەو ڕێپێوان و گردبوونەوەیەی بە بۆنەی 102ـیەمین ساڵیادی پەیمانی لۆزانەوە بە پێشەنگایەتی 17 بزووتنەوەی کوردستانی لە شاری لۆزانی سویسرا ئەنجام درا.
رێکخەرانی گردبوونەوەکە رایانگەیاند؛ ئەم پەیمانەی بووە هۆی دابەشکردنی کوردستان، سەدەیەکە بەهۆیەوە گەلانی هەرێمەکە و بەتایبەت گەلی کورد مەحکومکراوە بە کۆمەڵکوژی و ئاسیمیلاسیۆن و نکۆڵی. ئەم پەیمانە لە شوێنی واژۆکردنی، بە ڕێپێوان و گردبوونەوەیەکی مەزن شەرمەزار کرا.

نێردەی قەندیل پرێس ئاماژەی بەوە کرد؛ هەزاران کەس کە بە پێشەنگایەتی دەیان بزووتنەوەی کوردستانی لەنێویاندا، کەجەکە و کەنەکە و یەنەکە و بزووتنەوەی گۆڕان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا و کەجەکەدەکە_ئە و تەژەکە_ئە و پەژاک و پیک و پەیەدە، لە گۆڕەپانی (Jean-Monnet)ـەوە بەرەو (Chateau d’Ouchy) کە کۆبوونەوەی پەیمانی لۆزانی تێدا ئەنجامدرا، دەستیان بە ڕێپێوان کرد.
بێجگە لە کوردستانیان، نوێنەری باوەڕە جیاوازەکانی میزۆپۆتامیا و گرووپەکانی پشتیوانی و ڕێکخراوەکانی سویسرا پشتگیری ڕێپێوانەکە دەکەن.
بەشداربووان بە پانکات و درووشمەکانیان دەستبەسەرداگرتنی مافەکان و جیاکاری سیاسی و ئەمری واقیعی زیاتر لە سەدەیەکی لۆزان شەرمەزار دەکەن و ئاماژە بە پێویستی پەیمانێکی نوێ دەکەن بەگوێرەی پێشهاتەکانی هەرێمەکە.
لە گردبوونەوەکەدا پەیامی لایەنەکان بەم جۆرە ڕاگەییێنران؛

زوبەیدە زومروت: هەرگیز قبووڵی ناکەین
پێش ڕێپێوانەکە، هاوسەرۆکی کەجەدەکە_ئە زوبەیدە زومروت دەربارەی ئەنجامە سەختەکانی سەد ساڵەی لۆزان لەسەر کوردان و گەلانی هەرێمەکە قسەی کرد، ڕایگەیاند کورد سەدەیەک دژی ئەم پەیمانە تێکۆشاوە و هەرگیز قبووڵیان نەکردووە و قبووڵی ناکەن، دەبێت ئەم شەرمەزارییە کۆتایی بێت، هەروەها تیشکی خستەسەر ئەو پرۆسەیەی لەلایەن ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کردووە، دووپاتی کردەوە، خەباتەکانیان بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە بەردەوام دەکەن.

ئەگەنبەرگەر: بەبێ کۆتاییهاتنی لۆزان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشتی بەخۆیەوە نابینێت
لەسەر ناوی پارتی سۆسیالیستی سویسرا، جولیان ئەگەنبەرگەر ڕایگەیاند لەڕێگەی لۆزانەوە خیانەت لە گەلی کورد کراوە، هەبوونی کوردی لە نەخشە دابڕی و زمان و کەلتوور و مافی ژیانی ئازادی کورد ڕووبەڕووی نکۆڵی کردەوە، هێشتاش بەردەوامە، گوتی: “بەڵام بەرخۆدانی کورد لە هەموو کاتێک بەهێزترە. پەیمانی لۆزان نەوەک هەر بەسەرچووە، بەڵکو برینێکی کراوەیە. تا دان بەم برینەدا نەنرێت و دادپەروەریی بەدی نەیەت، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشتی بەخۆیەوە نابینێت”.
جولیان ڕایگەیاند تێکۆشانی کوردان بۆ هەموو ئازادیخوازانی جیهان دەبێتە نموونە، پێشێلکارییەکانی دژی گەلی کوردی شەرمەزار کرد، گوتی: “ئێمە داوای کۆتاییهاتنی ستەم و دانپیانان بە مافەکانتان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆتان دەکەین”.

داکوس: دەبێت کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە ڕۆڵی خۆی هەستێت
پەرلەمانتاری پارتی سەوزی کانتۆنی ڤاودی سویسرا، داکوس ڕایگەیاند بەهۆی لۆزانەوە گەلی کورد سەدەیەکە ڕووبەڕووی نکۆڵی بووەتەوە، داوای لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد دان بە مافەکانی گەلی کورددا بنێت و ئازادییان مسۆگەر بکات.

شواپ: دەبێت کۆتایی بە شەڕ بهێنرێت
نوێنەری پارتی کرێکارانی لۆزان، جولیان شواپ ڕایگەیاند پەیمانی لۆزان پرۆژەیەکی ئیمپریالیستییە و شەرمەزارییە بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، ئەنجامەکانیشی بە سەختی بەسەر گەلی کورددا شکایەوە، دەبێت ئەم پەیمانە کۆتایی بێت و پشتیوانی لە گەلی کورد بکرێت، هەروەها تیشکی خستەسەر گرنگی ئەو پرۆسەیەی لەلایەن ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کردووە و ڕایگەیاند دەبێت دەوڵەتی تورک هەنگاوی یەکلاکەرەوە بنێت.
پاشان جەماوەر بەرەو بەرەو (Chateau d’Ouchy) کە کۆبوونەوەی پەیمانی لۆزانی تێدا ئەنجامدرا، دەستیان بە ڕێپێوان کرد. بە پانکارت و درووشم پەیمانەکەیان شەرمەزار کرد. پاش گەیشتنیان بە بینای مێژوویی Ouchy کە پەیمانەکەی تێدا واژۆکرا، ڕێپێوانەکە گۆڕا بۆ گردبوونەوە.

بانگەوازی کەنەکە
لە گردبوونەوەکەدا بانگەوازی کەنەکە لەلایەن هاوسەرۆکی کەنەکە ئەحمەد کاراموس خوێنرایەوە، تێیدا داوا یەکێتیی نەتەوەیی نێوان پارت و ڕێکخراوەکانی کورد کرا، تیشکخرایە سەر گرنگی دانانی ستراتیژێکی هاوبەش دژی ستاتۆی سەپێنراوی لۆزان.

یەنەکە: دەبێت هەڵوێستێکی هاوبەش نیشان بدرێت

نوێنەری یەنەکە، بەختیار شێخانی ڕایگەیاند پێویستە گەلی کورد هەڵوێستێکی یەکگرتووی دژی لۆزان هەبێت، گوتی: “هەرچەند وڵاتەکەمان دابەشکراوە، بەڵام هێزە داگیرکەرەکان نەگەیشتن بە ئامانجەکانیان. لێرە بەدواش، گرنگە ناڕەزایەتیی خۆمان دژی ئەم پەیمانە بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو نیشان بدەین”.

زوبەیر ئایدار: ئێمە ئامادەین بۆ یەکێتیی نەتەوەیی
ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، زوبەیر ئایدار ڕایگەیاند ستاتۆی لۆزان قبووڵ ناکەن، کاتێک ئەم پەیمانە بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت دەبێت وەک کورد لەسەر ستراتیژێکی هاوبەش کۆببینەوە، گوتی: “ئەگەر ستراتیژێکی هاوبەشمان هەبێت، دەتوانین وا بکەین ستاتۆی کوردستان قبووڵ بکرێت. ئەرکی ئێمە ئەمەیە. لێرەدا، کەنەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، ئێمە وەک کەجەکە بۆ بەجێگەیاندنی بانگەوازەکەی نێو ئەم ڕاگەیاندراوە ئامادەین. بۆ هەر شتێک بکەوێتە ئەستۆمان ئامادەین. بۆ کۆنفرانسی یەکێتیی نەتەوەییش ئامادەین ئەرکی خۆمان جێبەجێ بکەین. وەرن ببینە یەک، ئەو لۆزانە هەڵبوەشێنینەوە کە بەسەرماندا سەپێنراوە، ئازادیی گەلەکەمان و ستاتۆی وڵاتەکەمان بنیات بنێین”.

ساڵەح گەدۆ: پاراستنی ڕۆژئاوا ئەرکی هەموومانە
سەرۆکی پارتی دیموکراتیکی چەپی کوردانی ڕۆژئاوا، ساڵەح گەدۆ ڕایگەیاند کوردەکان چیتر وەک سەدەی پێشوو نین، لە هەموو پارچەیەکی کوردستان یەکێتی و هێزی خۆیان نیشانداوە، گوتی: “لە هەر پارچەیەکدا، کوردەکان بە پرۆسەیەکی گرنگدا تێدەپەڕن. دەبێت لەم پرۆسەیەدا یەکبگرین. پرۆسە و بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، بۆ هەموو کوردێک گرنگە و دەبێت پشتگیری لێ بکرێت”، گەدۆ ڕایگەیاند نابێت کەس ترسی لە ڕۆژئاوا هەبێت، گوتی: “ڕۆژئاوا بە خوێنی هەزاران شەهید دامەزراوە، پاراستنی ڕۆژئاوا ئەرکی هەموومانە”.
هەڤاڵ ئەبوبەکر: پرۆسەکە بەرپرسیارێتییەکی مێژووییمان دەخاتەسەر شان
پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر باسی پێشکەوتنەکانی چوار پارچەی کوردستانی کرد، گوتی: “هاوسەنگییەکانی هەرێمەکە دەگۆڕێن، ئەم پێشکەوتنە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی بۆ یەکگرتن لەسەر هەموو کوردێک دەسەپێنێت”.

بانگەواز لە بزووتنەوە کوردییەکان و هێزە نێونەتەوەییەکان
پاشان نوێنەری ڕێکخراوە کوردستانییە بەشداربووەکان قسەیان کرد. لەسەر ناوی پەژاک و گۆڕان و پیک و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا، سریانی و ئاشوورییەکان و چەندین بزووتنەوەی تر قسەکرا، ڕاگەیاندرا گەلی کورد هەرگیز لۆزانی قبووڵ نەکردووە. هەروەها ئاماژە بەوە کرا، لەچوارچێوەی هاوسەنگییە هەرێمی و نێونەتەوەییە نوێیەکاندا، پەیمانێکی جێگرەوە مومکینە. لەژێر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی هەرێمەکەدا، یەکێتیی نەتەوەیی ناچارییە؛ بانگەوازیان لە هێزە نێونەتەوەییەکان کرد دان بەو ناهەقییە مێژووییە بنێن کە 102 ساڵە هەیە، بە پەیمانێکی نوێ پووچەڵی بکەنەوە.

هەروەها بانگەوازێکی کەنەکە بڵاوکرایەوە و بانگەوازەکە لەلایەن ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکی گشتیی کەنەکەوە خوێندرایەوە.

کەنەکە لە بانگەوازەکەیدا تیشکی خستەسەر پێشهاتەکانی چوار پارچەی کوردستان و بانگەوازی یەکێتیی نەتەوەیی لە پارت و ڕێکخراو و کەسایەتی و هەموو کوردستانیان کرد. ئاماژە بەوە دەکات، دابەشبوونەکان بەهۆی لۆزانەوە هێشتا بەردەوامە و ئاستەنگە لەبەردەم ئاشتی و چارەسەر لە هەرێمەکە. کەنەکە دەربارەی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، گەلی کورد هێشتا قوربانی مەزن دەدات، دەڵێت: “تا ئەم ستاتۆیە نەگۆڕێت، قوربانیدان بەردەوام دەبێت”.

لە 24ـی تەموزی 1923دا لە شاری لۆزانی سویسرا پەیمانێكی لە نێوان دەوڵەتانی (بەریتانیا و فەڕەنسا و ژاپۆن و یۆنان و ڕۆمانیا و سڕبیا و كرواتیا و سلوانیا و توركیا) بۆ ناسینی دەوڵەتی نوێی توركیا و پێداچوونەوە بە پەیمانی سیڤەردا كرا، لەم كۆنگرەیەدا (عیصمەت ئینۆنۆ)ی سەرۆك وەزیرانی توركیا وەك نوێنەری توركیا، وەهەروەها (لۆرد كرزن) سیاسەتمەداری ئینگلیز وەك نوێنەری بەریتانیا لەسەر بابەتی ناوچەی موسڵ كەوتنە گفتوگۆیەكی درێژخایەن، توركیا لەبەرئەوەی پەیماننامەی سیڤەری بە زۆرملێ واژوو كردبوو لەبەر دۆڕانی لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا، بۆیە دەیویست حكومەتی نوێ بە چاوێكی دیكەوە سەیربكرێت. لە كۆتاییدا لە 24ـی تەمۆزی 1923 پەیماننامەكە واژوو كرا و پەیماننامەی سیڤەر هەڵوەشایەوە و وڵاتان دانیان بە سنووری توركیادا نا كە سنووری دەوڵەتی عوسمانی بوو لە ئەنادۆڵدا.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

ترەمپ پێشنیاری ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز ڕەتدەکاتەوە

سەرۆکی ئەمریکا لە دوایین پێشنیاری ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و دواخستنی دانوستانە ئەتۆمییەکان ڕازی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *