سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند لەسەر داوای ڕاستەوخۆی سەرکردەکانی سعوودیە، ئیمارات و قەتەر، هێرشە سەربازییە پلانبۆداڕێژراوەکەی سبەی بۆ سەر ئێران ڕاگرتووە، بەڵام جەختی کردەوە کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە حاڵەتی ئامادەباشی باڵادان بۆ هەر ئەگەرێک تا چانس بدرێتە دانوستانەکان، ڕاشیگەیاند هەر ڕێککەوتنێکی داهاتوو دەبێت گەرەنتی تەواو بدات کە ئێران بە هیچ شێوەیەک نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
دووشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) رایگەیاند، ئەو هێرشە سەربازییەی بڕیاربوو سبەی بکرێتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران راگیراوە، ئەوەش دوای دەستوەردان و داواکاریی راستەوخۆی سەرکردە باڵاکانی ناوچەی کەنداو.
ترەمپ ئاشکرای کرد، هەریەک لە شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەر، شێخ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە و شێخ محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات داوایان لێکردووە هێرشە پلانبۆداڕێژراوەکە رابگرێت. بەگوتەی ترەمپ، ئەم سەرکردانە پێیان وایە “دانوستانی جددی لە ئارادایە” و دەکرێت رێککەوتنێک بێتە کایەوە کە بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش پەسند بێت.
سەرۆکی ئەمریکا مەرجی سەرەکی و بنەڕەتی هەر رێککەوتنێکی داهاتووی ئاشکرا کرد و جەختی کردەوە کە دەبێت رێککەوتنەکە گەرەنتی ئەوە بدات کە “ئێران بە هیچ شێوەیەک چەکی ئەتۆمی نەبێت”.
سەرەڕای راگرتنی هێرشەکەی سبەی، ترەمپ هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە حاڵەتی ئامادەباشی باڵادا هێشتووەتەوە.

قەندیل پرێس