به‌په‌له

عەبدوڵڵا ئۆجەلان: “پێشنیازی من ئەوەیە، کورد لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە خۆیان بگونجێنن کە دەرفەتی پەیوەندیی کۆمەڵگەی دیموکراسییان پێدەدەن.”

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە پەیامێکدا بۆ کۆنفرانسی “ئاشتییە سەختەکەی تورکیا” کە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداوەوە رێکخراوە، رایدەگەیێنێت: “پێشنیازی من ئەوەیە، کورد لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە خۆیان بگونجێنن کە دەرفەتی پەیوەندیی کۆمەڵگەی دیموکراسییان پێدەدەن.”

کۆنفرانسەکە ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2025 لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت کە مەبەست لێی ئەنجامدانی گفتوگۆیە لەبارەی داینامیکەکانی چەکدانانی پەکەکە و خۆهەڵوەشاندنەوەی و گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی نێوخۆیی تورکیا.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە: “پیرۆزبایی لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو دەکەم بۆ رێکخستنی ئەم کۆنفرانسە و بەتایبەتیش کە (ئاشتییە سەختەکەی تورکیا) ناونیشانەکەیەتی. ئەم ناونیشانە رەنگدانەوەی راستییەکانە. لە ئەزموونی 40 ساڵەی رابردووماندا چەندین جار لەڕێی ئەزموونی تاڵەوە، سەختیی ئەگەر و دۆخی بەدیهاتنی ئاشتیمان بینی.”

هەروەها دەڵێت: “ئەم جارەش دەرفەتی ئاشتیمان ‘بە سەختی بەدەستخست’، بەڵام بە تەواوی هەستیاری و توانامانەوە هەوڵدەدەین ئەو دەرفەتە بگەیێنینە ئەنجام.”

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاندووە، “ئەگەر ئەم پرۆسەیە لە تورکیا سەرکەوێت، چارەنووسی تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕێت؛ سەردەمێکی نوێی وەها دەستپێدەکات کە ژیانێکی دیموکراسیی پشتئەستوور بە ئاشتی، جێگەی جەنگ و کاولکارییەکان دەگرێتەوە.”

رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ئەم ساڵ بانگەوازی چەکدانانی بۆ گەریلاکانی پەکەکە کرد وەکو هەوڵێک بۆ گەیشتن بە پرۆسەی چارەسەری. لە پەیامەکەیدا هاتووە، “پێشنیازی من ئەوەیە، کورد لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە خۆیان بگونجێنن کە دەرفەتی پەیوەندیی کۆمەڵگەی دیموکراسییان پێدەدەن. من ئەمە بە ‘یەکخستن لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراسی’ پێناسە دەکەم.”

عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت: “بەڕای من پەیوەندیی نێوان کوردانیش پێویستە هەر لەسەر بنەمای یەکێتیی دیموکراسییانە بێت. بانگەواز لە تەواوی کوردان دەکەم بۆ ئەوەی لە زەوینەیەکی دیموکراسیدا کۆببنەوە و یەکبگرن.”

پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە رێگەی میتحەت سانجار، ئەندامی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی لە کۆنفرانسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو خوێندرایەوە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

یەرەکە: ئومێد وەشکەلانی لەلایەن هێزەکانمانەوە سزادرا

یەرەکە ڕایگەیاند، هێزەکانمان لە شاری مەریوان کۆنترایەکیان بە ناوی ئومێد وەشکەلانی سزادا، کە بە هەموو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *